سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتە ریازی پایتەختی شانشینی سعودیە و گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، کە بەگوێرەی ئاژانسەکان چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی ملیار دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو مۆر بکات.
ترەمپ لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، پێشوازی لێ کرا و چاوەڕوان دەکرێت گەشتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا چوار رۆژ بخایەنێت.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ترەمپ دوای سعودیە رۆژی چوارشەممە سەردانی قەتەر و رۆژی پێنجشەممەش سەردانی ئیمارات دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە گەشتەکەی ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو زیاتر بە مەبەستی رێککەوتنی ئابوری دەبێت، نەک چارەسەرکردنی قەیرانە ئەمنییەکانی ناوچەکە، وەک شەڕی غەززە و گرژییەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
وەفدێکی باڵای ئەمریکی یاوەری سەرۆکی ئەمریکان، لەوانە ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و بەڕێوبەری وەزارەتی کارامەیی، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، پێت هێکسێت، وەزیری بەرگری و سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینە و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی ئەمەریکی.
بەگوێرەی "SPA"، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە، ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە و سەرکردەکانی کەنداو، 10 پرسی سەرەکی تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، وزە، بەرگری و هاوکاری ئابوری. هاوکات واشنتۆن هەوڵ دەدات هاوبەشی ستراتیجی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێز بکات لە ژێر رۆشنایی گۆڕانە خێراکانی بارودۆخی نێودەوڵەتیدا.
پێشبینی دەکرێت وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بە بەهای ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا لە ئەمەریکا رابگەیەنن.
سەرۆک ترەمپ دوێنێ رایگەیاند، ئەگەر رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی باش لە نێوان وەفدی ئۆکراین و روسیا لە ئیستەنبوڵ ئەنجام بدرێت، ئەوا بە دوری نازانێت بچێتە تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوپاتی کردۆتەوە کە ئەم سەردانە یەکەم گەشتی سەرۆک ترەمپە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دەستبەکاربونی لە پۆستی سەرۆکایەتی و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم گەشتە نیشاندەری گرنگی پەیوەندییەکانی ئەمەریکایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دوێنێ، 12ـی ئایاری 2025، واشنتۆنی بەجێهێشت و بە فڕۆکەی "ئەیر فۆرس وەن" بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.
بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی بارمتەكان لە كەرتی غەززە، ئەمڕۆ وەفدێكی ئیسرائیل سەردانی قەتەر دەكات.
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، وەفدی دانوستانكار رەوانەی قەتەر دەكەن، بۆ ئەوەی لەسەر پرسی بارمتەكان لە كەرتی غەززە بەشداری دانوستانەكان بكەن.
ناردنی ئەو وەفدە دوای كۆبوونەوەی ناتانیاهۆ دێت لەگەڵ ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی ترەمپ، كە دوای ئەو كۆبوونەوەیە ناتانیاهۆ فەرمانی كرد بە رەوانە كردنی وەفدەكەیان بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر.
دوێنێش بارمتەیەكی ئەمریكی ئیسرائیلی بە ناوی "عیدان ئەلكساندەر" لە لایەن بزووتنەوەی حەماس ئازادكرا، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لە دەوحە گفتۆگۆی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتۆندا دەستپێكرد و ترەمپیش ستایشی ئەو هەنگاوەی حەماسی كرد.
بەریتانیا بڕیارێكی نوێی دژی كۆچبەران دەركرد، بەپێی بڕیارەكە هەر كۆچبەرێك روو لەو وڵاتە بكات پێویستە 10 ساڵ لە چاوەڕوانیدا بێت بۆ ئەوەی مافی مانەوەی پێبدرێت.
بە پێی یاسایەكی نوێی بەریتانیا كە كیەر ستامەر، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە رایگەیاند، هەر كۆچبەرێك كە روو لەو بەریتانیا بكات پێویستە 10 ساڵ لە چاوەڕوانیدا بێت بۆ ئەوەی مافی پەنابەریی یان مانەوەی پێبدرێت، لە كاتێكدا پێشتر ئەو ماوەیە پێنج ساڵ بوە.
لە رێوشوێنە نوێیەكانی بەریتانیا بۆ كۆچبەران و پەنابەران ئاماژە بەوە كراوە كە رێوشوێنەكانی وەرگرتنی پەنابەران توندتر دەبێت و هەر كۆچبەرێكیش لەو وڵاتەدا تاوان ئەنجام بدات دەردەكرێت و تەنها ئەو كەسانە مافی مانەوەیان پێ دەدرێت كە سودیان بۆ وڵاتەكە هەیە.
حكومەتی نوێ ئەڵمانیاش رێوشوێنەكانی دژی كۆچبەران توند كردوەتەوە، ئاماژە بەوە كردوە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 37 هەزار و 387 كۆچبەر داوای مافی پەنابەرییان كردبوو، كە رێژەكە 46% بەراورد بە ساڵی 2014 كەمیكردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات دەستپێکرد و ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد: گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژویی دەبێت.
ترەمپ پێشتر لە کۆشکی سپی و ئاماژە بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری سوککردنی سزاکانی سەر سوریای کردبوو و ئاماژەی بەوەکرد: ئاسایش بۆ سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و وڵاتانی دیکە دابین دەکەین.
لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە. ئەم سێ وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو هەوڵ دەدەن کاریگەری خۆیان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زیاد بکەن.
کەناڵی سی ئێن ئێن باسی لە گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و نووسیویەتی ئەم وڵاتانە پەیوەندی کەسییان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دامەزراندووە و بەکۆمەڵ پابەندبوون بە وەبەرهێنانی ملیارەها دۆلار لە ئەمریکا.
هەروەها ئەم وڵاتانە هەوڵیان داوە وەک ناوبژیوان لە ململانێکانی غەززە و ئۆکراین مامەڵە بکەن.
هاوکارێکی باڵای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە بەحرەین بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە، لە چاوی دۆناڵد ترەمپ، دەوڵەتانی کەنداو هەموو تایبەتمەندییە خوازراوەکانیان هەیە، ئەوان پابەندن بە وەبەرهێنانی تریلیۆن دۆلار لە ئابووری ئەمریکا و خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی.
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت: گەشتەكەم بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویی دەبێت و بیر لەوەدەکەمەوە سەردانی تورکیا بکەم لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی روسیا و ئۆکراین.
دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رەوشی نێوان هیندستان و پاکستان رایگەیاند: توانیمان رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی نێوان ئەو دوو وڵاتە بكەین و نەهێڵین جەنگەکە درێژە بکێشێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە بڕیارێکی مێژوویدا نرخی دەرمان لە ئەمریکا بۆ ٪80 دادەبەزێنین.
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران راشیگەیاند، هەرگیز ناهێڵین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە هەر سەردەمێکدا بێت.
سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتەكەی لە دانوستاندا لەگەڵ ئەمریكا جیدیە و دەیەوێت بگاتە رێككەوتن.
ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاویكردووەتەوە، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی حكومەتەكەی رایگەیاندووە، لە دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا جددین و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن بگەنە رێككەوتن، بەڵام لە ناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران قبوڵكراو نییە.
وتیشی، تاران هیچ كاتێك لە رابردوو و ئێستادا و داهاتووشدا هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەداوە و هەوڵیشی بۆ نادات.
سەرۆك كۆماری ئێران راشیگەیاند، تاران هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و ئاسایشدایە لە ناوچەكە، بەڵام ئیسرائیل تەنها هەوڵی دروستكردنی شەڕ و نائارامی و ناسەقامگیری دەدات.
پێشتریش عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی خولی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن كە لە عومان بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئەو خولە بەراورد بە دانوستانەكانی رابردوو زۆر جددی تر بووە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە پوتن و زیلینسکی لە تورکیا کۆببنەوە، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت: هیوادارین بگەینە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوم بە پوتن بکەوێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە هەنگاوێکە کە ئامانج لێی پێشخستنی پرۆسەی دیپلۆماسییە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.
زیلینسکی جەختی لەسەر گرنگی بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و هەمیشەیی کردەوە، کە لە سبەینێوە دەستپێدەکات.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری سیاسی ململانێکان زیاتر دەبن، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی و خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکەدا.
ناتانیاهۆ دەنگۆی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ترەمپ رەتدەكاتەوە و دەشڵێت، ترەمپ بە نیاز نییە دان بنێت بە دەوڵەتی فەڵەستیندا.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێكیدا بۆ لیژنەی دەرەوە و ئاسایشی پەرلەمانی وڵاتەكەی، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەسەر شەڕی غەززە ناكۆكی كەوتووەتە نێوانیان، وتی، هیچ ناكۆكییەك لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریكا و بە دیاریكراوی ئەو و ترەمپدا نییە سەبارەت بە شەڕی غەززە، وتیشی، ترەمپ بە نیاز نییە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.
ناتانیاهۆ جەختیشیكردەوە، ئیسرائیل مۆڵەت لە ئەمریكا وەرناگرێت بۆ پلانە سەربازییەكانی لە غەززە و ئەمریكاش خۆبەخشانە لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە شەڕی دژی حوسییەكانی كردووە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێك لە میدیا جیهانییەكان دەنگۆی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپیان لەسەر شەڕی غەززە بڵاوكردەوە و باسیان لەوەكردبوو، ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بە نیازە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.
خێزانی میرنشینی قەتەر فڕۆكەیەكی تایبەت كە بەهاكەی نزیكەی نیو ملیار دۆلارە پێشكەشی سەرۆكی ئەمریكا دەكات.
چەند سەرچاوەیەك بە تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی ئەمریكییان راگەیاندووە، بڕیارە خێزانی میرنشینی قەتەر لە سەردانەكەی چەند رۆژی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆكەیەكی تایبەتی گرانبەهای وەك دیاری پێشكەش بكەن كە رۆڵی كۆشكێكی فڕیو دەگێڕێت، فڕۆكەكە لە جۆری بۆینگ 747-8 جەمبۆیە و بەهاكەی بە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە بەرانبەریشدا ترەمپ ئامادەیی بۆ وەرگرتنی فڕۆكەكە دەربڕی و ئاشكرایكرد، فڕۆكەكە وەك جێگرەوەی فڕۆكەی سەرۆكایەتی بەكاردەهێنێت و پێش كۆتاییهاتنی خولی سەرۆكایەتییەكەی، خاوندارێتی فڕۆكەكە دەگوازێتەوە بۆسەر دامەزراوەی كتێبخانەی سەرۆكایەتی ترەمپ.
وەزارەتی دادی ئەمریكاش رایگەیاند، وەرگرتنی فڕۆكەكە ناچێتە چوارچێوەی بەرتیل وەرگرتنەوە و لێپرسراوانی تری ئەمریكاش دەڵێن، فڕۆكەكە لە مێژووی ئەمریكادا بە گرانبەهاترین دیاریی دادەنرێت كە لەلایەن وڵاتێكی بیانییەوە پێشكەشی سەرۆكێكی ئەمریكا كرابێت.
خولی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران کۆتایی هات و هەردوولاش گفتوگۆکان بە دڵخۆشکەر وەسف دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: خولی چوارەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە قورس بوو بەڵام بەسود بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، عوممان هەماهەنگ دەبێت بۆ ئەوەی خولی داهاتوو دانوستانەکان بەردەوام بێت و کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری بکات.
لێپرسراوانی ئەمریکیش رایانگەیاندووە، خولی چوارەمی دانوستانەکان دڵخۆشکەربوون و ئاماژەیان بەوەشکردووە، ویکتۆف گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە دانوستانەکانی روسیا و ئۆکراین دەکات و دەڵێت: ئەنکەرە ئامادەیە بۆ میوانداری لەهەر دانوستانێکی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ئەنجامدا و رایگەیاند، پێشوازی لە پێشنیاری سەرۆکی روسیا دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ئیستانبوڵ لە 15ی ئایاردا، جەختی لەوەشکردووە، تورکیا ئامادەیە میوانداری لە هەر دانوستانێک بکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە چارەسەری هەمیشەیی.
ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدات کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتی بەردەوامی نێوان روسیا و ئۆکراین، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستان.
جێگەی ئاماژەیە، پوتن رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هەرگیز گفتوگۆی لەگەڵ ئۆکراین رەت نەکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، مۆسکۆ دەیەوێت گفتوگۆی جددی ئەنجامبدات سەبارەت بەو ململانێیەی کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، خولی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریكا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستی پێ كرد.
ئەوەس هاتووە، بەدر بوسەعید وەزیری دەرەوەی عومان نێوەندگیری دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات و ئامانجی دانوستانەكە دانانی سنورێكە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و هەڵگرتنی سزا و ئابڵوقەی سەر وڵاتەكە.
لێپرسراوێكی باڵای ئێران رایگەیاند، ئەمریكا لەبارەی دانوستانەكەوە زۆر جددی نییە و لە حاڵەتی شكستی دانوستانەكان خۆیان بۆ سیناریۆیەكی جێگرەوە ئامادە كردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە، وڵاتەكەی هەرگیز دەستبەرداری مافە ئەتۆمییەكانی نابێت.
لە دوای رێككەوتنی نێوان هیندستان و پاكستان ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە فراوان دەكەن.
ترەمپ لە بڵاوكراوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال رایگەیاندووە، لەگەڵ هندستان و پاكستان كار دەكات بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند دەكرێت لە دوای هەزار ساڵ بگەنە چارەسەرێك سەبارەت بە هەرێمی كشمیر، هەروەها رایگەیاندووە ، ئەمریكا ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ هەریەك لە هیندستان و پاكستان فراوان دەكات .
لە دوای چەند رۆژێك لەشەڕ و ئالۆزی ، رۆژی شەممە سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستی نێوان هندستان و پاكستانی راگەیاند و لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس نوسی، دوای شەوێكی دورودرێژ لە گفتوگۆ و بە نێوەندگیری ئەمریكا، هندستان و پاكستان رێككەوتون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێكی بەپەلە و گشتگیر .
لەلایەكی دیكەوە و چەند كاتژمێرێك دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكە، وەزیری دەرەوەی هندستان، پاكستانی بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد و وەزیری راگەیاندنی پاكستانیش رەتیكردەوە.
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵاتدا، سەرۆك وەزیرانی پاكستان داوای دیالۆگی جددی لە هیندستان دەكات.
دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان پاكستان و هیندستان، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئەو ئاگربەستەی بە سەركەوتن بەسەر هیندستاندا وەسفكرد بەوهۆیەوە پیرۆزبایی لە گەلی پاكستان كرد.
راشیگەیاند، سەركەوتنێكە نەك تەنها بۆ هێزە چەكدارەكان، بەڵكو بۆ هەموو میللەتەكەیان، هەروەها وتیشی، مێژوو ئەوەی لەبیر ناچێتەوە كە هێزە چەكدارەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتەكەیان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا سوپای هیندستانیان بێدەنگ كرد.
هاوكات، سەرۆك وەزیرانی پاكستان جەختی كردەوە لە گرنگی هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات، دیارترینیان دابەشكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و ناوچەی كشمیری كێشە لەسەرە، جەختی لەوەشكردەوە، كە داوای دیالۆگی جددی لەگەڵ نیودەلهی دەكات.
گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دوای هێرشێكی چەكداری لە 22ی نیسان لە كشمیری بەشی هیندستان دەستیپێكرد، كە بەهۆیەوە و 26 كەس كوژران كە زۆربەیان گەشتیاری هیندستان بوون.
سەرەڕای راگەیاندنی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە نێوان هیندستان و پاکستان، دەنگی تەقینەوە بیسترا.
سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ رایانگەیاند، لە شاری جامۆی هیندستان ژمارەیەک موشەک بینراوە و دەنگی بەرزی چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەکیش بیستراوە.
ئەمەش دوای ئەوەهات کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک لە هەڵکشانی سەربازی نێوان هیندستان و پاکستان رێککەوتنێکی گشتگیر هاتووەتە ئاراوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە هەردوو وڵات رەزامەندییان لەسەر ئاگربەست دەربڕیوە. هەروەها سوپاسی هەردوو هیندستان و پاکستانی کرد بۆ "هەستی دروست و ژیریان بۆ رازیبوون بە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە".
لەلایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی پاکستان محەمەد ئیسحاق دار رایگەیاند کە وڵاتەکەی و هیندستان رێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی "تەواو نەک بەشەکی"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 30 وڵات بەشداربوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کە ئەم ئەنجامەیان بەدەستهێنا.
هەروەها، فرانس پرێس رایگەیاند؛ وەزیری دەرەوەی هیندستان سوبراهمانیام جایشانکار، "گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ پاکستان دەربارەی ئاگربەست و کاری سەربازی" پشتڕاستکردەوە، بەگوێرەی ئاژانسی.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی فڕۆکەوانی پاکستان رایگەیاند کە کەشی ئاسمانی خۆی بەڕووی هەموو گەشتەکاندا کردووەتەوە، دوای راگەیاندنی ئیسلام ئاباد و نیودەلهی و واشنتۆن بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان، ئەمەش دوای داخستنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.
سەرچاوە هەواڵیەکان رایانگەیاند؛ چەند پێکدادانێکی نوێ لە نێوان هەردولادا رویداوە و وەزیری دەرەوەی هیندستانیش رایگەیاند؛ پاکستان رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە.
لە کاتێکدا سیاسەتە بازرگانییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بازاڕەکانی جیهانی تووشی شەپۆلێک لە نادڵنیایی و شڵەژان کردووە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا داوای لە هاوڵاتیانی ئەمریکا کردووە کە خۆیان بۆ رۆژانی سەختی ئابووری ئامادە بکەن.
لە بارودۆخێکدا کە بازاڕی کار هێشتا جێگیرە و رێژەی بێکاری لە مانگی چوار گەیشتووەتە %4.2، ترس لە داهاتوو و نائارامییە توندەکان لە بازاڕە داراییەکاندا وایکردووە پێویستی بە پشتیوانییەکی دارایی زیاتر لە جاران هەبێت.
بەپێی ئەو راپۆرتە، هاوڵاتیان دوای گەیشتن بەم ئاستە، دەبێت هەوڵ بدەن پاشەکەوتێک کە هاوتای سێ بۆ شەش مانگ تێچووی ژیان بێت بۆ بارودۆخی بێکاری یان قەیرانە گەورەکان دابین بکەن، چونکە بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، تێکڕای ماوەی بێکاری لە ئەمریکا بە نزیکەی شەش مانگ مەزەندە کراوە.