ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، دڵنیابوونەتەوە ئەو ھێرشەی کرایە سەر کەشتییەکەی ئیسرائیل لە کەناراوەکانی عومان و تەقێنرایەوە، ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامیداوە.
وتیشی، بەڵێن بە ئێران دەدەن لە سەر ئەو کەشتییە ئیسرائیلییە بەتوندی وەڵامی دەدەنەوە و رێگە نادەن ئەو جۆرە کارانە بەئاسانی و بەبێ وەڵام تێبپەڕێت، بۆ وەڵامدانەوەکەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ و راوێژ دەکەن.
پێشتریش ئێران سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردوەتەوە و رایگەیاندوە، تەقینەوەی ئەو کەشتییە ھیچ پەیوەندییەکەی بە ئێرانەوە نییە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ماوەی پێنج رۆژە ئاڵۆزییەکان لە دەرعا زیادیان کردووە و گروپەکانی سەر بە حکومەتی بەشار ئەسەد چەندین موشەکیان ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە کردووە و زۆرێک لە بەربەستەکانیان لە ریفی دەرعا لابردووە، بەو ھۆیەشەوە ٣٢ کەس کوژراون و لانی کەم دوو ھەزار خێزانیش ئاوارە بوون.
لە رۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە ئاڵۆزییەکان لە دەرعا زیاتر بووە و سوپای سوریاش ھەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدات، لە کۆی کوژاراوەکانیش ١٢یان مەدەنین و ١١یان سەر بە گروپە چەکدارەکانن و نۆ سەربازی سوپای سوریاش کوژراون.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، حکومەتی ئەنقەرە روبەڕووی خراپترین رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بووەتەوە لە ماوەی دەیەیەکدا و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی ٩٥ ھەزار ھێکتار زەوی سوتاوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا دەیان گەشتیار لە ھۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانی تورکیا رزگارکراون.
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاند، سێ فڕۆکەی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگر رەوانەی تورکیا دەکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاگرەی ماوەیەکە دارستانەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
ھاوکات لە "یۆنان"یش ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی گرتووەتەوە و بەھۆیەوە چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و ١٥ کەسیش برینداربوون، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە زیاتر لە ١٣ ھەزار و ٥٠٠ ھێکتار زەوی لە یۆنان سوتاوە.
ئەنتۆنی فاوچی رایگەیاندوە، پێشبینی ناکەن جارێکی تر لە ئەمریکا کەرەنتین رابگەیەندرێت بەھۆی کۆرۆنای دەلتاوە، چونکە پێی وایە ژمارەیەکی باش لە ئەمریکییەکان ڤاکسینیان وەرگرتوە، بەڵام ھۆشداری داوە لە زیادبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیدا ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی ڤاکسین بەکاردەھێنن زیاتر نەبێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش داوایکردوە ئەمریکییەکان پەلە بکەن لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا و رایگەیاندوە، تا زانیاری زیاتریان سەبارەت بە کۆرۆنای دەلتا دەست دەکەوێت زیاتر نیگەران دەبن، بۆیە پێویستە ھەر کەسێک دەیەوێت لەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا رزگاری ببێت، بەپەلە ڤاکسین بەکاربھێنێت.
لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا، زانایانی بەریتانیا ھۆشدارییانداوە لە سەرھەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە ھەردوو جۆری ڤایرۆسەکەوە دروست دەبێت و گیانلەدەستدانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
بە وتەی ئەو زانایانە، رەنگە ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤاکسینەکانی ھەبێت، ھۆشداریشیانداوە لەناوبردنی کۆرۆنا ئاسان نییە و بەردەوام جۆری نوێ سەرھەڵدەدات.
داواشیان کرد رێکارەکان توندتر بکرێنەوە، چونکە جیھان چیتر بەرگەی روبەڕوبوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا ناگرێت.
دوای چەند رۆژێک لەو بڕیارانەی بۆ سڕکردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی و دورخستنەوەی سەرۆکی حکومەت دای، قەیس سەعید سەرۆکی تونس بەڵێن دەدات ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەی پتەوتر بکات.
دوپاتیشیکردەوە، ھەر کەسێک بازرگانی بە تەندروستی ھاوڵاتیانی تونسەوە بکات، لە حکومەتدا جێگەی نابێتەوە.
قەیس سەعید راشیگەیاند، دەستبەرداری ماف و ئازادی تونسییەکان نابن، بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییش لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانیان لە پەیوەندیدان.
وتیشی، تائێستا دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنایان لە ئیتاڵیا و ئەمریکا وەرگرتوە.