خێزانی میرنشینی قەتەر فڕۆكەیەكی تایبەت كە بەهاكەی نزیكەی نیو ملیار دۆلارە پێشكەشی سەرۆكی ئەمریكا دەكات.

چەند سەرچاوەیەك بە تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی ئەمریكییان راگەیاندووە، بڕیارە خێزانی میرنشینی قەتەر لە سەردانەكەی چەند رۆژی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆكەیەكی تایبەتی گرانبەهای وەك دیاری پێشكەش بكەن كە رۆڵی كۆشكێكی فڕیو دەگێڕێت، فڕۆكەكە لە جۆری بۆینگ 747-8 جەمبۆیە و بەهاكەی بە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە بەرانبەریشدا ترەمپ ئامادەیی بۆ وەرگرتنی فڕۆكەكە دەربڕی و ئاشكرایكرد، فڕۆكەكە وەك جێگرەوەی فڕۆكەی سەرۆكایەتی بەكاردەهێنێت و پێش كۆتاییهاتنی خولی سەرۆكایەتییەكەی، خاوندارێتی فڕۆكەكە دەگوازێتەوە بۆسەر دامەزراوەی كتێبخانەی سەرۆكایەتی ترەمپ.

وەزارەتی دادی ئەمریكاش رایگەیاند، وەرگرتنی فڕۆكەكە ناچێتە چوارچێوەی بەرتیل وەرگرتنەوە و لێپرسراوانی تری ئەمریكاش دەڵێن، فڕۆكەكە لە مێژووی ئەمریكادا بە گرانبەهاترین دیاریی دادەنرێت كە لەلایەن وڵاتێكی بیانییەوە پێشكەشی سەرۆكێكی ئەمریكا كرابێت.