جیهانجیهان

وەزارەتی بەرگریی روسیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا خستووەتە خوارەوە و تێکیان شکاندوون. ئەمەش دوای هێرشێکی شەوانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین دێت.

وەزارەتی بەرگریی روسیا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، کە 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ئاسمانی هەرێمی ڤۆلگۆگراد لە باشوری روسیا خراونەتە خوارەوە. پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکەش، کە ژمارەیان 10 دانە بوو، لەسەر ئاسمانی هەرێمەکانی رۆستۆڤ، بێلگۆرۆد و بریانسک لە باشووری رۆژاوای وڵات تێکشکێندراون.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتەکە، ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکێندراوەکان بەم شێوەیە بوون:

  • 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڤۆلگۆگراد.

  • 8 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڕۆستۆڤ.

  • یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بێلگۆرۆد.

  • یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بریانسک.

شایەنی باسە، دوێنێ شەممەیش وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان توانیویانە چوار مووشەکی جۆری "نێپتۆن" و 233 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بخەنە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر ئاسمانی نیمچە دوورگەی قرم و پارێزگای سمۆلێنسک خرانە خوارەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا زۆرێک لە دامەزراوە میدیاییەکان لەسەر ئاستی جیهان روو لە بەکارهێنانی زیاتری تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) دەکەن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی بەرهەم، چەندین گۆڤار و ماڵپەڕی گەورە رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە.

هۆکاری ئەم رەخنانەش بڵاوکردنەوەی وتار و بابەتی ساختەیە کە بە تەواوی لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراون، بەبێ ئەوەی لەلایەن سەرنووسەرەکانەوە بە وردی پشکنینیان بۆ کرابێت
.

یەکێک لەو گۆڤارانەی تووشی ئەم کێشەیە بووە، گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر"ە، کە خاوەندارێتی کۆمپانیای گەورەی "ئەکسێل سپرینگەر" دەکات. سێ مانگ دوای ئەوەی گۆڤارەکە پلانی کەمکردنەوەی نزیکەی سێیەکی کارمەندەکانی راگەیاند بە بیانووی "پشت بەستنی تەواو بە زیرەکی دەستکرد"، ناچار بوو ژمارەیەک وتار بسڕێتەوە کە دەرکەوت لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراون.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "پرێس گازێت"ی بەریتانی، دوو دامەزراوەی دیکەش، ئەوانیش گۆڤاری "وایرێد"ی تایبەت بە تەکنەلۆجیا و ماڵپەڕی رێکخراوی "ئیندێکس ئۆن سێنسەرشیپ" (پێنوێنی سانسۆر) کە چاودێری ئازادی رادەربڕین دەکات، ناچار بوون چەند بابەتێک بسڕنەوە کە بە ناوی "ماراگو بلانچارد"ەوە بڵاوکرابوونەوە.

ئەم وتارانە دوای ئەوە سڕانەوە کە ژمارەیەک ناڕاستی و هەڵەی زەقیان تێدا دۆزرایەوە، وەک دروستکردنی ناوی شار و کۆمپانیای خەیاڵی، کە پێش بڵاوکردنەوەیان لەلایەن سەرنووسەرەکانەوە نەدۆزرابوونەوە. رۆژنامەی "دیسپاتچ"ی بەریتانی، یەکەم لایەن بوو کە زەنگی مەترسی لێدا، دوای ئەوەی گومانی لە وتارێکی پێشنیارکراوی بلانچارد کرد سەبارەت بە شارۆچکەیەکی کانزایی خەیاڵی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، پاشان زانیارییەکانی نارد بۆ رۆژنامەی "پرێس گازێت".

گۆڤاری "وایرێد" وتارێکی بلانچاردی بڵاوکردبووەوە دەربارەی ئەو ژنا و پیاوە راستەقینانەی کە لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی وەک "ماین کرافت" و "رۆبلۆکس"ەوە هاوسەرگیری لەسەر ئینتەرنێت دەکەن. گۆڤارەکە لە مانگی ئابدا وتارێکی داوای لێبوردنی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووی: "چۆن گۆڤاری وایرێد فێڵی لێکرا لەلایەن نووسەرێکی سەربەخۆوە کە زیرەکی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ نووسینی تەواوی بابەتەکە... ئەگەر هەر لایەنێک بتوانێت فێڵ و ساختەکارییەکانی زیرەکی دەستکرد بدۆزێتەوە، ئەوا وایرێدە... بە داخەوە، یەکێک توانی ئێمە چەواشە بکات."

هەروەها گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر" لە مانگی نیسانی رابردوودا دوو وتاری بلانچاردی بڵاوکردبووەوە، نزیکەی مانگێک پێش ئەوەی کۆمپانیاکە رایبگەیەنێت کە %21ی کارمەندەکانی لە کار دەردەکات لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ "تەواو پشت بەستن بە زیرەکی دەستکرد". یەکێک لە وتارەکان بە ناوی "کارکردن لە دوورەوە باشترین شت بوو بۆ من وەک دایکێک، بەڵام خراپترین شت بوو بۆ من وەک کەسێک"، وتارەکەی دیکەش بە ناوی "لە تەمەنی چل و پێنج ساڵیدا بوومە خاوەنی یەکەم منداڵم. لە رووی داراییەوە جێگیر بووم و ساڵانێک ئەزموونی ژیان رێنماییم دەکات."

دوای ئەم روداوانە، ماڵپەڕی "بیزنس ئینسایدەر" هەردوو وتارەکەی سڕییەوە و لە جێگەیاندا پەیامێکی دانا کە تێیدا هاتبوو: "ئەم وتارە سڕایەوە چونکە لە ئاستی مەرجەکانی بیزنس ئینسایدەر دا نەبوو.".

ئەم هەواڵە بە پاشەکشەیەکی گەورە دادەنرێت بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە زۆرێک لە ژوورەکانی هەواڵدا دراون بۆ کەمکردنەوەی تێچوون و زیادکردنی بەرهەم بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد. دوو توێژینەوە کە لە مانگی ئازار و ئابدا ئەنجامدراون ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی نیوەی رۆژنامەنووسانی جیهان ئێستا پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستن لە بەرهەمهێنانی بابەتەکانیاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی رێژەی مردن بە نەخۆشی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا.

لە راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە، لە رۆژانی 27 تا 30ی تەمموزی 2025، 67 هەزار و 705 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆلێرا و سکچوونی توند لە 18 وڵات و ئەو هەرێمانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرپەرشتی و چاودێرییان دەکات تۆمارکراون، لە هەمان ماوەدا 624 کەس لە جیهاندا بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2025 ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا بە ڕێژەی 43% زیاتر بووە بە بەراورد بە مانگی تەمموزی 2024. لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024، زیاتر 96 هەزار حاڵەت و 436 حاڵەتی مردن بەهۆی کۆلێرا لە 21 وڵاتدا تۆمارکراوە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارن لە توندبوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، بەتایبەتی لە گوندەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە سەرانسەری جیهاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای باڵای تێهەڵچونەوەی ئەمریكا سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ترەمپەوە بەسەر وڵاتانی جیهاندا بە نایاسایی ناوبرد و دەشڵێت، ئەو تەنیا مافی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە ئابوری ئەمریكا بكات.

دادگای باڵای تێهەڵچونەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، پێناسە گومرگییەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكە بەسەر وڵاتاندا نایاساییە لەناویاندا كەنەدا و مەكسیك و چین.

ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كارەی ترەمپ لەگەڵ یاسا یەكناگرێتەوە و دژیەكە، بەڵام تەنیا دەتوانێت پارێزگاری لە ئابوری وڵات بكات.

لە بەرانبەردا ترەمپ رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت و رایگەیاند، ئەو بڕیارە ئەمریكا لەناو دەبات و دادگا بە هەڵە وتویەتی دەبێت پێناسە گومرگییەكان لاببرێت، بەڵام دەزانن ئەمریكا لە كۆتاییدا دەیباتەوە و سەركەوتوو دەبێت و ئەگەر پێناسەكانن لاببەن زیانی گەورە بەر ئابوری ئەمریكا دەكەوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایدەکات، دوای دەیان ساڵ لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ بوژانەوەی چینی ئۆزۆن، رەنگە هۆکاربێت لە خێراکردنی گەرمبوونی جیهان.

بەپێی توێژینەوەک کە لە گۆڤاری  Atmospheric Chemistry and Physics بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 چینی ئۆزۆن ببێتە دووهەم گەورەترین هۆکاری گەرمبوونی جیهان لە دوای دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە.

توێژینەوەکە پێشبینی کردووە ئۆزۆن بەشداربێت لە گیرانی وزەی زیادە بە بڕی 0.27 وات لە مەتر چوارگۆشەیەک لە نێوان ساڵانی 2015 و 2050، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەردەوامی چاکبوونەوەی چینە ئۆزۆنەکان زۆربەی ئەو قازانجە کەشوهەوایانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە چاوەڕوان دەکرا لە قەدەغەکردنی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (CFCs) و هایدرۆکلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (HCFCs) بەپێی پرۆتۆکۆڵی مۆنتریاڵی ساڵی 1987 بەدەست بێت.

پرۆفیسۆر بێڵ کۆلینز کە سەرکردایەتی تیمی توێژینەوەکە دەکات، رایگەیاندووە: وڵاتەکان هێشتا کارێکی دروست دەکەن بە قەدەغەکردنی مادە کەمکەرەوەکانی ئۆزۆن، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە کە بە گەڕانەوەی چینە پارێزەرەکە هەسارەکە زیاتر گەرم دەکات لەوەی پێشتر بیرمان لێدەکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاشماوەی کارگە و ئۆتۆمبێلەکانیش کە تێکەڵی بەرگە هەوا دەبن بەشدارن گەرمبوونی جیهان و کێشەی تەندروستی دروستدەکەن.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو گازانەی کە بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن قەدەغەکراون خۆیان مادەی ساردکەرەوەی بەرگەهەوا بوون. لەگەڵ نەمانی ئەوان، سیستەمی کەشوهەوا ئەم کاریگەرییە ساردکەرەوەیانە لەدەست دەدات، لە کاتێکدا ئۆزۆنی وەرگیراو بەشدارە لە گەرمبوونی زیاتر.

ئێستا زانایان و بڕیاردەران رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە کە هاوسەنگکردنی پاراستنی چینە ئۆزۆنەکان کە ژیان لەسەر زەوی دەپارێزێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی گەرمبوونی جیهان کە مەترسی لەسەر تەواوی سیستەمی کەشوهەوا دروست دەکات. ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی ستراتیژی یەکگرتوو هەیە کە لە یەک کاتدا هەردوو کێشەکە چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمخانەییەکانی دیکە، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرز بکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كرملن بە لەبەرچاوگرتنی مەرجێك، كۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆكی روسیا و ئۆكراین بەدوور نازانێت.

میدیاكانی روسیا بڵاویانكردووەتەوە، دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملن) پشتڕاستی كردووەتەوە، بەلای ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیاوە كارێكی سەخت نییە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی هاوتا ئۆكراینییەكەی كۆببێتەوە، بەو مەرجەی تیمە دانوستانكار و پسپۆڕەكانی هەردوولا ئامادەكاری و زەمینەسازیی تەواویان بۆ كۆبوونەوەكە كردبێت.

پیسكۆڤ ئاماژەی بەوەشكردووە، كاركردنی پسپۆڕان لەسەر ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پوتن و زیلینسكی بەرەوپێشچوونی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام روسیا تائێستاش چاوی لەوەیە و ئامادەیە گفتوگۆی لەو جۆرە بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا پارێزبەندی تایبەتی كامالا هاریس هەڵبوەشێنێتەوە و چیتر لەلایەن دەزگای خزمەتی نهێنیەوە پاسەوانیی نەكرێت.

كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نامەیەكی ئاڕاستەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی كردووە، رێگەی پێداون لە یەكی ئەیلولەوە تەواوی ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی بۆ پاراستنی كامالا هاریس جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا گرتوویانەتەبەر، كۆتایی پێبهێنن.

بەپێی دەستوری ئەمریكا سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە دوای كۆتاییهاتنی كابینەكانیان، بەدرێژایی ژیانیان پارێزبەندی تایبەتیان بۆ دابین دەكرێت و لەلایەن دەزگای خزمەتی نهێنییەوە پاسەوانی دەكرێن.

سەرچاوەیەكیش بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، كامالا هاریس وەك جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بەپێی یاسای فیدراڵی دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكەی، شەش مانگ پارێزبەندی بۆ دابینكراوە كە دەبوو 21ـی تەممووز كۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانێكی نهێنی بایدن، پارێزبەندییەكەی بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژكراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا لە رێگەی کۆکردنەوەی دەیان هەزار سەربازەوە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشێکی نوێی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردوە لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراین بەردەوامی هەیە.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپای روسیا 100 هەزار سەربازی لەسەر سنوری وڵاتەکەی کۆکردوەتەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ  کۆنترۆڵکردن ناوچەی پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین لە ماوەیەکی نزیکدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا سوپای وڵاتەکەی کاردەکات بۆ بەرگریکردن لە شاری سومی کە ماوەی چەند مانگێکە لە سێ قۆڵەوە لەلایەن سوپای روسیاوە گەمارۆدراوە  و تەنها پێنج  کیلۆمەتریان ماوە بچنە ناوەندی شاری سومیەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بەردەوامە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراین و دەستپێکردنی کۆبونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی کۆریای باکور هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردەوە و بەدەستی خۆی چەکێکی نوێی جۆری نیشانەشکێنی تاقیکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور سەردانی بنکەی مەشق و راهێنانی سوپای گشتی وڵاتەکەی کرد و هێزە تایبەتەکانی بەسەرکردەوە، تێیدا پشتگیری خۆی بۆ بەهێزکردنی هێزە تایبەتەکان دووپاتکردەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کیم چەکێکی نوێی نیشانەشکێنی تاقیکردوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو چەکە وردە و توانای پێکانی مەودای دووری هەیە.

سەرۆکی کۆریای باکور یەکە نیشانەشکێنەکانی سوپاکەی بە هێزێکی ورد هەڵبژێردراو بۆ ئەرکە گرنگەکان و راهێنراو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەربەخۆ وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرزکردنەوەی بەرچاوی تواناکانی نیشانەشکێن  و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، ئەرکێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی هێزی سەربازی وڵات.

کیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە، پڕچەککردنی تەواوی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ ئەوەی ببنە هێزی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا ، ئەرکی یەکەمە ە لە ئامادەکارییەکانی سوپای ئێمە بۆ شەڕ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە کە نیازی وایە لەمەودوا داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبارانی کوشتن لە شاری واشنتۆن دی سی بکات.

ناوبراو ئەم لێدوانەی لەکاتی کۆبوونەوەیەکی ئیداری لە کۆشکی سپیدا، و پێی وایە سزای لەسێدارەدان دەتوانێت "ڕێگر"بێت لە کەمکردنەوەی تاواندا.

ترەمپ پێشتر رەوشی پایتەختی ئەمریکای بە "بێ یاسایی" وەسفکردبوو. بە وتەی ناوبراو، ئەم وەسفە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و رێکارە هاوشێوەکان لە شارەکانی دیکەی وەک شیکاگۆ و باڵتیمۆر.

لەگەڵ ئەوەشدا، موریێل باوزەر، سەرۆکی شارەوانی واشنتۆن، بانگەشەکانی ترەمپی لەبارەی زیادبوونی تاوان رەتکردووەتەوە. باوزەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامارەکانی تاوان لەم شارەدا دوای گەیشتنی بە لووتکە لە ساڵی 2023، ئێستا کەمی کردووە.

ئەم بڕیار و لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، وەزارەتی دادی ئەمریکا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لەسەر ئاستی فیدراڵی راگرتبوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەریای سپی ناوەڕاست، گۆڕەپانێكی بێبنی بێسەروشوێنبوون و مەرگی دەیان هەزار كۆچبەر لە دەیەی رابردوودا

ساڵانە هەزار خێزان بە منداڵی تازە لەدایكبوو و شیرەخۆرە و ژنی دووگیان و كەسانی تەمەن هەڵكشاو و گەنجەوە، وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا بەجێدەهێڵن و بە ئومێدی دۆزینەوەی ژیانێكی باشتر خۆیان دەدەنە دەست شەپۆلە یەك لە دوای یەكەكانی دەریای ناوەڕاست. بەشێك لەو خێزانانە لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو دەبن، بەڵام هەزارانیان چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێیان دەكات.

بەشێكیان دوای چەند رۆژێك تەرمەكانیان لەلایەن  تیمە دەریاییەكانی وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست دەدۆزرێنەوە و بەشێكی تریشیان بۆ هەمیشە بەبێسەروشوێنی دەمێننەوە یان دەبنە خۆراكی ماسییەكان.

بەگوێرەی داتاكانی (ئەلارم فۆن) كە رێكخراوێكی ناحكومی قازانج نەویستی ئەوروپیە، لە 2024دا نزیكەی هەزار و 300 بەلەمی چووپی بچووك لە هەوڵیاندا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاست دوچاری گرفتی تەكنیكی یان سروشتی بوون و لەناو ئاودا گیریان خواردووە یان ژێرئاو كەتوون، بەوهۆیەشەوە لانی كەم سێ هەزار و 812 كەس مردوون یان دیار نەماون.

بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی سنوریی یەكێتی ئەوروپا-فرۆنتێكس، ساڵی رابردوو 240 هەزار حاڵەتی كۆچی نایاسایی بوونی هەبووە كە 25 %یان ئەو كەسانە بوون لە باكوری ئەفریقاوە بە دەریای ناوەڕاستدا پەڕیونەتەوە بۆ ئیتاڵیا و ماڵتا، ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیش دەڵێت ئەو ڕێڕەوە یەكێكە لە كوشندەترین دەروازە دەریاییەكانی جیهان.

ئەو ژمارانەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لە ئەنجامی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و باكووری ئەفریقا، بەڕێژەی زیاتر لە 33% دابەزیون.

لەو بارەیەوە، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، كەمكردنەوەی ئاستی كۆچی نایاسایی و پەكخستنی بازرگانیی قاچاخچییەكان تاكە ڕێگەیە بۆ دابەزاندنی رێژەی گیانلەدەستدانی ئەو كۆچبەرانەی كە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ڤلادیمێر پوتن تەنها بەهۆی پەیوەندی کەسییەوە نایەوێت لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی کۆببێتەوە، چونکە خۆشی ناوێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چەندین جار هەوڵی داوە بۆ ریکخستنی کۆبوونەوەی نێوان پوتن و زیلینسکی، بەڵام هەوڵەکانی لەلایەن مۆسکۆوە رەتکراوەتەوە.

وتیشی، پوتن هیچ کاتێک زیلینسکی خۆشنەویستووە بۆیە نایەوێت لەگەڵیدا کۆببێتەوە، ئەوەش شتێکی ئاساییە چونکە منیش کەسانێکم خۆشناوێت و نامەوێت لەگەڵیان کۆببمەوە.

لەلای خۆشیەوە زیلینسکی رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باشی لەگەڵ ​​نوێنەری ئەمریکا ئەنجامداوە، باسیان لە فشارەکان کردووە بۆ سەر روسیا بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست و "راستەقینە" و رۆڵی ئەمریکا لە ئاسایشی ئۆکراین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ناچێتە پاڵ ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن چەند وڵاتێکی رۆژئاواییەوە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین خراوەتەڕوو، جەختیش دەکاتەوە کە "مەرجەکان" بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە "نەهاتوونەتە دی".

فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەشداری لەو دەستپێشخەرییەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکاندا ناکات کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.

مێرتس ئەم لێدوانەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دا، کە وڵاتەکەی مانگی رابردوو نیازی خۆی بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین راگەیاندبوو، هاوشێوەی هەنگاوی فەرەنسا و بەریتانیا.

مێرتس وتی: "هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ئەگەری دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین روونە." هەروەها وتیشی: "کەنەدا ئەوە دەزانێت. ئێمە بەشداری لەم دەستپێشخەرییەدا ناکەین، چونکە لەو باوەڕەدانین مەرجەکان هاتبێتنە دی."

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، ئەڵمانیا "نیگەرانی و شۆکبوونی" خۆی دەربڕیبوو "بەرامبەر کوژرانی چەندین رۆژنامەنووس و کارمەندی فریاگوزاری و هاوڵاتیی سیڤیل" لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناصر لە کەرتی غەززە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ەوە رایگەیاند: "پێویستە لێکۆڵینەوە لەم هێرشە بکرێت،" و داوای لە ئیسرائیل کرد "رێگە بە گەیشتنی دەزگاکانی راگەیاندنی سەربەخۆی بیانی بدات و پارێزگاری لەو رۆژنامەنووسانە بکات کە لە غەززە کار دەکەن."

لەلایەکی دیکەوە، ریم ئەلعەبلی رادۆڤان، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا، دوێنێ دووشەممە گەشتێکی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد کە سەردانی ئیسرائیل، خاکی فەڵەستین، ئوردن و سعودیە دەکات.

وتەبێژێکی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین رایگەیاند: "خانمە وەزیر بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بۆ داهاتووی غەززە و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە. ئەمەش پێویستی بە هەنگاوێکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە گرنگەکانی ناوچەکە هەیە وەک ئوردن و سعودیە."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی چەکداریدا لە ناوچەیەکی دوورەدەستی ئوسترالیا، دوو ئەفسەری پۆلیس کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو. پۆلیسی ڤیکتۆریا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرە هەڵاتووەکە راگەیاندووە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە ناوچەکە دووربکەونەوە.

پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی چەکدارێک دەستیپێکردووە کە لە ناوچەیەکی لادێی ویلایەتی ڤیکتۆریا تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە . بەپێی زانیارییەکانی میدیا ناوخۆییەکان، لەم روداوەدا دوو ئەفسەری پۆلیس کوژراون و ئەفسەرێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی ڤیکتۆریا پشتڕاستیکردەوە کە روداوەکە بەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی ناوخۆیی، نزیک کاتژمێر 10:30خولەک لە نزیک شارۆچکەی پۆرپونکا (Porepunkah) رویداوە، کە دەکەوێتە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر (190 میل) لە باکووری رۆژهەڵاتی مێلبۆرن.

پۆلیس ئاشکرای کرد کە ئەفسەرە بریندارەکە "لەلای خوارەوەی جەستەیەوە بە سەختی بەرکەوتووە" و دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، "پێدەچێت دە ئەفسەری پۆلیس چووبنە شوێنی روداوەکە لە رێڕەوی راینەر (Rayner Track)"، بەڵام هیچ ئەفسەرێکی دیکە لە روداوەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە و لە ئێستادا لە شوێنی ڕووداوەکە ماونەتەوە.

هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە دەستپێکردووە و هۆشداری دەدەن کە دۆخەکە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسیدارە. هاوکات داوا لە هاوڵاتیان کراوە خۆیان لە چوونە ناوچەکە بەدوور بگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە دۆخی غەززە زۆر خراپە و پێویستە 20 بارمتەکە ئازاد بکرێن.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "پێویستە کۆتایی بەو کابوسە بهێنین لە کەرتی غەززە روودەدات."

سەبارەت بە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من بەوە دڵخۆش نیم". ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئاگاداری بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی "وەفا" بڵاویکردەوە کە ژمارەی کوژراوان لە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، گەیشتووەتە 16 فەڵەستینی، کە لەنێویاندا پێنج رۆژنامەنووس و ژمارەیەک فریاگوزار هەن.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا کە کەسانی دیکەش لەو بۆردوومانەی ئیسرائیلدا برینداربوون کە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسری لە خان یونس کردە ئامانج.

پێشتریش روونکرابووەوە کە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل رۆژنامەنووسان و تیمێکی بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی کردبووە ئامانج.

ئاژانسی "وەفا" لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە بڵاویکردەوە کە ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان بریتین لە:

  • حوسام ئەلمیسری: وێنەگری رۆژنامەوانی لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز.

  • محەمەد سەلامە: وێنەگری رۆژنامەوانی لە کەناڵی ئەلجەزیرە.

  • مەریەم ئەبوو دەقە: رۆژنامەنووس، کاری بۆ چەندین دەزگای میدیایی کردووە لەوانە ئیندپێندێنت عەرەبییە و ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP).

  • موعاز ئەبوو تەها: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی NBCی ئەمریکی کردووە.

  • ئەحمەد ئەبوو عەزیز: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی قودسی ناوخۆیی کردووە.

هەروەها ژمارەیەک لە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی لەکاتی گواستنەوەی بریندارەکاندا شەهید بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەحمەد شەرع رایگەیاند، سوریا و ئیسرائیل هەنگاوی باشیانناوە بۆ گەیشتنی بە رێككەوتنی ئەمنیی دوو قۆڵی.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەفدەكانی سوریا و ئیسرائیل لە دانوستانەكانیاندا هەنگاوی باشیان ناوە و  لە رێككەوتنی ئەمنی دوو قۆڵی نزیكدەبینەوە.

جەختی لەوە شكردەوە، وڵاتەكەی درێغی ناكات لە هەر رێككەوتنێك یان بڕیارێك كە خزمەت بە بەرژەوەندی وڵاتەكەیان بكات.

راشیگەیاند، ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئیسرائیل تاوتوێی دەكات، لەسەر بنەمای گەڕانەوەیە بۆ هێڵی  جیاكەرەوەی نێوان هێزەكانی ئیسرائیل و سوریا لە بەرزایەكانی جۆلان، كە لە ساڵی 1974 هاتۆتە كایەوە.

سەبارەت بە لوبنانیش، سەرۆكی سوریا وتی: كەسانێك هەن دەیانەوێت سوود لە سوریای نوێ وەربگرن بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان لەگەڵ حیزبوڵا بەڵام رێگە بەوەنادەن .

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...111112113114115...641