لەنێوان ئەرێنی بوونی ئاشکرای ئەمریکا و خۆپارێزیی روسیادا، نیشانەکانی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی بەردەوامی ئۆکراین دەردەکەون، کە ناونیشانەکەی "رێککەوتنی گەورە"یە و کلیلەکەشی ئەو دیدارەیە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە مۆسکۆ کۆکردەوە.

کۆبوونەوەکە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بە "زۆر بەرهەمدار" وەسفکراو بەپێی بەیاننامەی کرملین "بونیادنەر و بەسوود" بوو، جارێکی دیکە گرەوی دانوستانی سیاسی زیندوو کردەوە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازدا کە پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دێت کە ئەمریکا بۆ روسیای دیاریکردووە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.

مۆسکۆ – واشنتۆن: دیدارێکی دەگمەن و مۆڵەتێکی کورت

لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، پەیوەندی بە سەرکردایەتی روسیاوە کرد لە مۆسکۆ، لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەی سیاسیی بەرچاوی هەڵگرتووە.  بەپێی لێدوانە رەسمیەکان، گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک پوتین، جەنگی ئۆکراین و ئاسۆی باشترکردنی پەیوەندییەکانی روسیا-ئەمریکای گرتووەتەوە.

سەرۆک ترەمپ، گەشبینی خۆی لە ئەنجامەکانی دیدارەکە نەشاردەوە و رایگەیاند کە هەندێک لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە "پێشهاتە ئەرێنییەکان" ئاگادار کردووەتەوە.  بەڵام ئەم ئەرێنی بوونە رووبەڕووی مۆڵەتێکی کاتیی روون دەبێتەوە: تەنها دوو رۆژ مۆسکۆ لەو سزایانەی ئەمریکا جیادەکاتەوە کە ترەمپ هەڕەشەی کردبوو لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.

زمانی دوولایەنەی مۆسکۆ: کراوەیی وریایانە و ئاگادارکردنەوە لە کات

سەرەڕای جەختکردنەوەی کرملین لەسەر لایەنی بونیادنەری گفتوگۆکان، لێدوانەکانی دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا، رەنگدانەوەی روویەکی دیکەی هەڵوێستی رووسیا بوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن "کاتی دەوێت" و روونیکردەوە کە "سستبوونی پەیوەندییەکان" لە نێوان پوتین و ترەمپ، ئەگەری گەڕانەوەی خێرا بۆ رێڕەوی ئاسایی ئاڵۆز دەکات.

پێسکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ماوەیەکی زۆرە هەردوو سەرۆک کۆنەبوونەتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ قووڵایی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە هێشتا بوونی هەیە، سەرەڕای هەوڵی پڕکردنەوەی لە رێگەی ویتکۆف – پوتینەوە.

زیلینسکی: فشارە بەردەوامەکان و جووڵەی دیپلۆماسی هاوتەریب:

لە بەرامبەردا، زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرین، لە رۆژانی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن چڕکردووەتەوە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ترەمپ، هەردوولا "بژاردەکانی پەرەسەندن"یان تاوتوێ کردووە و زیلینسکی ئاشکرای کرد کە داوای سەپاندنی "سزای زیاتر"ی بەسەر روسیادا کردووە.

زیلینسکی جەختی لە گرنگی "فشاری راستەوخۆ" لەسەر مۆسکۆ کردەوە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناتۆ بەرەو بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراین هەنگاو دەنێن. هۆڵەندا هاوکاری سەربازی بە بەهای 580 ملیۆن دۆلاری راگەیاندووە کە بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، هەروەها سویدیش بە بڕی 275 ملیۆن دۆلار بەشداری کردووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی لەگەڵ دانیمارک و نەرویجدا.

مارک کیمیت: هیچ شتێک لەم دانوستانەدا بەخۆڕایی نییە

مارک کیمیت، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە لەگەڵ سەرۆک پوتن کاربکات بۆ ئاگربەست،" بەڵام وتیشی: "ئەمە بەخۆڕایی نابێت."

کیمیت روونیکردەوە کە سەرۆک ترەمپ ئەرێنی بوونێکی روون نیشان دەدات، بەڵام بەردەوامی ئەم ئەرێنی بوونەی بەستەوە بە ئاستی وەڵامدانەوەی پوتنەوە. "ئەگەر پوتن ئامادە نەبێت سازش بکات، ترەمپ بە ئەرێنی نامێنێتەوە،" و زیادی کرد کە لەوانەیە ترەمپ ناچار بێت پەنا بۆ "هانەدەری نەرێنی" ببات ئەگەر روسیا لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بێت، کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سزا ئابوورییەکان.

سەرۆکی روسیا: ئامانجەکانی جەنگ نەگۆڕاون؟

کیمیت پێیوابوو کە پوتین "دەیەوێت ئامانجەکانی جەنگی خۆی بپارێزێت،" و ئەمەش هۆکاری خۆپارێزییەکەیەتی تا ئێستا بەرامبەر بە پێشنیازەکانی ئەمریکا.  ناوبراو هۆشداریدا کە لەوانەیە سەرۆکی روسیا بە جددی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ نەداتەوە، بەڵکو هەوڵبدات "جەنگەکە درێژ بکاتەوە" بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەیدانی.

وتیشی: "پوتن لەوانەیە وابزانێت کە رۆژئاوا لە جەنگەکە ماندوو بووە" و زیلینسکی ناتوانێت پایتەختە رۆژئاواییەکان قایل بکات کە بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکاری، بەڵام زیادی کرد: "پوتن بۆی دەرکەوت کە ئەم بۆچوونەی هەڵە بووە... رۆژئاوا ئارامگرییەکی زۆری نیشانداوە و ئامادەیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراین تا جەنگ بەردەوام بێت."

مۆڵەتی 8ی ئاب: هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە یان کارتێکی فشار لە پێناو دانوستان؟

سەرەڕای باسکردن لە مۆڵەتێکی یەکلاکەرەوە کە لە 8ی ئاب کۆتایی دێت، کیمیت هۆشداریدا لە زیادەڕۆیی کردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بەروارەدا وەک "هێڵی سوور." بە بڕوای ئەو، "هیچ بەروارێکی دیاریکراو لە مێشکی سەرۆک ترەمپدا نییە... هەموو شتێک جێگەی دانوستانە، جا چ ژمارەکان بێت یان بەروارەکان یان تەنانەت خودی دانوستانەکانیش."

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەوانەیە ترەمپ مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە ئەگەر ئاماژەی ئەرێنی لە مۆسکۆوە ببینێت، و وتیشی: "سەرۆکی ئەمریکا پێشتر نەرمی نواندووە و ناتوانرێت پێشبینی هەڵسوکەوتەکانی بکرێت." بۆیە، لەوانەیە 8ی ئاب کۆتایی چیرۆکەکە نەبێت.

تۆپەکە لە گۆڕەپانی پوتین دایە:

لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، کیمیت وتی: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی پوتین دایە" و داهاتووی ئەم دەستپێشخەرییە بەندە بە وەڵامی کرملینەوە لە کاتژمێرە کەمەکانی داهاتوودا. ناوبراو نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە وەڵامی روسیا "کەم و لەوانەیە پابەندکەر نەبێت،" کە لەوانەیە دۆخەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی زیاتری ببات.