زینلیسکی: ئاگربەستی کورتخایەن یارییەکە پوتن ئامادەی کردووە
محەمەد رزگار
٣ی ئایاری ٢٠٢٥
ئۆکراین ئاگربەرستی کورتخایەن بە شکستخواردوو ناودەبات و زیلینسکیش دەڵێت: ئەو ئاگربەستە یەکێکە لە یارییەکانی پوتن.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئەو یارییە ناکات کە بە "یارییەکانی ڤلادیمێر پوتین"ی سەرۆکی روسیا وەسفی کردووە سەبارەت بە ئاگربەستی کورتخایەن.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەدا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی رۆما بینینی شتەکانی "کەمێک جیاواز" کرد و راشیگەیاند، مۆسکۆ بەرپرسیارە لە سەلامەتی سەرکردەکانی جیهان کە سەردانی روسیا دەکەن بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی رۆژی سەرکەوتن بۆ یادکردنەوەی جەنگی جیهانی دووهەم لە 9ی ئایار.
سەرۆکی ئۆکراین ئاشکراشیکرد، نازانین روسیا لەو رۆژەدا چی دەکات، رەنگە چەندین کردەوەی جۆراوجۆر بکەن، وەک ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە، دواتر ئێمە تۆمەتبار بکەن بەوەی لە پشت ئەو روداوەنەوەین".
رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکی روسیا ئاگربەستێکی کاتیی لە پشووە رەسمییەکانی رۆژانی 8 تا 11ی ئایار راگەیاند، هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگ گێڕانەکانی مۆسکۆ بۆ رۆژی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووهەمدا.
هاوکات کۆشکی کرملن ئاشکرایکرد: روسیا پێی وایە لایەنی ئۆکراینیش دەبێت بە هەمان شێوە ئاگربەست قبوڵ بکات، ئەگەر لایەنی بەرانبەر ئاگربەست پێشێل بکات، هێزە چەکدارەکانی روسیا وەڵامی شیاو و کاریگەر دەدەنەوە.