ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات دەستپێکرد و ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد: گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژویی دەبێت.

ترەمپ پێشتر لە کۆشکی سپی و ئاماژە بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری سوککردنی سزاکانی سەر سوریای کردبوو و ئاماژەی بەوەکرد: ئاسایش بۆ سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و وڵاتانی دیکە دابین دەکەین.

لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە. ئەم سێ وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو هەوڵ دەدەن کاریگەری خۆیان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زیاد بکەن.

کەناڵی سی ئێن ئێن باسی لە گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و نووسیویەتی ئەم وڵاتانە پەیوەندی کەسییان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دامەزراندووە و بەکۆمەڵ پابەندبوون بە وەبەرهێنانی ملیارەها دۆلار لە ئەمریکا.

هەروەها ئەم وڵاتانە هەوڵیان داوە وەک ناوبژیوان لە ململانێکانی غەززە و ئۆکراین مامەڵە بکەن.

هاوکارێکی باڵای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە بەحرەین بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە، لە چاوی دۆناڵد ترەمپ، دەوڵەتانی کەنداو هەموو تایبەتمەندییە خوازراوەکانیان هەیە، ئەوان پابەندن بە وەبەرهێنانی تریلیۆن دۆلار لە ئابووری ئەمریکا و خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی.