وۆڵ ستریت جۆرناڵ: میسر و ئوردن داوایان لە ئەسەد كردووە سوریا جێبهێڵێت
هەژار
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دوو وڵاتی ناوچەكە داوا لە بەشار ئەسەد دەكەن سوریا بە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی وڵاتەكەی حكومەتێك پێكبهێنێت، ئوردنیش ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال لە زاری ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئەمنی میسر و ئوردنەوە بڵاویكردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی میسر و ئوردن داوایان لە توركیا كردووە دەستوەردان بكات بۆ راگرتنی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هێرش و پێشڕەوییەكانیان و داوایان لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاش كردووە وڵاتەكەی بە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی وڵاتەكەی حكومەتێك بۆ سەرپەرشتیكردنی سوریا پێكبیهێنێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو داوایەی میسر و ئوردن دوای ئەوە دێت كە هەوڵێكی بەشار ئەسەد بۆ بەدەستهێنانی چەك و زانیاری هەواڵگری لە وڵاتانی ناوچەكە شكستی هێناوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە، باڵیۆزخانەی ئوردن لە واشنتۆن پەیوەندییان پێوەكردوون و رەتیانكردووەتەوە داوایان لە بەشار ئەسەد كردبێت سوریا بە جێبهێڵێت.