سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەری هەیە بەمزوانە لەگەڵ پوتن و زێلێنسكی كۆببینەوە، كۆشكی سپیش دەڵێت هەفتەی داهاتوو ترەمپ و پوتن كۆبوونەوەی لوتكە ئەنجامدەدەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەرێكی بەهێز هەیە زۆر بە زووی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا روسیەكەی و ڤلۆدیمێر زیلینسكی هاوتا ئۆكراینیەكەی ئەنجامبدات، بەبێ ئەوەی وادە و شوێنێك بۆ ئەم لوتكەیە دیاری بكات، كە ئامانج لێی كۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی نێوان مۆسكۆ و كێڤە.

ئەوە قسانەی ترەمپ لە كاتێكدایە، كۆشكی سپی رایگەیاند، ترەمپ بەنیازە لە هەفتەی داهاتوودا چاوپێكەوتنێك لەگەڵ پوتن، ئەنجام بدات، دواتر دیدارێكی سێ قۆڵی لەگەڵ زێلێنسكی، ئەنجام بدات.

لای خۆشیەوە ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دووپاتیكردەوە ئێستا ئیدارەی ئەمریكا باشتر لەو مەرجانە تێگەیشتووە كە روسیا دەوێت تا كۆتایی بە شەڕی ئۆكراین بهێنێت، وتیشی، پێیوایە ئێستا زیاتر نزیكبونەتەوە لە كۆتایههێنان بە شەڕی ئۆكراین.