رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، کارمەندێکی خزمەتگوزاری کڕیاران لە بانکێکی ئەمریکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بە رووی پاپا لیۆی چواردەیەمدا داخستووە، کە ویستبووی زانیارییەکانی پەیوەندیکردنی نوێ بکاتەوە.

رۆژنامەکە لە زاری قەشە تۆم ماککارثی، کە هاوڕێیەکی نزیکی پاپایە، گواستوویەتییەوە: پاپا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا خۆی ناساندووە و وتوویەتی کە دەیەوێت ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانەکەی لە تۆمارەکانی بانکەکەدا بگۆڕێت.
 پاپا وەڵامی هەموو پرسیارە ئەمنییەکانی داوەتەوە، بەڵام کارمەندەکە پێی وتووە ئەوە بەس نییە و پێویستە خۆی بە شەخسی سەردانی بانکەکە بکات. پاپاش پێی راگەیاندووە کە ناتوانێت ئامادە بێت.

ماککارثی دەشڵێت پاپا بە کارمەندەکەی وتووە: ئایا هیچ دەگۆڕێت ئەگەر پێت بڵێم من پاپا لیۆم؟

بەگوێرەی گێڕانەوەی رۆژنامەکە، دوای ئەم پرسیارە، کارمەندی بانکەکە "هێڵەکەی داخستووەتەوە."

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە قەشە تۆم ماککارثی ئەم چیرۆکەی هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاتۆلیکەکانی شاری (ناپەرڤێڵ) لە ویلایەتی ئیلینۆی گێڕاوەتەوە، هەروەها لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بۆ "نیویۆرک تایمز" راستی رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

لە کۆتاییدا هاتووە کە کێشەی بانکەکە لە رێگەی دەستێوەردانی قەشەیەکی بێناو چارەسەر کراوە کە پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکەکەوە هەبووە.