لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO)، داوای لە دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی جیھان کرد، خۆیان بکوتن و کاتێک دەچنە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان دەمامک بەکاربھێنن، بە تایبەت لە وەرزی پایز و زستاندا، داواشی لە وڵاتانی جیھان کردووە، دەست بە ھەوڵەکانیان بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆن.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەردوو وەرزی پایز و زستان، یەکلاکەرەوە دەبن بۆ پاراستنی کەسەکان لە تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی یەک ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، ژەمی دووەمیش وەربگرن.
بە پیێ ئامارێکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپای تورکیا لە ھەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٥٤ ھێرشی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە ٤٨ ئەندامی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و نۆ ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان منداڵن، ھەروەھا ٩٧ کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە، برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕاگەیاندووە، زیاتر لە سەد ئەندامی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لە ئەنجامی ھێرشەکانی ١٠ رۆژی ڕابردوو گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ناوەندی ڕاگەیاندنی "ھەسەدە" ھەواڵەکەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەھۆی ئەو ھێرشانە حەوت ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە پێنجیان منداڵبوون ، ھەروەک ٢٧ کەسیش برینداربوون.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، ٣١ کۆچبەری کورد کە خەڵکی ھەولێر و سلێمانین و چەند کۆچبەرێکیان ئێزدین، دوای بەڕێکەوتنیان بە رێگەی کۆچی نایاسایی بەرەو ئەوروپا، لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندانەکاندا ھێڵدراونەتەوە، بەڵام بە ھەوڵی نوێنەری دەزگای لوتکە لە تورکیا، کۆچبەرەکان ئازا کراون و لەسەر خواستی خۆیان لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوە دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێم.
دەزگای لوتکە راشیگەیاند، ھەفتەی پێشوو نزیکەی ١٥ کۆچبەر دوای دەستگیرکردنیان لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە، خۆیان وەک خەڵکی سوریا ناساندووە، بۆیە پۆلیسی تورکیا بە نیازبوە ئەو کۆچبەرانە رەوانەی سوریا بکات، بەڵام بە ھەوڵی نوێنەری دەزگای لوتکە ناردنی ئەو کۆچبەرانە بۆ سوریا راگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەڵمانیا گەورەترین ھاوبەشی بازرگانیی ئێرانە لەناو وڵاتانی ئەوروپادا و یەک لەسەر سێی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئەوروپا لەگەڵ ئەڵمانیا بووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیار و ٥٥٥ ملیۆن یۆرۆ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمانیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەورەترین ھاوبەشی بازرگانیی ئێران بووە، بەشێوەیەک یەک لەسەر سێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا لەگەڵ ئەڵمانیا بووە، قەبارەی بازرگانیی ئەلمانیا و ئێران گەیشتووەتە ٩٥٠ ملیۆن یۆرۆ و ٦٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
لێپرسراوێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، پاکێجێکی نوێی یارمەتییان بە بەھای ٧٧٥ ملیۆن دۆلار پێشکەشی ئۆکراین دەکەن، کە ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری سکان ئیگڵ و ٤٠ ئۆتۆمبێلی دژە مین و دوو ھەزار مووشەکی دژە زرێپۆش.
راشیگەیاند، ئەمریکا ھەوڵ دەدات یارمەتی ئۆکراین بدات لە داڕشتن و پڕچەککردنی سوپای ئەو وڵاتە بۆ داھاتوو، ئەگەر جەنگی نێوان ئۆکراین و روسیا درێژە بکێشێت.
ئەمریکا لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین، چەندین کاروانی کۆمەک و ھاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکراین کردووە، تائێستاش کۆی گشتیی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین، گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە تویتێکدا وەڵامی "جیم ریش" سیناتۆر و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن ئەمریکا سازشی بۆ ئێران کردبێت، دوورن لە راستییەوە و ھیچ بنەمایەکیان نییە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، بۆ کارکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، واشنتۆن بە ئاسانی بە مەرجەکانی تاران رازی نابێت.
پێشتر سیناتۆر جیم ریش رایگەیاندبوو، ئیدارەکەی بایدن رازی بووە بە مەرجێکی ئێران سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ئەمریکا لە داھاتوودا لە رێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی خێراتر دەکات.
لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ حکومەتی کیێڤ دوپاتکردووەتەوە و تا ئێستا بە بڕی ملیاران دۆلار ھاوکاری سەربازی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
(ئیڤان نیچایڤ) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەنگۆکانی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن وڵاتەکەیەوە رەتکردەوە و رایگەیاند، مۆسکۆ پێویستی بە بەکارھێنانی چەکی ئەتۆم نیە و تەنھا لەکاتی وەڵامدانەوە و حاڵەتە لەناکاوەکان پەنای بۆ دەبات.
لەبەردەوامی رێوشوێنە ستراتیژییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە، وەزارەتی بەرگری روسیا بڕیاریدا سێ فڕۆکەی جەنگی تەیارکراو بە موشەکی سەروو دەنگ، لە فڕۆکەخانەی شاری کالینینگراد جێگیر بکات.
بەکیر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، ئەگەر سوید پێیوابێت، بە رادەستکردنەوەی تاوانبارە ئاساییەکان بە تورکیا ، ئەنقەرە رازی بە ئەندامبونی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ دەبێت، تووشی ھەڵە بووە، چونکە تورکیا دەیەوێت سوید ئەندامانی بزوتنەوەکەی عەبدوڵا گیولەن و پارتی کرێکارانی کوردستانی رادەست بکاتەوە وەک پێشتر بەڵێنیداوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا لێپرسراوانی سوید رایانگەیاند، ھاووڵاتیەکی تورکیا رادەستی ئەنقەرە دەکەنەوە، کە لە ساڵی رابردوەوە تورکیا داوای وەرگرتنەوەی دەکاتەوە، ئەو کەسە لەلایەن تورکیاوە بە ساختەکردنی کرێدیت کارت تۆمەتبار کراوە و لە سویدیش بەھەمان تۆمەت دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەناڵی ئینگلیز و دەریای باکور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ١٤ی ئەم مانگە، ھێزێکی دەریایی نیشتمانی ٦٣ کۆچبەریان لە کەناڵی ئینگلیز رزگارکردووە لەکاتێکدا بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە، شەوی دواتریش ٤٠ کۆچبەری تر رزگارکراون، ھەروەھا رۆژی ١٦ی مانگ ١٥١ کۆچبەر رزگارکراون و بەوەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ماوەی ٤ رۆژدا رزگارکراون گەیشتووەتە ٢٥٤ کۆچبەر.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ھێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٨ ھەزار و ٧٦٣ کۆچبەریان رزگارکردووە کە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، رێژەکە ٥٠% زیادیکردووە.
لە سەرەتای مانگی ئابدا، ئەمریکا بڵاوبونەوەی ئاوڵەی مەیمونی وەک "بارودۆخێکی لەناکاوی تەندروستی گشتی" ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوی ژمارەی توشبوانی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوی تەندروستی جیھانیش، تا ئێستا ئاماری گشتی تووشبوانی ئاوڵەی مەیمون لە جیھاندا گەیشتووەتە ٣٥ ھەزار کەس و لەو ژمارەیەش، ١٢ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لێپرسراوانی باڵای کۆریای باشر ئامادەییان دەربڕی لە ھەموو بوارێکدا وەک بازرگانی و بنیاتنانەوە و نەوت و پیشەسازی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و سەرجەم بوارەکانی تر ھاوکاری کۆریای باکوور بکەن، تەنھا بەو مەرجەی ئەو وڵاتە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور لە وەڵامدا رایگەیاند.
لێپرسراوانی کۆریای باشور زۆر نەزانن و لە بیرکردنەوەشدا زۆر لاوازن.
وتیشی، کۆریای باکور ئەو دەستپێشخەرییە رەتدەکاتەوە، چونکە نەک ھەر ئامادە نیین دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بن، بەڵکو بەرنامەی تایبەتیان داڕشتووە بۆ زیاتر فراوانکردن و بەھێزکردنیشی.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سوپای سوریا بە موشەک ھێرشی کردووەتە سەر شاری باب کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک ئەو وڵاتەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھێرشەکەوە ١٤ کەس کوژراون کە پێنجیان منداڵن، ٣٨ کەسی تریش برینداربوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ھێرشەکە لە وەڵامی ھێرشێکی تورکیا بۆ سەر ھێزەکانی سوریا ئەنجامدراوە کە چەند رۆژ پێش ئێستا ئەنجامدراوە و بەھۆیەوە ژمارەیەک سەربازی سوریا کوژراون.
حوسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ٢٣٠ کۆچبەری نایاسایی لە ٣ یەختدا کە ھەوڵیانداوە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن لە دوورگەی کیسیرا لە یۆنان دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٦٠ کۆچبەری کورد لەناو دەستگیرکراوەکاندان، ئەوانەی تریش کۆچبەری ئێرانی و ئەفغانین.
وتیشی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، بڕیارە کۆچبەرەکان لە کەمپێکی داخراوی نزیک ئەسینا کە سەربازگەیەکی کۆنە، بۆ ماوەی ٤٠ تا ٥٠ رۆژ بھێڵرێنەوە، دواتر ئەگەر داوا بکەن کارتی مانەوەیان لە یۆنان بۆ دەکرێت.
ستیڤان دوجاریک وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەسەر داوای ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، گۆتێرێس و ئەردۆغان سەردانی شاری لڤیڤ دەکەن و لەگەڵ زیلینسکی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی دەکەن و گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین بۆ بازاڕەکانی جیھان و ھەنگاوە دیبلۆماسییەکان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ دەکەن.
وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، رۆژی ھەینی گۆتێرێس سەردانی بەندەری شاری ئۆدیسای ئۆکراین دەکات کە یەکێکە لەو بەندەرانەی دانەوێڵەی لێوە ھەناردە دەکرێت.