کارۆلین لیڤت وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند کە "سەرۆک ترەمپ کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام پێی وایە گەیشتن بە ئەم ئامانجە پێویستی بە بەکار هێنانی هێزە.

لیڤیت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” وتی: “سەرۆک ئاشتی دەوێت، بەڵام هەندێکجار دەبێت هێز بەکاربهێنرێت بۆ دەستەبەرکردنی”، ئەمەش لە لێدوانێکدا سەبارەت بە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی راشیگەیاند: هیچ سەرۆکێکی پێشوی ئەمریکا وەکو ترەمپ بوێری هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی نەبووە و وتیشی ترەمپ بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شایانی باسە بەرەبەیانی 22ـی مانگ، ئیدارەی ترەمپ لە هەرسێ وێستگەی ئەتۆمی شارەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان ـی داو بەپێی لێدوانەکانی واشنتۆن، ئەم هێرشانە ئامانجیان وێرانکردن یان زۆر لاوازکردنی پڕۆگرامی ناوەکی ئێران بووە.

کاردانەوەی نێودەوڵەتی دژ بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکان:

لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکاندا، بەڕازیل بە توندی سەرکۆنەی لێدانی ئەمریکییەکانی کرد و بەڕای ئەو ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و پێوەرەکانی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیە، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور هێرشەکانی ئەمریکای سەرکۆنەکرد و بەڕای ئەو “پێشێلکردنی سەروەری ئێران و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی”یە. لەلایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەیڤد لامی، ئەوروپیەکانی ئاگادارکردەوە لە “ساتێکی مەترسیدان”، ئەمەش دوای ئەوەی کە ئێران بەڵێنی دا، وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.