سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە دانوستانەکانی روسیا و ئۆکراین دەکات و دەڵێت: ئەنکەرە ئامادەیە بۆ میوانداری لەهەر دانوستانێکی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ئەنجامدا و رایگەیاند، پێشوازی لە پێشنیاری سەرۆکی روسیا دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ئیستانبوڵ لە 15ی ئایاردا، جەختی لەوەشکردووە، تورکیا ئامادەیە میوانداری لە هەر دانوستانێک بکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە چارەسەری هەمیشەیی.

ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدات کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتی بەردەوامی نێوان روسیا و ئۆکراین، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستان.

جێگەی ئاماژەیە، پوتن رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هەرگیز گفتوگۆی لەگەڵ ئۆکراین رەت نەکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، مۆسکۆ دەیەوێت گفتوگۆی جددی ئەنجامبدات سەبارەت بەو ململانێیەی کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.