لەگەڵ تێکچوونی زیاتری رەوشی ناوچەکەدا، ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانیان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ململانێ دژی تاران گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان و زانیارییەکانی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی، هەردوو وڵات نەخشەیەکی وردیان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی هاوبەش داڕشتووە کە چەندین کەرتی ستراتیژی لە ناوخۆی ئێران دەکاتە ئامانج.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران زیادیان کردووە و واشنتۆن دەیەوێت لە رێگەی ئەم پلانەوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و رێگری لە پەرەپێدانی زیاتری تواناکانی تاران بکات.

ژێرخانی نیشتمانی و وزە:

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، بانکی ئامانجەکانی ئەم هێرشە بە شێوەیەکی فراوان دیاریکراوە و لە چەندین ئاستی جیاواز پێکدێت، یەکەمین ئامانج، پێکانی ژێرخانی نیشتمانی و کەرتی وزەی ئێرانە، کە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دامەزراوەکانی سوتەمەنی دەگرێتەوە، ئامانجی ئەم کارە پەکخستنی تەواوی جووڵەی ئابوری و خزمەتگوزارییە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

سیستمی بەرگری و سەربازی:

سیستمی بەرگری و بنکە موشەکییەکان وەک بەشێکی سەرەکی لە پلانەکە دیاریکراون بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە و رێگە بۆ هێرشی تر خۆش بکرێت.

تیرۆرکردنی لێپرسراوان:

میدیاکانی ئیسرائیل ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە رووی سیاسی و فەرماندەییەوە، پلانەکە هەوڵی "بێسەرکردەکردنی" ئێران دەدات، فڕۆکە جەنگییەکان و سیستمی موشەکیی پێشکەوتوو کار بۆ تیرۆرکردنی لێپرسراوە باڵاکانی تاران دەکەن تاوەکو ناوەندی بڕیاردان پەکبخەن.

جوڵاندنی هێزی زەمینی بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە:

جگە لەوەش، باس لە ئەگەری جووڵاندنی هێزی تایبەت بۆ سەر خاکی ئێران دەکرێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان تێدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنها لە ئاسمانەوە نابێت، بەڵکو رەنگە رەهەندی زەمینیشی هەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکان.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن لە سەعاتەکانی سەرەتای هێرشەکەدا، ئێران بە هاویشتنی دەیان موشەکی بالیستی بۆ ناو قوڵایی خاکی ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، بەپێی وتەی لێپرسراوە سەربازییەکان، پێشبینی دەکرێت بەهۆی توندیی گورزەکانەوە، قەبارەی وەڵامدانەوەکانی تاران بە تێپەڕبوونی کات بەرەو کەمی بچێت، ئامانجی کۆتایی واشنتۆن و تەلئەبیب ئەوەیە کە تاران ناچار بکەن لە پێگەیەکی لاوازەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەموو مەرجە پێشوەختەکان بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی قبوڵ بکات.

ترەمپ بڕیار دەدات؟

دۆناڵد ترەمپ و راوێژکارەکانی رۆڵێکی سەرەکی لەم پلانەدا دەگێڕن و نەخشەی هێرشە گشتگیرەکەیان ئامادە کردووە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندووە، تاران دەبێت لە نێوان رێککەوتن یان لەناوچوون یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانیی ئەوتۆی نەماوە و رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چونکە مەترسییە بۆ سەر جیهان، بڕیاری کۆتایی لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی چین دەدرێت، تاوەکو هەموو رەهەندە نێودەوڵەتییەکان رەچاو بکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی "بی ئێف ئێم"ی فەرەنسی راگەیاند، ئێران بە کاتێکی زۆر نالەباردا تێپەڕدەبێت ئەگەر نەگاتە رێککەوتن لەگەڵمان، ئاماژەی بەوەشكردووە، نازانم بەم زووانە دەگەنە رێککەوتن یان نا بەڵام باشترە ئێران رێککەوتن بکات.

ئەم ئامادەکارییە چڕانە نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەترسیداردایە، ئەگەر ئەم پلانە سەربازییە وەک ئەوەی داڕێژراوە جێبەجێ بکرێت، رەنگە نەخشەی سیاسی و سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی بگۆڕێت، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیارەکانی واشنتۆن و تەلئەبیبن تا بزانرێت ئایا ئەم هەڕەشانە دەبنە راستییەکی مەیدانی یان وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی بۆ سەر ئێران دەمێننەوە.