مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند،  پڕۆژە بڕیارێکی نوێ پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد،  پڕۆژە بڕیارەکە بە هەماهەنگی و بەشداریی وڵاتانی (سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین) ئامادەکراوە، داوا لە ئێران دەکات بە زووترین کات هێرشەکانی رابگرێت و واز لە چاندنی مین و وەرگرتنی باج لە گەروەکە بهێنێت.

رۆبیۆ وتیشی، لە بەشێکی تری پڕۆژە بڕیارەکەدا هاتووە، کە دەبێت تاران شوێن و ژمارەی ئەو مینانە ئاشکرا بکات کە لەو ناوچە ستراتیژییەدا چاندونی و هاوکاری نێودەوڵەتی بکات بۆ پوچەڵکردنەوەیان.

جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجەکان قبوڵ بکات و هەریەکە لە ویتکۆف و کۆشنەر بە چڕی کار لەسەر رێگەی دیپلۆماسی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو  کێشەيیە.