سکای نیوز لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر جولەکەکانی بەڕیتانیا لە لەندەنی پایتەختی وڵاتەکە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تییدا باس لە زیادبوونی دژیاتیکردنیان دەکات.

تەلەفیزیۆنی سکای نیوزی بەڕیتانی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بەکورتیی شیکاریی بۆ هێرشەکەی چوارشەممەی رابردوو دەکات بۆسەر دوو پیاوی جولەکە کە بە چەقۆ هێرشیانکرابوویەسەر.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، هێرشکەرەکە دوای کەمێک لە ئەنجامدانی تاوانەکەی دەستگیرکرا و دواتر مارک رۆوڵی، بەڕێوەبەری پۆلیسی لەندەنیش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاند، تاوانبار کێشەی دەرونیی هەیە و ئەم هێرشانەش بوونەتە دیاردە.

مارک رۆوڵی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بە چەمکێکی دەرونشیکاریی 'ژاک لاکان' گەورە دەرونشیکاری فەرەنسیی سەدەی 20 کرد و وتی، تەواوی گروپە رەگەزپەرست و تیرۆرستییەکان لیستێکیان هەیە کە پڕە لەو کەسانەی رقیان لێیانە، چونکە لە دەرونی خۆیاندا بەردەوام 'کەسێکی دیکە' دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی لۆمەی بکەن بۆ ئەو نەهامەتییانەی لە ژیانیاندا بەسەریاندا دێت.