دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێنراوە، ئاماژەی بەوەش دا کە تاران چیتر خاوەنی هێزی دەریایی یان ئاسمانی نییە.

ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کردەوە سەربازییەکان بوونەتە هۆی تێکشکاندنی ئەو توانایانە بە شێوەیەکی گشتی و کوژرانی سەرکردە سەربازییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوەی ئێستا رودەدات تەنها پێکدادانێکی سەربازی بچووکە، و ئێران هیچ دەرفەتێکی نییە لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا و هەرگیز نەیبووە.

هەروەها وتی: رژێمی ئێران لە کۆمەڵێک کەسی "نەخۆشی دەروونی" پێکهاتووە، و جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن ئەوانەی بە "شێت" وەسفی کردن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا زۆر سەرکەوتووانە کار دەکات، و جەختی کردەوە کە لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە.