گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێران بۆ كاتێكی نادیار دواخران
یەحیا
٣ی ئایاری ٢٠٢٥
گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێران بۆ كاتێكی نادیار دواخران، عەباس عراقچیش جەختدەكاتەوە، تاران هیچ كات دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
دوای هەڕەشەكانی ترەمپ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەشداریكردنی لە خولی چوارەمی دانوستانەكانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد و لێپرسراوێكی باڵای ئەو وەزارەتەش بە فۆكس نیوزی راگەیاندووە، خولی چوارەمی دانوستانەكان كە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە رۆما بەڕێوەبچێت، بەهۆی هەڕەشە نوێیەكانی ترەمپ لە دژی ئێران هەڵوەشاوەتەوە و هێشتاش هیچ ئاماژەیەكی ترەمپ نییە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنتۆنیۆ گۆتریێش ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداو گفتوگۆیان لەبارەی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا كرد.
عراقچی جەختی كردەوە، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستبەرداری نابێت، وتیشی، متمانەیان بە بە بەڵێنەكانی ئەمریكا كەم بووەتەوە و هەڕەشەكانی ئەمریكاش، چانسی سەركەوتنی دانوستانەكان لەناودەبات.