كۆشكی سپی: تیمی ترەمپ پشتیوانی ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەكات
هەژار
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
تیمی ترەمپ هاوكاری ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بە سەرۆكایەتی بایدن دەكات بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لە كەرتی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان.
كارین جان پییەر وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، لەئێستاوە پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی و تیمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دروستبووە لە هەموو بوارەكاندا و پرس و راوێژ لە نێوانیاندا هەیە بە بابەت و پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیشەوە.
وتیشی، یەكێك لەو بابەتە سەرەكییانەی زۆرترین گفتوگۆی لەسەر دەكرێت لە نێوان كۆشكی سپی و تیمی ترەمپ، شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیلە لە كەرتی غەززە، تیمی ترەمپیش ئامادەیە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن بكات بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لە كەرتی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان.