فۆزە یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی (پەیەدە) ڕاگەیاند، لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ڕۆژئاڤا پێویستە ھەموو ناکوکیەکان لە نێوان دیمەشق و قامشلۆ وەلا بنرێن و پلانێکی ھاوبەش دابنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا.
ھەروەھا جەخت لە کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەکاتەوە و ئاشکراشیکردووە، ھەڵوێستی ئەمریکا بۆ دیالۆگی کوردەکان لەگەڵ دیمەشق نەرێنی نابێت.
بە پێی میدیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستان، گروپەکانی نزیک لە تورکیا ٦ کەسیان لە ناوچەکانی شێراوا و جندرێس و ماباتا ڕفاندووە، ھەروەک لە ناوەندی شاری عەفرین کەسێکی خاون پێداویستی تایبەت لەلایەن گروپێکی چەکدار بە ناوی (جەبھەت شامییە) ڕفێندراوە و تا ئێستا چارەنووسی ڕفێندراوەکان دیار نییە.
ھاوکات، گوندی کەشتعار و فڕۆکەخانەی منغ لە ناوچەی شەھبا و گوندەکانی ئاقیبە و بێنە و سوغانکی لە ناحیەی شێراوا، لەلایەن سوپای تورکیا و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتە تۆپباران کراوە و ھێرشەکە زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ھەر ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل، رەزامەندیاندا لەسەر پێدانی سیفەتی کاندید بە ئۆکراین و مۆڵدۆڤا، بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتییەکە، بەڵام رەتیانکردەوە بە پێدانی ئەو سیفەتە بە جۆرجیا و داوایان کرد ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ئەو وڵاتەدا ھەن بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا چارەسەر بکرێن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیش پێشوازی لەو بڕیارە کرد و رایگەیاند، بڕیارێکی بێھاوتا و مێژووییە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکراین و یەکێتی ئەوروپا.
پێشتریش ئۆرسۆلا ڤۆن دیرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە ئۆکراین کردبوو چاکسازی بکەن، بۆئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا ئەندامێتییان قبوڵ بکرێت.
سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە درێژەی ھەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی گومانیانن لێدەکرێت دەستیان ھەبووبێت لە سوتانی دارستانەکانی مارماریس، لە ئێستاشدا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە تۆمەتبارێکیان دەستگیرردوە کە تەمەنی ٣٤ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی مارماریسە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو کەسە بەھۆی ناکۆکی لە ناو بنەماڵەکەیان ئەو کارەی کردووە و دانی بە تاوانەکەیداناوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چوار رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی مارماریس لە پارێزگا موغڵای لە تورکیا کەوتۆتەوە، تائێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەسەرکردنەوەی خوێندنگەیەکدا لە پایتەختی رواندا رایگەیاند، دەبێت رێکخراوەکان و رەخنەگران لە پلانی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا تێبگەن، چونکە ئەو وڵاتە ئەفریقییە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا ھاتووە و لە پێشکەوتندایە.
دەشڵێت، ئەو پلانە بە رای من زۆر دروستە و گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆچبەرانی نایاسایی کە بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە، ئەوەی پێویستە خەڵک و رەخنەگران و رێکخراوەکان درکی پێبکەن ئەوەیە کە رواندا گۆڕانکاری زۆر گەورەی کردووە، پێویستە وڵاتان و رێکخراوەکان خۆیان بێن و بە چاوی خۆیان گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە ببینن، گرنگە ببینن رواندا بە چی گەیشتووە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش رایگەیاندووە، جۆنسن بە دووری نازانێت پەنابەرانی ئۆکراینیش رەوانەی رواندا بکات، ئەگەر روو بکەنە بەریتانیا.
جۆنسن رایگەیاندووە، ١٣٠ ھەزار ڤیزایان بۆ ئۆکراینییەکان کردووە و دوو رێگەی زۆر باشیان لەبەردەمدایە بۆ ھاتنە بەریتانیاوە، بەڵام ئەگەر بە رێگەی نایاسایی بێن، رەنگە ئەوانیش رەوانەی رواندا بکرێن.
لە ١٣ی مانگی نیسانی رابردوودا، بەریتانیا و رواندا رێککەوتنێکیان کرد بۆ گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا، بڕیاریش بوو یەکەم کاروانی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە لە ١٤ی ئەم مانگە رەوانە بکرێن، بەڵام لە ساتی کۆتاییدا و بەھۆی دەستوەردانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ گەشتەکەیان ھەڵوەشێندرایەوە.
رۆبێرت ھابیک وەزیری ئابووری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەھۆی ناکۆکییەکانی روسیا و ئۆکراین و سزاکانی ئەوروپا لەسەر کەرتی وزەی روسیا، وڵاتەکەی بەرەو ئەوە دەچێت روبەڕوی کەمی غاز ببێتەوە کە زیانێکی زۆری دەبێت و چاوەڕوانیش دەکرێت بەھۆی ئەو کێشەیەوە بەشێکی زۆر لە کارگە گەورەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاجیاکان دابخرێن.
وتیشی، ئەگەر کێشەی کەمی غازی روسیا بەردەوام بێت و تا وەرزی زستان غازی پێویست نەگاتە ئەوروپا، بەشێکی زۆری کارگە پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپاش دادەخرێن و ئەوەش قەیرانی ئابووری لە ئەوروپا دەگەیەنێتە لوتکە.
لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندوە، لە بەرنامەی کاری سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەمانگی داھاتوو، خاڵی سەرەکی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیسل و وڵاتانی عەرەبییە کە بەرێککەوتنی ئیبراھیمی ناسراوە و ئامانجی بایدنیش فراوانکردنی ئەو رێککەوتنەیە.
لەلایەکی تریشەوە لە ئێستاوە دیموکراتەکانی ئەمریکا رەخنە لە کۆبوونەوەی داھاتووی نێوان بایدن و محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە دەگرن و دەڵێن تۆمەتبارە بە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەنبوڵ لە تورکیا.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو کە لە بەرلین کۆبوونەتەوە، رایگەیاند، بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکراین، لە چەند مانگی رابردوودا سەدان ملیۆن کەس لە جیھاندا روبەڕوی برسێتی بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرھەڵدانی قاتوقڕی لە چەند وڵاتێک، لە ئەمساڵدا مەترسییەکی گەورەیە و پێدەچێت لە ساڵی داھاتوو رەوشەکە خراپتر ببێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە ھۆکاری درێژەکێشانی قەیرانی خۆراک تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیھان بەرزبووەتەوە، بەڵام سیاسەت و ھەڵسوکەوتەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ھۆکارە بۆ درێژەکێشانی قەیرانی خۆراک لە جیھاندا.
بڕیارە ئەمڕۆ لە برۆکسل کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی سیفەتی کاندید بە ئۆکراین دەستپێبکات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لێپرسراوانی ئەوروپا دەڵێن پێدانی ئەو سیفەتە بە ئۆکراین پێویستی بە ڕەزامەندی ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا ھەیە، ئەگەرچی ھەنگاوێکی ڕەمزیشە بەڵام کاریگەری دەبێت بۆ پشتیوانی کردنی ئۆکراین لەم کاتەدا کە بە ڕەوشێکی سەختدا تێدەپەڕێت.
"ڤۆلۆدمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکراینیش ڕایگەیاند، گومانیان نییە لەوەی یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی باش دەدات لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا، ئاگری دارستانەکانی مارمەریس لە پارێزگای موغلا بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک بەردەوامە و بە ١٤ فڕۆکە و ٢٧ ھەلیکۆپتەر ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش ڕایگەیاند، تا ئێستا ١٥١ کەس لە ٥١ خانوودا ڕزگار کراون و بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستراونەتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ئاگری دارستانەکە لە ١٧ شوێنەوە دەستیپێکرد و دواتر بە زۆربەی دارستانەکەدا بڵاوبووەوە و بەھۆی بای توندیشەوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە زەحمەت بووە.
شێخ مەشعەل ئەحمەد سەباح شازادەی جێنشینی کوەیت ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و دوپاتیکردەوە پابەندی دەستور دەبن و گۆرانکاری تێدا ناکەن، داواشی کرد ھەڵبژاردنێکی گشتی ئەنجام بدرێت.
شازادەی جێنشینی کوەیت باسی لەوەش کرد کە لە ھەموو لایەکەوە مەترسی لەسەر کوەیت ھەیە و پێویستە ھەمووان لە دەوری میری وڵاتەکە کۆببەوە و ھاوڵاتیان بە باشی نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاویکردەوە، لاڤرۆڤ بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتووەتە تاران و لەگەڵ "ڕەئیسی" ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ئەتۆمییان تاوتوێ کردووە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا "لاڤرۆڤ" ڕایگەیاندووە، ڕووسیا خۆی ڕاھێناوە لەگەڵ سیاسەتە دوژمنکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ھەموو ئەو وڵاتانەی بە دەست سیاسەتە تاک لایەنەکانی ئەمریکاوە دەناڵێنن دەبێت کار بکەن لەسەر زیاترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانیان.
وتیشی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیا پابەندە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە داھاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی.
ھاوکات "ئیبراھیم ڕەئیسی" ڕایگەیاند، کارەکانی ئەمریکا و ناتۆ ھۆکاری جەنگی ئۆکراینن و جەختی کردەوە لە گرنگی ھەماھەنگی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا.
حکومەتی ئەفغانستان داوا لە وڵاتانی جیھان دەکات ھاوکاری بکەن و تا ئێستاش ھەریەک لە قەتەر و ئێران ھاوکارییان گەیاندووەتەوە کابوڵ. بە پێی ڕاگەیەندراوی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکیش گوڕی بومەلەرزەکە ٦.١ بووە.
ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، ھندستان و چین لە کڕیارانی سەرەکی نەوتی عێراقن، لە دوای جەنگی ئۆکراینیشەوە رویان لە کڕینی نەوتی روسیا کردووە، بەوەش عێراق یەکێکە لە زەرەمەندترین وڵاتان لە ھەناردەکردنی نەوتی روسیا بۆ وڵاتانی ئاسیا.
بەپێی داتاکانی لێپرسراوانی چین، لە مانگی ئایاری رابردودا ھاوردەی چین لە نەوتی روسیا بەڕێژەی ٥٥٪ زیادیکردووە و نزیکەی ٨.٤٢ ملیۆن تۆن نەوتی لە روسیا کڕیوە.
میتحات سانجار، ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتەکەی کرد و دواتریش ڕایگەیاند، ھەڵوێستی دەمیرتاش و ھەدەپە دەربارەی ڕووداوە سیاسییەکانی تورکیا ھەمان شتە و وەک ئەوەی دەوترێت ھیچ دابڕانێک ڕووینەداوە.
لەبارەی دەنگۆی کۆتایھێنان بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و سەردانیکردنی، سانجار وتی، لەگەڵ ھەر نزیکبوونەوەیەکی ھەڵبژاردن ئاکپارتی بەم ھەنگاوانە ھەوڵی نزیکبوونەوە لە ھەدەپە دەدات و پێیان وایە ھەڵوێستی ھەدەپە بەم ھەنگاوانە دەگۆڕێت، ئاماژەی بەوەش کرد، گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان یاسایی نییە و لە ڕووی سیاسیشەوە ھەڵەیە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل، بە ٥٢٩ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ٤٥ دەنگی نەخێر و ١٤ دەنگی بێلایەن، بەڵام بڕیارەکە پێویسیتی بە دەنگی سەرکردەکانی ئەوروپا هەیە، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا کرد بۆ پێدانی ئاستی کاندیدی بە ئۆکراین و مۆڵدۆڤا بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا بە بێ دواکەوتن.
بڕیارە ڕۆژانی پێنج شەممە و ھەنی سەرکردەکانی ئەوروپا کۆببنەوە و بڕیاری کۆتای لەو بارەیەوە بدەن.
پەرلەمانی ئەوروپا ڕاشیگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا ھەمان کار لەگەڵ جۆرجیاشدا بکەن، بەڵام ھەر کاتێک جۆرجیا ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد کە یەکێتیەکە بۆی دیاری کردووە.
پلەی کاندیدی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا کۆتا هەنگاوی بە ئەندامبوونە و هەندێک وڵات، وەک ئەلبانیا پێنج ساڵ چاوەڕێبوون بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا وەک ئەندام قبوڵیان بکات، یاخود هەندێک وڵات لە ئاستەکە دەهێنرێنە خوارەوە وە تورکیا.
جۆرجیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕوسیا بەشێک لە خاکەکی داگیر کردوە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڕوسیا ھەرێمی ئەبکازیا و ئۆسێتیای لە باکوری جۆریجیا داگیر کرد و ئێستا جۆرجیا پێی وایە بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپادا دەتوانێت لە بەرامبەر ڕوسیادا ئاسایشی خۆی بپارێزێت.
پەرلەمانی ئەوروپا ڕوونیکردەوە، ئۆکراینی و مۆڵدۆڤی و جۆرجییەکان شایستەی ئەوەن بە ئازادی و لە وڵاتێکی دیموکراسی و خۆشدا بژین.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەوروپا جیھان لە جەنگی جیھانی سێەم نزیکتر دەکاتەوە، چونکە بە ئەندامبوونی ئەم وڵاتانە ڕوسیا لە باشور و ڕۆژاواوە ئابڵۆقە دەدرێت ئەمەش لە کاتێکدا ھەردوو وڵاتانی سوید و فینلاند خوازیاری بە ئەندامبوونن لە ناتۆدا و لەبەر ھەمان ھۆکار ڕوسیا ھێرشی کردە سەر ئۆکراین.