ترەمپ: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هیندستان و پاكستان فراوان دەكەین
شنیار
١١ی ئایاری ٢٠٢٥
لە دوای رێككەوتنی نێوان هیندستان و پاكستان ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە فراوان دەكەن.
ترەمپ لە بڵاوكراوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال رایگەیاندووە، لەگەڵ هندستان و پاكستان كار دەكات بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند دەكرێت لە دوای هەزار ساڵ بگەنە چارەسەرێك سەبارەت بە هەرێمی كشمیر، هەروەها رایگەیاندووە ، ئەمریكا ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ هەریەك لە هیندستان و پاكستان فراوان دەكات .
لە دوای چەند رۆژێك لەشەڕ و ئالۆزی ، رۆژی شەممە سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستی نێوان هندستان و پاكستانی راگەیاند و لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس نوسی، دوای شەوێكی دورودرێژ لە گفتوگۆ و بە نێوەندگیری ئەمریكا، هندستان و پاكستان رێككەوتون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێكی بەپەلە و گشتگیر .
لەلایەكی دیكەوە و چەند كاتژمێرێك دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكە، وەزیری دەرەوەی هندستان، پاكستانی بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد و وەزیری راگەیاندنی پاكستانیش رەتیكردەوە.