لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئینگلتەرا پارتی ریفۆرم سەركەوتنی بەدەستهێنا
هادی
٢ی ئایاری ٢٠٢٥
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئینگلتەرا پارتی ریفۆرم سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەو پارتە دژی كۆچبەرانن و سەرۆكی شارەوانی لینكۆڵنشایر دەڵێت، پێویستە كۆچبەران لە بری هوتێل لە چادردا نیشتەجێ بكرێن.
رۆژی پێنجشەممە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئینگلتەرا لە چەند شارو شارۆچكەیەك بۆ ژمارەیەك سەرۆك شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاكان و پەرلەمانتارێك بەڕێوەچوو، لەئێستادا ژماردنی دەنگەكان دەستی پێكردووە و پارتی ریفۆرم كە (نایجل فەرەج) سەرۆكایەتی دەكات، یەكەم سەركەوتنی تۆماركرد بە بردنەوەی (سارا پۆچین) وەكو ئەندامی پەرلەمانی ناوچەی رانكۆرن و هێڵسبی.
هەروەها پارتی ریفۆرمی ئینگلتەرا، یەكەم سەرۆكی شارەوانی بردەوە و ئەندریا جێنكینز بە 40 هەزار دەنگ بووە سەرۆكی شارەوانی لینكۆڵنشایر.
هاوكات لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بەریتانیا بێجگە لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی شارەوانی و پارێزگاكان، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانتارێكیش لە ناوچەی رانكۆرن هێڵسبی بەڕێوەچوو، ریفۆرم نەیهێشت جارێكی تر لەو ناوچەیەدا پارتی كرێكاران سەركەوتووبێت، بە جیاوازی شەش دەنگ سارا پۆچین لە پارتی ریفۆرم سەركەوت بۆ پەرلەمان و بووە پێنجەم پەرلەمانتاری ریفۆرم.
دواتر سەرۆكی شارەوانی لینكۆڵنشایر رایگەیاند، ئەوانەی بەشێوەیەكی نایاسایی كەناڵی ئینگلیز دەبڕن پێویستە لەبری هوتێل لە چادردا نیشتەجێ بكرێن.