ئەكسیۆس: كوبا پلانی هەیە هێرشی درۆنی بۆسەر ئەمریكا ئەنجامبدات
لاوان
١٧ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەم وێنەیە بە زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە
ئەمریكا ئەو وڵاتەی لەماوەی نزیكەی ساڵ و نیوێكدا بە سەرۆكایەتی ترەمپ، شەش بۆ هەشت جەنگی نێوان وڵاتانی راگرتووە، ئێستا گیرۆدە و شەكەتی جەنگی ئێرانە و دووریش نییە بەم نزیكانە بەرەیەكی تری جەنگ بەرویدا بكرێتەوە.
ماڵپەری ئەكسیۆس لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای هەواڵگری ئەمریكاوە ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2023دا كوبا زیاتر لە 300 درۆنی سەربازیی لە روسیا و ئێران وەرگرتووە و لەوكاتەشەوە لە هاڤانای پایتەختی ئەو وڵاتە بەنهێنی هەڵگیراوە، سەرجەم درۆنەكانیش پێشكەوتوون و توانای جیاوازیان هەیە لە گۆڕەپانی جەنگدا.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەری ئەكسیۆس، بەم دواییانە كوبا دەستیكردووە بە ئامادەكردنی پلانێك بۆ هێرشكردنەسەر ئەمریكا بەو درۆنانە و ئامانجەكانیشی، سەربازگەیەكی ئەمریكا لە كەنداوی گوانتانامۆیە لەگەڵ كەشتییە سەربازییەكانی ئەمریكا لەو نزیكانە، ترسیش هەیە ئامانجێكی تری كوبا شار و دوورگەی گەشتیاریی كی وێست بێت لە ولایەتی فلۆریدا لە ئەمریكا، كە تەنها 90 میل لە باكووری هاڤاناوە دوورە.
ئەكسیۆس ئاماژەی بەوەشكردووە، زانیارییە هەواڵگرییەكان زۆر لەوە زیاترن كە ببنە پاساوی ئەمریكا بۆ هێرشكردنەسەر كوبا، كە لەئێستادا راوێژكاری سەربازیی و ناوەندی هەواڵگریی هەردوو گەورە دوژمنی ئەمریكا ئامادەییان هەیە ئەوانیش روسیا و ئێرانن.
لێپرسراوێكی هەواڵگری ئەمریكا بۆ ئەكسیۆس دەڵێت، ئەمریكا بە ئێستاشەوە ترسی لە كوبا نییە، بەڵكو ئەوەی ترسی بۆ دروستكردووە بوونی راوێژكاری سەربازیی دوو گەورەترین دوژمنی ئەمریكایە لەو وڵاتە لەگەڵ چەند گروپێكی مافیایی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە كوبا كە دەستڕۆیشتوون لەو وڵاتە، بەتایبەتی بەهۆی نزیكی شوێنی جوگرافییانەوە لە ئەمریكاوە.
دەشڵێت، ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگری ئەمریكا پێداگری كردووە، نابێت كوبا ببێتە سەكۆیەك بۆ دوژمنانی ئەمریكا بۆئەوەی ئەجێندا دوژمنكارییەكانی تێدا جێبەجێ بكەن لە رۆژئاوا.
ئەكسیۆس ئاشكرایكردووە، مانگی رابردوو كوبا داوای درۆن و كەرەستەی سەربازیی لە روسیا كردووە و هەوڵیش دەدات، بەپێی شێوازەكانی ئێران بەرپەرچی هێرشەكانی ئەمریكا بداتەوە.
پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریكاش رایگەیاندووە، ماوەیەكی زۆرە ئەمریكا ترسی لەوە هەیە دوژمنەكانی، كوبا بەكاربهێنن بۆ هێرشكردنەسەر كەناراوەكانی ئەمریكا، لێپرسراوێكی تری ئەمریكاش دەڵێت، سەربازانی كوبا بەشێكن لە یارییە دوژمنكارانەكەی روسیا دژی ئەمریكا و ئێستا فێری تەكتیكی شەڕی ئێران دەكرێن، پێشتریش پێنج هەزار سەربازیان بەشداری جەنگی دژی ئۆكراینیان لەگەڵ روسیا كردووە و لەوەوە ئاشنابوون بە گرنگیی و كاریگەریی بەكارهێنانی درۆن لە جەنگدا.
ترەمپ لە خولی یەكەم و دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەمریكا، كوبای وەك دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆر لە قەڵەم داوە و بە سەری مارەكە دەیبینێت بۆ بۆچوونی شۆڕشگێرانەی ئەمریكای لاتین، لە سەرەتاكانی ئەمساڵیشدا وتی، رەنگە ئەو شەرەفەی پێبڕێت كوبا داگیر بكات.



