ترەمپ: ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستیان پێشێل كردووە
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئێران و ئیسرائیل پێشێلكارییان كردووە و پابەندی ئاگربەست نەبوون و داواشیان لێدەكات، رەوشەكە هێور بكەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دڵخۆش نییە بە هەوڵەكانی ئیسرائیل كە خۆی ئامادە دەكات بۆ بۆردومانكردنی ئێران و داواشی لێكردووە لە بۆردمانكردنی ئێران بووەستێت.
جەختیشیكردەوە، ئیسرائیل و ئێران پابەندی ئاگربەست نەبوون و پێشێلكارییان كردووە.
دەشڵێت، بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بە تەواوی لەناوبراون و هەرگیز ئەو وڵاتە ناتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی بنیاتبنێتەوە و لەمەودوا رەوشێكی نوێ روو لە ناوچەكە دەكات.
ترەمپ وتیشی، ئێران و ئیسرائیل ماوەیەكی زۆرە لە شەڕدان و گەیشتووەتە ئاستێك ئامانجەكانیان روون نییە و نازانن چی دەكەن.
کەمێک بەر لە ئێستاش دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروز" رووی دەمی کردووەتە ئیسرائیل و دەڵێت: ئەو بۆمبانە هەڵمەدە، ئەگەر بیکەیت پێشێلکارییەکی گەورەیە.
دەشڵێت: هەر ئێستا فڕۆکەوانەکانت بنێرەرەوە بۆ ماڵەوە.