وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە هیچ هۆکارێک بۆ بەردەوامبوونی ململانێکان لە ئێراندا نەماوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: ئەم ململانێیەی کە هەرگیز نەدەبوو روبدات، هیچ پاساوێکی بۆ بەردەوامبوون نییە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: گەییشتن بە چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە، لە بەرژەوەندی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و تەواوی جیهاندایە.
و جەختیشی کردەوە: چین هەمیشە لەو بڕوایەدا بووە کە دیالۆگ و دانوستان باشترین رێگەن و چارەسەری سەربازی هەرگیز رێگەچارە نییە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە چین بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی زیاتر بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە دەنگەکاندا، پڕۆژەبڕیارێکی دیموکراتەکانی شکست پێهێنا کە ئامانجی رێگریکردن بوو لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بەبێ مۆڵەتی راشکاوانە لە کۆنگرێسەوە.
بەهۆی یەکسانبوونی دەنگەکان، پڕۆژەبڕیاری "دەسەڵاتەکانی جەنگ" نەیتوانی زۆرینە بەدەستبهێنێت و پەسەند نەکرا، ئەمەش سەرەڕای پاڵپشتی سێ ئەندامی کۆمارییەکان و دژایەتی تەنها یەک نوێنەری دیموکراتەکان کە ئەویش "جارید گۆڵدن" بوو لە ویلایەتی مەین.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دیموکراتەکان داوا لە ترەمپ دەکەن بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس بۆ داواکردنی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز، جەختیش دەکەنەوە کە بەپێی دەستوور، تەنها پەرلەمان (کۆنگرێس) دەسەڵاتی راگەیاندنی جەنگی هەیە.
هەروەها دیموکراتەکان هۆشدارییان دا لە خلیسکانی وڵات بۆ ناو ململانێیەکی درێژخایەن بەبێ ستراتیژییەکی روون.
سەرچاوە: رۆیتەرز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، واشنتۆن بە وردی چاودێری بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە دەکات کە ساڵی رابردوو بۆردومانیان کرد و لەبن زەویدا ماوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتەکی و چین ماوەی 50 ساڵە سیخۆری بەسەریەکەوە دەکەن.
لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی بە توندی سەرکوت دەکرێت و لە ژێر چاودێریدان.
دەۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛نۆ کامێرایان لە سێ بنکەی جیاوازدا جێگیر کردووە و 24 سەعات چاودێرییان دەکەن؛ ئەگەر ئێران هێز بۆ جوڵاندنی ئەو مادانە بنێرێت، تەنها بە چەند بۆمبێک کۆتاییان پێ دەهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە چینە، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەرگرتنەوەی "تۆزی ئەتۆمی" ئێران کارێکی لەپێشینەیە و تەنها ئەمریکا و چین توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکە ئاڵۆزەیان هەیە.
هاوکات لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە، ترەمپ ئاشکرای کرد کە دەیانەوێت لە رێگەی تێکساس و ئالاسکاوە وزە بۆ چین دابین بکەن، تاوەکو پەکین چیتر تەنها پشت بە گەروی هورمز نەبەستێت.
سەبارەت بە کێشەی سیخوڕی نێوان وڵاتەکەی و چین، ترەمپ بە راشکاوی وتی؛ ئەوان سیخوڕیی بەسەر ئەمریکاوە دەکەن و ئەمریکاش بەهەمانشێوە و ئەوە 50ساڵە بەردەوامە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم ململانێیە بهێنن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپیکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی شی جین پینگی سەرۆکی چینی کرد و وەک سەرکردەیەکی بەڕێز ناوی بردو رایگەیاند ئەگەر هۆلیود بەدوای ئەکتەرێکدا بگەڕێت کە رۆڵی سەرکردەی چینی بگێڕێت، کەسێکی وەک ئەویان بۆ نادۆزرێتەوە، چونکە "ئەو باڵا بەرزە، زۆر باڵابەرزە و بە تایبەتی بۆ ئەم وڵاتە، چونکە بەزۆری کەمێک خەڵکەکەی کورتترن."
ئاماژەی بەوەشکرد سەرۆکی چین ماوەیەکی زۆرە توانیویەتی سەرکردایەتی نزیکەی 1.5 ملیار کەس بکات و لە وڵاتەکەیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت.
بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی رەوشی جیهان، سەرۆکی چین جەختی لەسەر پاراستنی سەقامگیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و پەرەپێدانی هاریکارییەکان کردەوە.
شی جین پینگ، سەرۆکی چین، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری و پەرەپێدانی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
شی جین پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولای تێدایە و پێویستە کار بۆ بەهێزترکردنیان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەردوو وڵات کار بکەن بۆ پاراستنی ئەو "بەرژەوەندییە گەورەیەی" کە لە پەیوەندییەکانیاندا دروست بووە و دوای ماندوبوونێکی زۆر ئەو بەرژەوەندییە بەدەستهاتووە.
شی جین پینگ ئەوەشی خستەڕوو، چین خوازیارە لە کەرتە جیاوازەکانی وەک بازرگانی، تەندروستی، گەشتیاری، کشتوکاڵ و جێبەجێکردنی یاسا، ئاستی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بەرز بکاتەوە.
سەرۆکی چین جەختی کردەوە، بونیادنانی پەیوەندییەکی ستراتیژی و سەقامگیر لەگەڵ ئەمریکا، نەک تەنها بۆ هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیری جیهانیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
هاوکات لای خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ گەشبینی خۆی بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین نیشان دا و رایگەیاند: "پێکەوە ئایندەیەکی ناوازە و گەورەیان دەبێت."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی چین لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری رکابەرییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزە جیهانییە دەکەن.
پنتاگۆن بڕیارێكی وڵاتەكەی بۆ رەوانەكردنی زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمریكا بۆ ئەوروپا راگرت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا "پنتاگۆن" بڕیارێكی وڵاتەكەی بۆ بڵاوەپێكردنی زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمریكی سەر بە لیوایەكی شەڕكەر لە ئەوروپادا راگرت، لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەو سەربازانە بۆ خولێكی نۆ مانگیی لە پۆڵەندا جێگیر بكرێن.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە، بڕیارەكە لە میانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان فەرماندەیی سەربازیی ئەمریكا لە ئەوروپا و یەكە پەیوەندیدارەكانی سوپا راگەیەنراوە و تا ئێستا هۆكاری سەرەكیی پشت راگرتنی بڕیارەكە ئاشكرا نەكراوە.
ئەوەش لەدوای چەند هەنگاوێكی تری دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.
ترەمپ گەیشتە چین و بڕیارە لەگەڵ هاوتا چینییەكەی چەند بابەتێك تاوتوێ بكات لە ناویاندا دانوستانی ئێران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش سەردانەكە بەگرنگ وەسف دەكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێس وەزیری جەنگی وڵاتەكەی و ئیلۆن مەسك سەرۆكی كۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێسكس و لارا و ئیركی كوڕی گەیشتە بەیجینی پایتەختی چین و لەلایەن هان چیەنگ جێگری سەرۆكی چینەوە پێشوازی لێكرا.
بڕیارە ترەمپ سبەینێ لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆكی چین كۆببێتەوە و پێناسی گومرگیی و سزاكانی سەر چین و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و دۆسێی تایوان و دانوستانی ئێران لەگەڵ لێپرسراوانی چین تاوتوێ بكات.
مایك جۆنسن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش رایگەیاند، ترەمپ سنورێكی دیاریكردووە كە مێژویەكی زۆری بەسەردا تێپەڕی بوو و زۆر گرنگ بوو، چیتر گەلی ئەمریكا لەلایەن نەیارەكان یان هاوپەیمانەكانەوە بەكارناهێنرێت و سەردانەكەشی بۆ چین سیاسەتێكی نوێ دادەڕێژێت.
گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بۆ سەر ئێران چوار هەفتەی تێپەڕاند و سێنتكۆمیش دەڵێت، لەو چوار هەفتەیەدا رێگرییان لە تێپەڕبوونی 67 كەشتی بازرگانی لە گەروی هورمز كردووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، گەمارۆیی دەریایی بۆ سەر ئێران بەردەوامە و لە چوار هەفتەی رابردوودا رێگرییان لە تێپەڕبوونی 67 كەشتی بازرگانی لە گەروی هورمز كردووە و رێگەیان بە تێپەڕبوونی 15 كەشتی هەڵگری هاوكاری مرۆیی داوە، چوار كەشتیشیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێساویاساكانی ئەمریكا لەكارخستووە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، فڕۆكەی سەربازی ئێف 35 تایبەت بە هێزی ئاسمانی ئەمریكا بەردەوام بە ئاسمانی گەروی هورمز دەسووڕێتەوە، كە توانای هەڵگرتنی لە هەشت هەزار كیلۆگرام تەقەمەنی هەیە و توانای فڕینی بە خێرایی سەروو خێرایی دەنگ هەیە.
کۆمپانیایەکی ئەمریکی پەیژەی فڕۆکەی سەرۆکایەتی دابین دەکات.
کۆمپانیای "Lift-A-Loft"، کە بارەگاکەی لە ویلایەتی ئیندیانایە، ئەرکی دابینکردنی پەیژە گەڕۆکەکانی فڕۆکەی "Air Force One"ی لە ئەستۆیە.
ئەم کۆمپانیایە لەلایەن خێزانی "بیکتۆل"ـەوە بەڕێوەدەبرێت، کە پسپۆڕە لە دروستکردنی ئامێری بەرزکەرەوەی پیشەسازیی.
لەم دواییانەدا بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی پەیژە کورتەکان لەلایەن جۆ بایدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ڕێگریی لە خلیسکان، هەستان بە دروستکردنی پەیژەی تایبەت بۆ فرۆکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، ناوی براندەکە لەسەر پەیژەکە بەڕونی نوسراوە و بەردەوام لە شاشەی میدیا جیهانییەکانەوە دەبینرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ واشنتۆنی پایتەختی جێهێشتووە و بەرەو کۆماری چین بەرێکەوتووە.
ئەم سەردانە رەسمیە، یەکەم هەنگاوی لەو شێوەیە لە ئاستێکی باڵادا لەلایەن سەرۆکێکی ئەمریکاوە لە ساڵی 2017وە تا ئێستا ئەژمار دەکرێت، کە لەژێر دیدگایەکی ستراتیژیدا بە ناونیشانی: "گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی" ئەنجام دەدرێت.
سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دێت، کە تێیدا کۆشکی سپی هەوڵ دەدات لە رێگەیەوە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ پەکین سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە، ئەمەش لە ناوەڕاستی چاوەڕوانییەکی جیهانیدا بۆ ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لوتکە لەگەڵ سەرکردایەتی چین.
حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی تایفۆن و كەشتیی جەنگی دراگۆن بەشداری لە پاراستنی رێڕەوی كەشتیوانی لە گەروی هورمز دەكات.
جۆن هیلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوە كرد ئامانج لەم هەنگاوە گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ هاتووچۆی كەشتییە بازرگانییەكان و دۆزینەوەی مینە چێنراوەكان.
لای خۆشییەوە ریچارد مارلز وەزیری بەرگری ئوسترالیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردن لە پاراستنی گەروی هورمز دەربری.
ئەمەش دوای ئەوەدێت كە دوێنێ بەریتانیا و فەڕەنسا میوانداری كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی زیاتر لە 40 وڵاتیان كرد كە تیایدا پلانە سەربازییەكان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی جموجۆڵی كەشتیوانی و پاراستنی گەرووی هورمز تاوتوێ كران
لێپرسراوێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا "پنتاگۆن" هۆشداریدا لە بەرزبونەوەی تێچوی جەنگی ئێران و رایگەیاند بە گوێرەی خەمڵاندنەکانیان تێچوەکە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێكدایە هەفەتەی رابردوو بە 25 ملیار دۆلار خەمڵێندرا بوو.
جۆڵز هێرستی، جێگری وەزیری دارایی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پیراندا رایگەیاند، کە تێچوی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار.
ئەم بڕە پارەیەی پنتاگۆن رایگەیاندوە، بەراورد بەو خەمڵاندنەی، کە کۆتایی مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە، بە بڕی چوار ملیار دۆلار زیادی کردووە.
هێرست ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم زیادبونە بەهۆی تێچووە نوێکراوەکانی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستە سەربازییەکان و هەروەها خەرجییەکانی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
ناوبراو لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم ئامارانەدا، کە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری و ژنراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئامادەی بوون، جەختی کردەوە کە تیمەکانی ئەرکانی هاوبەش و دارایی بەردەوام خەریکی پێداچوونەوەن بەو خەمڵاندنانەدا.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر پنتاگۆن لە 29ی نیساندا تێچووی جەنگەکەی بە 25 ملیار دۆلار مەزەندە کردبوو، بەڵام ئێستا بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا دەڵێن؛ خەمڵاندنە نوێیەکە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار و ئەگەری گۆرانکاری زیاتریش هەیە.
لە کاتێکدا جیهان بە وردی چاودێری ڤایرۆسی هانتا دەکات، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن، کە رۆژی 19ـی ئەم مانگە یەکلاکەرەوە دەبێت لە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییەدا.
ئەم رێککەوتە وەک رۆژێکی چارەنووسساز بۆ دیاریکردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی "نەوەی سێیەم"ـی تووشبوان لێی دەڕوانرێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەناو گەشتیارانی کەشتییەکی نێودەوڵەتیدا تۆمارکراون و نیگەرانییەکی زۆریان لە ناوەندە پزیشکییەکاندا دروستکردووە.
سەرچاوەی سەرەکی ئەم مەترسییە نوێیە بۆ ناو کەشتیی گەشتیاریی "ئێم ڤی هۆندیۆس" دەگەڕێتەوە، کە تێیدا ڤایرۆسەکە لەناو سەرنشینەکانیدا بڵاوبووەوە و تا ئێستا بە رەسمی سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان پشتڕاستکراونەتەوە.
دیارترینیان پیاوێکی هۆڵەندی تەمەن 70 ساڵە بە ناوی "لیۆ شیلبێرورد" کە وەک "نەخۆشی سفر" یان سەرچاوەی یەکەمی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەناو کەشتییەکەدا دەناسرێت، دوای ئەویش هاوسەرەکەی و ژنێکی ئەڵمانی تر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییان و کاریگەرییەکانی ئەم ڤایرۆسە بکوژەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکرد لێپرسراوانی تەندروستی جیهانی بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەکی تەواوەوە.
سەبارەت بە گرنگی زانستیی رۆژی 19ی ئایار، دکتۆر "ستێفن کوای" و گروپێک لە شارەزایانی بواری پزیشکی ئاماژە بەوەدەکەن: کە ماوەی مانی ئەم ڤایرۆسە لە جەستەدا، واتە ماوەی نێوان تووشبوون تا دەرکەوتنی نیشانەکان، بە تێکڕا 22 رۆژە.
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لە سەرنشینانی کەشتییەکە پێش ئاشکرابوونی ڤایرۆسەکە لە 24ـی نیساندا گەشتەکەیان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە ناو وڵاتەکانی خۆیان، ئەگەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لە دەرەوەی ژینگەی کەشتییەکە روویدابێت، ئەوا پێشبینی دەکرێت نیشانەکانی نەوەی سێیەمی تووشبووان لە دەوروبەری 19ـی ئایاردا بە روونی دەربکەون.
هاوکات تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆنفرانسێکدا جەختی لەوە کردەوە: کارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و پێویستی بە وردبینی زیاتر هەیە، هەرچەندە تا ئێستا نیشانەی بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی جیهانی لە ئارادا نییە، بەڵام بەهۆی درێژیی ماوەی ڤایرۆسەکە، ئەگەری بینینی حاڵەتی نوێ لە هەفتەکانی داهاتوودا هەیە.
هەموو چاوەکان لەسەر رۆژانی داهاتوون بۆ تێپەڕاندنی ئەم مەترسییە، ئەنجامەکانی ئەم چاودێرییە چڕە دەریدەخەن کە ئایا ڤایرۆسی هانتا دەبێتە هەڕەشەیەکی جیهانی تر یان لە چوارچێوەی ئەو بازنە دیاریکراوەدا دەمێنێتەوە و کۆنترۆڵ دەکرێت.
جێی ئاماژەیە؛ پسپۆڕانی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە رێنمایی دەدەن، کە پێویستە رێکارە خۆپارێزییەکان لە بەرزترین ئاستدا بن و هەماهەنگی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت، تا تێپەڕبوونی ئەم وادە هەستیارەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.
پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەسەر مامەڵەکردنیان لەگەڵ تاراندا رایگەیاند، پلانیان هەیە جەنگ دژی ئێران پەرەپێبدەن، وەک چۆن پلانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی جددیەتی و گرنگی بابەتەکە، لەلای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئێستادا نایانەوێت هەنگاوی داهاتویان دژی ئێران ئاشکرا بکەن.
پیت هیگسێس جارێکی دیکە دڵنیایدا، کە تاران ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و رێککەوتن یاخود دووبارە هێرشکردنە سەر تاران لە بژاردەکانی بەردەستیانن.
لای خۆشیەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا( سێنتکۆم) رایگەیاندوە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکانی لە دەریای عەرەبی و گەمارۆی سەر ئێران جێبەجێ دەکات.
ئەمریكا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێران سزای بەسەر ژمارەیەك كەس و قەوارەدا سەپاند كە لە هۆنگ كۆنگ و ئیمارات و عومانن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، سزای نوێی بەسەر سێ كەس و نۆ قەوارەدا سەپاندووە كە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوەە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، قەوارانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە چواریان دامەزراوەی هۆنگ كۆنگن و چواری تریشیان قەوارەی ئیمارات و یەكێكیان قەوارەی عومانن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا راشیگەیاندووە، ئەو سێ كەسەی لە لیستی سزاكاندان، پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.
دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا ویلایەتی ئەلاباما یەکێک لەو دوو بازنە هەڵبژاردنەی کە زۆرینەی دەنگدەرانیان لە رەشپێستەکان پێکهاتووە هەڵوەشانێتەوە، ئەوەش پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمساڵ.
ئەم بڕیارە دوای حوکمێکی دادگای باڵا لە مانگی نیساندا دێت کە بازنەیەکی هەڵبژاردنی خاوەن زۆرینەی رەشپێستی لە ویلایەتی لوویزیانا پووچەڵکردەوە، بەو پێیەی بە "دابەشکارییەکی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رەگەز" و نادەستووری لەقەڵەم دا، ئەمەش بووە هۆی لاوازکردنی یەکێک لە بەندەکانی یاسای فیدراڵی مافی دەنگدان بە شێوەیەکی بەرچاو.
بەرپرسانی ئەلاباما پشتیان بە کەیسەکەی لوویزیانا بەست بۆ داواکردنی کۆتاییهێنان بە فەرمانێکی دادوەری کە ویلایەتەکە پابەند دەکات بە بەکارهێنانی نەخشەیەکی هەڵبژاردن کە لەلایەن دادگاوە سەپێنراوە تا دوای سەرژمێری ساڵی 2030.
دادگای باڵا ئەو فەرمانەی هەڵوەشاندەوە و داوای لە دادگایەکی نزمتر کرد کە دووبارە چاو بە کەیسەکەدا بخشێنێتەوە لەبەر رۆشنایی بڕیارەکەی تایبەت بە لوویزیانا.
ئەم هەنگاوە رێگا بۆ ویلایەتەکە خۆش دەکات ئەو نەخشە هەڵبژاردنە پەسەند بکات کە لە ساڵی 2023 لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە (کە کۆمارییەکان باڵادەستن تێیدا) دەرچووە، کە تەنها یەک بازنەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت کە ڕەشپێستەکان تێیدا زۆرینە بن.
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری چەند لێپرسراوێکی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەکات ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن و نەگەنە رێککەوتنێکی جێگیر.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن ماوەی 10 رۆژ چاوەڕێی وەڵامی تاران بوو بۆ ئەوەی رەشنووسی پێشنیازێک کە جەنگەکە بەیەکجاریی کۆتایی پێبهێنێت، بگاتە دەستی و کۆشکی سپی گەشبین بوو کە هەڵوێستەکانی ئێران بەرەو رێککەوتن هەنگاو بنێن، بەڵام وەڵامەکەی تاران کە رۆژی یەکشەممە گەیشت، نەرێنی بوو و وەک ئەوە نەبوو کە ئەمریکا چاوەڕێی دەکرد.
لەلایەکی دیکەشەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئێراندا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە و لە رەوشێکی خراپ دایە و خەریکە گیان دەسپێرێت.
هاوکات ماڵپەڕەکە، بەپێی لێکدانەوەی لێدوان و وتەی لێپرسراوە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا لەبارەی رەوشەکەوە، شرۆڤە و شیکارێکی بۆ ئەو ئەگەرانە کردووە کە لە ئەگەری شکستهێنانی یەکجارەکیی ئاگربەستەکە، دەشێت رووبدەن و ئەمانەن:
1. . یەکێک لەو بژاردانەی ترەمپ تاوتوێی دەکات، دەستپێکردنەوەی "پڕۆژەی ئازادی"یە، کە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکایە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز.
2. بژاردەیەکی دیکە، دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی بۆردومانکردن و لێدانی %25ـی ئەو ئامانجانەیە کە سوپای ئەمریکا دەستنیشانی کردوون بەڵام تا ئێستا لێی نەداون.
3. حکومەتی ئیسرائیل داوا لە ترەمپ دەکات فەرمانی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکان بدات بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەڵام ترەمپ دوودڵە چونکە کارێکی زۆر مەترسیدارە.
سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین و نێوەندگیریکردنی ئەو وڵاتە:
ترەمپ لە کاتی بڕیارداندا چاوی لە گەشتەکەی ئەم هەفتەیەیەتی بۆ چین و چاوەڕوانیش دەکرێت، رۆژی چوارشەممە گەشت بکات و هەینی بگەڕێتەوە. لێپرسراوانی ئەمریکا پێیان وانییە پێش گەڕانەوەی لە چین بڕیاری دەستپێکردنەوەی جەنگ بدات و چاوەڕوانیش دەکرێت، ترەمپ لەگەڵ 'شی جینپینگ' سەرۆکی چین، باسی جەنگی ئێران بکات؛ چونکە چین فشاری لە ئێران کردووە رێککەوتن بکات، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.