وەزیری دەرەوەی پاکستان: ئامانجمان قایلکردنی ئێران و ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی
سەوسەن سەید
٥ی ئایاری ٢٠٢٦
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە ئامانجی وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر، قایلکردنی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی.
دار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "ئامانجی پاکستان وەک نێوەندگیر ئەوەیە کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان قایل بکات بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتی، ئەوەش شتێکە کە ناوچەکە و جیهان پێویستیان پێیەتی.
هەروەها دار وتیشی: دڵنیایین لەوەی پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتووە، هەوڵی زۆرمان داوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دیالۆگ، جەختیشی کردەوە کە: هەوڵمان داوە رێگری بکەین لەرودانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و سەرکۆنەی ئەو هێرشانەشمان کردووە کە کراونەتە سەریان.



