ناتانیاهۆ دەنگۆی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ترەمپ رەتدەكاتەوە و دەشڵێت، ترەمپ بە نیاز نییە دان بنێت بە دەوڵەتی فەڵەستیندا.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێكیدا بۆ لیژنەی دەرەوە و ئاسایشی پەرلەمانی وڵاتەكەی، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەسەر شەڕی غەززە ناكۆكی كەوتووەتە نێوانیان، وتی، هیچ ناكۆكییەك لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریكا و بە دیاریكراوی ئەو و ترەمپدا نییە سەبارەت بە شەڕی غەززە، وتیشی، ترەمپ بە نیاز نییە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.

ناتانیاهۆ جەختیشیكردەوە، ئیسرائیل مۆڵەت لە ئەمریكا وەرناگرێت بۆ پلانە سەربازییەكانی لە غەززە و ئەمریكاش خۆبەخشانە لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە شەڕی دژی حوسییەكانی كردووە.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێك لە میدیا جیهانییەكان دەنگۆی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپیان لەسەر شەڕی غەززە بڵاوكردەوە و باسیان لەوەكردبوو، ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بە نیازە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.