لێپرسراوێكی كۆشكی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ كراوەیە بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ كۆریای باكور بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە وڵاتەكە چەكی ئەتۆمی نەبێت.

لێپرسراوێكی كۆشكی سپی بە ئاژانسی هەواڵی كۆریای باشوری راگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا سێ لوتكەی مێژویی لەگەڵ كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور ئەنجامدا كە نیمچە دورگەی كۆریای سەقامگیركرد و یەكێك لە رێككەوتنەكان داماڵینی چەكی ئەتۆمی بوو.

دەشڵێت، ترەمپ كراوەیە و ئامادەیە پەیوەندیەكانی لەگەڵ كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور ئاسایی بكاتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەكە بە تەواوی ببێتە وڵاتێكی دوور لە‌ چەكی ئەتۆمی.

ئیدارەی ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا چەند رێكارێكی دژ بە كۆریای باكور راگەیاند كە یەكێكیان پاداشتە بۆ ئەو كەسانەی زانیاری بدەن لەسەر حەوت هاووڵاتیی كۆریای باكور كە بەشدارن لە پاڵپشتی دارایی بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكانی پیۆنگیانگ.