نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، كاتی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران نزیكبووەتەوە، سەرۆكی فەرەنساش داوا لە تاران دەكات هاوكاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بكات.

ستیڤ ویتكۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هیواخوازە بگەنە رێككەوتنی ئاشتی تەواوەتی لەگەڵ ئێران، وتیشی رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران نزیكە چونكە تاران ئامادەیە رێككەوتن بكات.

ویتكۆف جەختیلەوەشكردەوە، تاران چەندین ساڵی دیكەی پێویستە بۆ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمیەكەی.

هاوكات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دانوستانەكان لەگەڵ ئێران دەستپێدەكاتەوە، هەروەها كەمكردنەوەی سزاكانی سەر ئێرانیشی بەدوور نەزانی.

ترەمپ راشیگەیاند، ئەو حەز بە رێككەوتنێكی ئاشتی درێژخایەن دەكات، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئەوە جەنگ هەڵدەگیرسێننەوە، بەڵام ئەوە روونادات چونكە تاران لە ئێستادا زیاتر جەختدەكاتەوە لەسەر بنیاتنانەوەی وڵاتەكەی، نەوەك پەرەپێدان بە چەكی ئەتۆمی.

هەروەها ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، پێویستە ئێران راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن دانوستان بكات نەك لە رێگای وڵاتی سێیەم و چوارەمەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە، ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا داوای لە ئێران كرد هاوكاریەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستپێبكەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسایەكی پەسەند كرد بۆ راگرتنی هاوكاریەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.