لە كۆڕبەندی دەوحە رەوشی سیاسی سوریا تاوتوێكرا و وەزیرانی دەرەوەی توركیا و روسیا و ئێرانیش بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی سوریا و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان كۆبوونەوە.


ئەمڕۆ شەممە كۆڕبەندی دەوحە دەستی بە كارەكانی كرد و شێخ محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا دەرفەتی ماوەی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی وڵاتەكەی نەقۆستەوە بۆ چارەسەری دۆخی سوریا و گەڕاندنەوەی متمانەی گەلەكەی و هیچ جموجۆڵێكی جدی نەكرد.


هاوكات لە پەراوێزی بەشداریكردنیان لە كۆڕبەندەكە، هەریەك لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا كۆبونەوە بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی سوریا و كەمكردنەوەی ئاڵۆزیەكانی ئەو وڵاتە. 


هاوكات فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا كۆبوەوە و رەوشی سوریاش تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەی نێوانیان بووە.