میسر: پێویستە هەموو وڵاتان پشتیوانی لە یەكپارچەیی خاكی سوریا بكەن
هەژار
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
حكومەتی میسر هەوڵەكانی بۆ چارەسەری رەوشی سوریا چڕكردووەتەوە و داوا لە هەموو وڵاتان دەكات پشتیوانی لە یەكپارچەیی خاكی سوریا بكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی میسر، بەدر عەبد عاتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وڵاتەكەی لەبارەی رەوشی سوریا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عیراق و سوریا و توركیا و ئێران و ئیمارات و روسیا و ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی قەتەر ئەنجامدا و جەختیكردووەتەوە كە میسر بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا.
ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری دەرەوەی میسر لە رێگەی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە دەستوەردان بكەن لە پێناو هێوركردنەوەی رەوشی سوریا بۆئەوەی خەڵكی مەدەنی زەرەرمەند نەبن.