ئەکسیۆس بڵاویکردوەتەوە، واشنتن و تاران لە رێککەوتنێکی مێژویی نزیک بونەتەوە، کە لە چوارچێوەی یاداشتێکی یەک لاپەڕەییدا کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەگەیەنێت.

 پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت؛ یاداشتەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن تیمەکە دۆناڵد ترەمپ بە تایبەت ویتکۆف و کۆشنەر لەگەڵ لایەنی ئێرانی گەڵاڵە کراوە و 30 رۆژ دانراوە بۆ  دانوستانێکی چڕی، کە بڕیارە لە ئیسلام ئاباد یان جنێف بەڕێوەبچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان،  تەوەری سەرەکی رێککەوتنەکە بریتییە لەوەی ئێران پابەند بێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە، لە بەرانبەردا واشنتن بەشێوەیەکی پلەبەندی گەمارۆکان لادەبات و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.

هەروەها  هەردوولا رێککەوتوون لەسەر لادانی سنوردارکردنی هاتوچۆ لە گەروی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەشێوەیەکی پلەبەندی لە ماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا.

بەشێکی دیکەی رێکەوتنەکە، ئەوەیە تاران رێگە بە سیستمێکی چاودێری توندی نێودەوڵەتی و پشکنینی لەناکاو بدات و باس لە داخستنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێر زەوییەکانیش دەکرێت.

 بەرپرسانی ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندوە،  کە چاوەڕێی وەڵامی تارانن لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا و هۆشداریشیان داوە، ئەگەر دانوستانەکان هەرەس بهێنن، هێزەکانی ئەمریکا دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی و کارە سەربازییەکان دەستپێدەکەنەوە.