ئەنجیل دزامبازکی پەرلەمانتاری بولگاری لە پارتی بزوتنەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو، دوای کۆتایی ھاتنی بەشدارییەکی بە سڵاوێکی نازییانە بە ڕووی بەشداربواندا، ھۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپای بەجێھێشت.
سڵاوکردنی ئەو پەرلەمانتارە مایەی شۆکێکی گەورە بووە، بۆ سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامەکانی و (ڕۆبەرتا میتسولا) سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاش ڕایگەیاند، سڵاوی فاشییەت قبوڵکراو نییە و مایەی نیگەرانییە بۆ خۆی و سەرجەم ئەوروپا.
جەختیشیکردەوە، ئەوان ماڵی دیموکراسیەتن و دژی ھەڵسوکەوتی لەو شێوەیە دەوەستنەوە، داواشکراوە لەسەر ئەوە ھەڵسوکەوتە، سزای ئەو پەرلەمانتارەی بولگاریا بدرێت.
ھەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا لە کاتێکدایە، دەزگای دادی ئەوروپا بریاڕیدا بە ڕاگرتنی ھاوکاریی دارایی بۆ پۆڵەندا و ھەنگاریا، ئەگەر پابەند نەبن بە بەڵێنەکانیان سەبارەت بە سەروەریی یاسا لە وڵاتەکانیاندا.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی ئۆکراین و گروپە جوداخوازەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی دونباس بەردەوامە و جاربەجار دەنگی تەقینەوە دەبیسرێت.
میدیای روسیا بڵاویکردەوە، ھێزەکانی سەر بە حکومەتی ئۆکراین چەند گوللە ھاوەنێکیان ئاراستەی گوندەکانی ناوچەی دونباس کردووە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، گوللە ھاوەنەکان لەلایەن گروپە جوداخوازەکانەوە تەقێنراون بۆئەوەی سوپای ئۆکراین لە شەڕێکی خوێناوەی تێوەبگلێنن.
چاوێرانی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی ئاسایش و ھاریکاری ئەوروپاش رایانگەیاندووە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا دەنگی نزیکەی ٥٠٠ تەقینەوە لە ناوچە سنورییەکانی ئۆکراین بستراوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئوستن لەگەڵ ماریۆش بلاشاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند، سوپاسی پۆڵەندا دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ھێزی زیاتری سوپای ئەمریکا، کە ھەموو پێداویستییەکی لۆجستیان بۆ دابین دەکات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ڕوسیا ئۆکراین داگیر بکات، ئەوا ھەزاران ئاوارەی ئۆکراین ڕوو لە پۆڵەندا دەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، ڕوسیا ھەڕەشە لە ھاوسێکانی دەکات و ئەوان ھەموو ھاوکارییەکی ئۆکراین دەکەن، بۆ ئەوەب بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیکردەوە، ڕەوشەکە پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیەکی بە کۆمەڵ ھەیە لە دژی ڕوسیا و ھەموو ھۆکارێک بەکاردەھێنن بۆ پشتیوانی لە ھاوپەیمانەکانیان.
پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارێکدا، ئیدانەی رەوشی مرۆیی لە ئێران دەکات دژ بە کەمینەکان و داواشی کردووە فشار بخرێتە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە، بۆ سەرکوت نەکردنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بواری ژینگە، داواشیکرد سزای زیندانیانی سیاسی و دەستگیرکراوان بەھۆی ئازادی رادەربڕین نەدرێت و ئازاد بکرێن.
پەرلەمانی ئەوروپا داواشی لە حکومەتی ئێران کرد سزای لەسێدارەدان ھەڵبوەشێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو کاتەوەی "ئیبراھیم رەئیسی" بووەتە سەرۆکی ئێران، سزای لە سێدارەدان زیادیکردووە، کە ژنانیش دەگرێتەوە و زیاتریش بەسەر کەمە نەتەوەکان جێبەجێ دەکرێت.
لێپرسراوانی بزووتنەوەی تاڵیبان گیانلەدەستدانی ئەو منداڵەیان راگەیاند، کە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە کەوتۆتە بیرێکی قوڵەوە لە گوندی "شوکاک" لە ویلایەتی "زابل" لە باشوری خۆرھەڵاتی ئەفغانستان، ئەو منداڵە ناوی "حەیدەر"ە و تەمەنی نۆ ساڵ بووە و دوای دەرھێنانی لە بیرەکە و لە رێگەدا بەرەو نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
"مەلا محەمەد یەعقوب" وەزیری بەرگری تاڵیبانیش رایگەیاند، منداڵەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبیرەکەدا ماوەتەوە و سەرباری ھەوڵەکان نەتوانراوە ژیانی رزگار بکرێت.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە"و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا "مەھەپە" رێکەوتون یاسای ھەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بگۆڕن و بەربەستی ھەڵبژاردن بکەن بە رێژەی ٧٪ کە لە ئێستادا بەربەستی ھەڵبژاردن ١٠٪یە.
بەپێی زانیارییەکان پڕۆژەی یاسای ھەڵبژاردن تەواوکراوە و بڕیارە لەسەرەتای مانگی ئاداری داھاتوو لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، ھاوکات بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەو ھەوڵانە رەتدەکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو گۆڕانکارییە سودی بۆ پڕۆسەی دیموکراسی نییە.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ھیچ کات وادەیەکی دیاریکراویان سەبارەت بە ئەگەری ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دیاری نەکردووە، تەنھا ئاماژە بەوە دراوە کە روسیا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشە دەکات.
وتیشی، مەترسییەکانی ئەمریکا سەبارەت بەو ھێرشە ھیچ نەگۆڕاوە، ئەگەرچی روسیا باس لە کشانەوەی ھێزەکانی دەکات لەسەر سنور.
ھاوکات مارگریتا روبیلس وەزیری بەرگری ئیسپانیا رایگەیاند، ناتۆ ھیچ وادەیەکی دیاری کراوی بۆ ئەنجامدانی ھێرشی روسیا دەستنیشان نەکردووە.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردەوە، ١٠ کاروانی سەربازی دوای کۆتاییھاتنی مانۆڕەکانیان، نیمچە دوورگەی "کریما"یان بەجێھێشتووە.
میدیاکانی روسیاش بڵاویانکردوەتەوە، ھێزی حکومی سەر بە کییڤ تۆپھاوێژیان ئاڕاستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جودایخوازییەکان لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین کردووە، کە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دەکرێن، ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتنەکانە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ.
لیژنەی یاسایی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە" بەمەبەستی بەرگریکردن لە خۆی داوایەکی پێشکەش بە دادگای دەستوری ھەمیشەیی تورکیا کردبوو بۆ ئەوەی ماوەی بەرگریکردنەکەی درێژبکرێتەوە، کە ماوەی بەرگریکردنەکەی لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢ کۆتایی دێت.
لیژنەی یاسایی ھەدەپە راشیگەیاندوە، دادگای دەستوری ھەمیشەیی وەڵامی داواکاریەکەی ھەدەپەی داوەتەوە، ماوەی ٦٠ رۆژی بۆ بەرگری لە خۆکردن درێژکردوەتەوە.
بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا پێویستە لیژنەی یاسایی ھەدەپە لە ٢١ ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرگریی سەرەکی خۆی پێشکەش بکات، ھەروەھا لە بڕیاری دادگای دەستوریدا راگەیەنراوە، پارێزەران دەتوانن ھەموو پەڕاوەکانی دۆسیەکە ببینن.
عەلی باقری کێنی جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، دوای چەندین ھەفتە لە گفتوگۆی چڕوپڕ، زیاتر لە ھەر کاتێکی تر لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی لەسەر ھەموو بابەتەکان رێکنەکەون، واتە لەسەر ھیچ شتێک رێککەوتن نەکراوە.
وتیشی، کاتی ئەوە ھاتووە لایەنی خۆرئاوا بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران دوای ئەوە دێت کە ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئێران تەنھا چەند رۆژێکی کات ماوە، بەپێچەوانەوە قەیرانێکی جددی سەرھەڵدەدات.
شاھین فەتحی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی مانگی سوری تاران رایگەیاند، لەگەڕەکی شیریندەری رۆبات کەریم، بەھۆی دزەکردنی غازی ماڵان، تەقینەوە لە بینایەکی سێ نھۆمی روویداوە و بەھۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆی تریش برینداربوون.
وتیشی، باری تەندروستی ژمارەیەک لە بریندارەکان ناجێگیرە و ئەگەری بەرزبووەنەوەی ژمارەی قوربانیانی رووداوەکە لەئارادایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی تەقینەوەکەوە بیناکە بە تەواوەتی داڕماوە و بەھەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی و مانگی سوری تارانیش توانیویانە ژمارەیەک کەس لەژێر داروپەردی بیناکە رزگار بکەن.
بە پێی ئامارێکی ناوەندی گومرگ و پاراستنی سنوورەکان، مانگی ڕابردوو ١٥٣ ھەزار و ٩٤١ حاڵەتی پەڕینەوەی کۆچبەران کۆچبەران لە سنوورەکانی باشووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک تۆمار کراوە، ئەوە دووەم نزمترین ئاماری مانگانەیە لە مانگی شووباتی ٢٠٢١ەوە.
ڕاشیگەیاند، مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ٤٦١ ھەزار و ١٨٦ کۆچبەر پەڕیوونەتەوە، کە ٦ ھەزار و ٧٧٥ کۆچبەریان بە پێی یاسای کۆچی ئەمریکی گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ساڵی ٢٠١٥ لە ھەڵمەتی بانگەشەی سەرۆکایەتییدا، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەڵێنی دروستکردنی دیوارێکی جیاکەرەوەی لەسەر سنوورەکانی نێوان وڵاتەکەی و مەکسیکدا و دوای دەستبەکاربوونیشی لە کۆشکی سپی، چەندین جار بودجەی بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە جیاکەرەوەیە تەرخان کرد.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕووسیا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی سەربازەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین، ھاوپەیمانیەکانی ناتۆش بەرگریی لە خاکی ھەموو ئەندامانی ھاوپەیمانیەکە دەکەن.
ھەر لە بارەی گرژییەکانەوە، کۆشکی سپیی ئەمریکاش ڕایگەیاند، ڕووسیا حەوت ھەزار سەربازی تری لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین جێگیر کردووە.
لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی ڕووسیا بڵاویانکردەوە، حکومەتی مۆسکۆ جێگری باڵیۆزی ئەمریکای لە مۆسکۆ ئاگادارکردووەتەوە وڵاتەکەی بەجێبھێڵت، لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی بڕیارەکەی ڕووسیای کرد.
"بایدن" لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەداوە، کشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی روسیا لە ناوچە سنورییەکانی ئۆکراین ھەنگاوێکی باشە، بەڵام دڵنیا نین لەوەی ئەو ھێزانە بەرەو شوێنی سەرەکی خۆیان دەڕۆن یاخود نا.
"بایدن" راشیگەیاند ئەمریکا ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەنگاوێکی سەربازی روسیا دژی ئۆکراین و ھیوای خواست چانس بدرێت بە سەرکەوتنی رێگەچارەی دیبلۆماسی.
بایدن دەڵێت ، ئێمە خەڵکی روسیا ناکەینە ئامانج، ناشمانەوێت رەوشی روسیا ناجێگیر بکەین، دەمەوێت بە خەڵکی روسیا بڵێم ئێوە دوژمنی ئێمە نین، پێشم وانییە کە کەس جەنگێکی خوێناوی و وێرانکەری بوێت.
وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشێک لە ھێزەکانیان لە نیمچە دوورگەی کریما کشاندۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مانۆڕە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە کۆتایی ھات، کەلوپەلە سەربازییەکانیشیان لەڕێی شەمەندۆفێرەوە گەڕاندۆتەوە شوێنی خۆی.
بەڵام "بن واڵاس" وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاندووە، ھیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر کشانەوەی روسیا لە نزیک سنورەکانی ئۆکراین، وتیشی بەپێی کردارەکانی روسیا کاردانەوە و ھەڵوێستیان دەبێت.
"مارتن گریفیس"یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند ، نەتەوەیەکگرتوەکان نیگەرانە لە رەوشی سەدان منداڵ کە لە گرتوخانەی غوێران گەمارۆدراون و پێویستە بە زوترین کات ئەو منداڵانە رزگاربکرێن و بگوێزرێنەوە شوێنی پارێزراو و تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە.
لە مانگی رابردوودا تیرۆریستانی داعش پەلاماری گرتوخانەی غوێرانی حەسەکەیان دا ماوەی شەش رۆژ پێکدادان لە نێوان داعش و ھێزەکانی ھەسەدە بەردەوام بوو ، بەپێی ئامارەکان لەو شەرەدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژران .