فەرمانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر 70 وڵاتدا خرایە بواری جێبەجێكردن، كۆشكی سپیش دەڵێت، ئەمریكا بەهۆی فەرمانەكەی ترەمپەوە نزیكەی 130 ملیار دۆلار قازانجی كردوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس بڵاویكردەوە، لەئەمڕۆوە بە ملیار دۆلاری باج و پێناسی  گومرگی دەڕژێتە خەزێنەی ئەمریكا.

پەیامەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە بڕیاربوو فەرمانەكەی بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر ئەو 70 وڵاتەدا لە هەینی رابردووەوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام كۆشكی سپی جێبەجێكردنی فەرمانی سەرۆكی ئەمریكای بۆ حەوتی مانگ  دواخست.

بە پێی فەرمانەكەی ترەمپ باجی گومرگی بە رێژەی 15٪ بەسەر وڵاتانی ئەوروپا تا كۆریای باشور و ژاپۆن دەسەپێنرێت و رێژەی باجی سەپەینراو بەسەر بەریتانیا و فیلیپین و پاكستان و ڤێتنام بە رێژەی 10 بۆ 20٪ دەبێت و  باجی هیندستانیش لە 10٪ەوە بۆ 50٪ بەرز كراوەتەوە.

ئەمریكا پێناسی گومرگی بە رێژەی 10 تا 50٪ی بەسەر ئاسن و دەرمان و ئۆتۆمبێلی هەناردەی 70 وڵاتدا سەپاندوە و بە وتەی كۆشكی سپی ترەمپ ئامانجییەتی  باج لەسەر هەندێك كاڵا كە هاوردەی ئەمریكا دەكرێت بە رێژەی 100٪ بەرز بكاتەوە.

كۆشكی سپی رایگەیاندوە زیادكردنی باجی گومرگی لە لایەن ترەمپەوە بوەتە هۆی ئەوەی ئەمریكا لە قۆناغە سەرەتاییەكانی ئەو فەرمانەدا 127 ملیار دۆلار قازانج بكات.