سەرۆکی روسیا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سوریا و ژمارەیەک وەزیری دیکە کرد و تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد .
میدیاکانی سوریا رایانگەیاند، لە کۆبونەوەیەکی مێژویدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری و حسێن سەلامە سەرۆکی گشتی هەواڵگری سوریا لەلایەن ڤالدیمێر پوتن سەرۆکی روسیاوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کرملن پێشوازیان لێکراوە.
لەکۆبونەوەکەدا پوتن بە توندی دەستوەردانی سەبازی و هەوڵدان بۆ دابەشکردنی خاکی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە رەتکردوەتەوە ، هەروەها جەختی لە پاڵپشتیکردنی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری و بنیادنانەوەی کردوەتەوە.
شەیبانی جەختیکردوەتەوە، لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا لەسەر بنەمایەکی نوێ کە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات، هەروەها پاراستنی سەرجەم هاووڵاتیانی سوریا بەبێ جیاوازی.
بزووتنەوەی حەماس و ژمارەیەک لە لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکە، رۆژی پێنجشەممە جەختیان کردەوە کە رێگای چارەسەر بە راگرتنی جەنگ دەست پێدەکات، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ئامادەن پرسی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاگربەستدا چارەسەر بکەن.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هاتووە: "لایەنە فەڵەستینییەکان بە گرنگییەوە چاودێریی رەوتی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە کە لەم دواییانەدا لە نیویۆرک کۆتایی هات، کە لە قۆناغێکی مەترسیدار و هەستیاری مێژووی فەلەستیندا بەڕێوەدەچێت."
لایەنە فەڵەستینییەکان رایانگەیاندووە کە رێگای چارەسەری سەرەتا بە راگرتنی جەنگ و ئەوەی بە "کۆمەڵکوژی و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیک" ناویان بردووە، دەست پێدەکات.
هەروەها ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ "چارەسەرکردنی پرسی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاگربەست، کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کردنەوەی دەروازەکان و دەستپێکردنی دەستبەجێی ئاوەدانکردنەوە."
لایەنەکان داوای "رۆشتن بەرەو پرۆسەیەکی سیاسیی جددی، بە چاودێری نێودەوڵەتی و عەرەبی" دەکەن، کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل"
جێگای ئاماژەیە، "راگەیەندراوی نیویۆرک" کە رۆژی چوارشەممە دەرچوو، جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی "حەماس" و رادەستکردنی چەکەکانی بە دەسەڵاتی فەڵەستین کردبووەوە، ئەمەش بە پشتیوانی و بەشداریی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینیی سەربەخۆ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند وڵاتەکەی لەگەڵ روسیا لە پەیوەندیدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی جەنگی ئۆکراینەوە.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای روسیا چەند جارێک پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە بارەی داهاتووی ئۆکراین و ئەنجامدانی ئاگربەستێک لەو وڵاتە .
رۆبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پێکدادانی سەربازی لەگەڵ روسیا بە قبوڵنەکراو دادەنێت، بەهۆی بەهێزی توانای ئەتۆمی هەردوو وڵاتەوە.
وتیشی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی زۆری لە بەردەستە بۆ سەپاندنی سزاکان بە شێوەیەکی لاوەکی بۆ سەر کەرتی نەوت و بانکەکانی روسیا، هیواشی خواست ئەمریکا ناچار بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیادا نەکرێت و هەرچی زوە جەنگ لە ئۆکراین کۆتای بێت.
نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت تا هەشتی ئابی داهاتوو رێککەوتنێک لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت.
جۆن کێلی، جێگری کاروباری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا وتی: "پێویستە روسیا و ئۆکرین لەسەر ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی رێکبکەون. کاتی ئەوە هاتووە رێککەوتنێک بکرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ترەمپ بە روونی وتوویەتی کە دەبێت ئەمە تا هەشتی ئاب ئەنجام بدرێت."
کێلی وتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاشتی."
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە مۆڵەتی 50 رۆژ دەداتە روسیا و ئۆکراین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دوای ئەوە بەنیازە باجی بازرگانی بە ڕێژەی %100 بەسەر مۆسکۆ و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا بسەپێنێت.
دواتر ترەمپ نائومێدی خۆی لە rوسیا و لە پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چارەسەری دەربڕی، بۆیە مۆڵەتەکەی بۆ 10 بۆ 12 رۆژ کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە دڵنیا نییە لە کاریگەریی ئەو سزایانە.
بەهۆی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاو لەچین زیاتر لە 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 80 هەزار کەس بەناچاری ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە.
ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە ناوچەکانی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
راشیگەیاند، دەسەڵاتدارانی پەکین بەهۆی لافاوەکەوە 80 هەزار و 232 کەسیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لافاوی تێدا دروستبووە گواستووەتەوە بۆ جێگەیەکی دیکە.
ئاژانسی شینخوا ئاماژەی بەوەشکردەوە، چەندین رێگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و خانووی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەبەهای دەیان ملیار دۆلار زیانیان بەرکەتووە.
لێپرسراوێکی شارەوانی پەکین ئاشکرایکرد، رێژەی باران بارین بەراورد بە ساڵی رابردوو 67٪ زیادی کردەوە، تەنها لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا 543 ملیمەتر باران لەو ناوچانەدا باریوە.
کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای" (OpenAI)، خاوەنی چات جی پی تی، تایبەتمەندییەکی نوێی بە ناوی "دۆخی فێربوون" (Study Mode) خستە بەردەست کە رێگە بە خوێندکاران و ئەکادیمییەکان دەدات وانەکانیان بۆ شیکرێتەوە بەبێ بوونی مامۆستا، هاوکات ئامانج لێی کەمکردنەوەی قۆپیەکردنی ئەکادیمییە.
بەپێی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، ئەم تایبەتمەندییە نوێیە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی ئەرکی ماڵەوە، خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان و فێربوونی بابەتە نوێیەکان داڕێژراوە. هەروەها توانای کارلێککردنی لەگەڵ وێنەدا هەیە، کە رێگەی پێدەدات بۆ شیکردنەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پێشوو بەکابهێنرێت.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاندووە، "دۆخی فێربوون" ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چات جی پی تی یە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ئامادە. کۆمپانیاکە روونیکردەوە، ئەم ئامرازە تەنها چارەسەر پێشکەش ناکات، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری سەرپێچیکردن لەم شێوازە هەر دەمێنێتەوە ئەگەر خوێندکاران بڕیار بدەن تایبەتمەندییەکە بەکارنەهێنن.
ئۆپن ئەی ئای ئاشکرایکردووە کە زیاتر لە سێیەکی گەنجان لە تەمەنی خوێندنی زانکۆ لە ئەمریکا چات جی پی تی بەکاردەهێنن، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە نزیکەی چارەکێکی نامەکانیان لە رێگەی رۆبۆتەکەوە پەیوەندی بە فێربوون، وانەی تایبەت یان ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانەوە هەیە.
جەینا دیڤانی، بەرپرسی خوێندنی نێودەوڵەتی لە چات جی پی تی لە ئەمریکا، رایگەیاندووە کۆمپانیاکەیان نایەوێت رۆبۆتەکە لەلایەن خوێندکارانەوە بەهەڵە بەکاربهێنرێت و ئەم ئامرازە بە "هەنگاوێک بەرەو هاندانی بەکارهێنانی ئەکادیمی دروستکەرانەی چات جی پی تی" دادەنێت.
دیڤانی دانی بەوەدانا کە چارەسەرکردنی قۆپیەکردنی ئەکادیمی پێویستی بە "گفتوگۆیەکی گشتگیر لەسەر ئاستی پیشەسازی" دەبێت سەبارەت بە گۆڕینی شێوازەکانی هەڵسەنگاندن و دانانی "رێنمایی زۆر روون سەبارەت بەوەی چی بە بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی زیرەکیی دەستکرد دادەنرێت."
ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی بەوەشکردووە کە هاوکاری لەگەڵ مامۆستایان، زانایان و پسپۆڕانی پەروەردەدا کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەم ئامرازە، بەڵام هۆشداریشی داوە لە ئەگەری بوونی "هەڵسوکەوتی ناتەبا و هەڵە لە گفتوگۆکاندا".
ئەم پەرەپێدانە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی "گاردیان" ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2023_2024 نزیکەی 7000 حاڵەتی قۆپیەکردنی سەلمێنراو بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد لە زانکۆکانی بەریتانیادا تۆمارکراوە، کە دەکاتە 5.1حاڵەت بۆ هەر هەزار خوێندکارێک، ئەمەش بەراورد بە 1.6 حاڵەت لە ساڵی پێشوتردا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.
سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟
گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.
سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.
"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"
لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.
تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.
ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.
چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟
چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.
تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.
ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!
"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"
لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.
"سێ خۆزگەکەی من"
لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.
"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"
بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.
لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.
"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"
لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.
لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.
چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟
لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.
وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا
"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"
لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.
باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.
لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.
وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سزا نوێیەكانی ئەمریكای ئیدانەكرد و بە پێشێلكاری یاسا و مافەكانی مرۆڤی وەسفكرد.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی سزا نوێیەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ سەر كەرتی وزەی تاران و چەند كەسێك، وتیشی، ئەمریكا خوی گرتووە بە سیاسەتی گۆشەگیری و هەڵسوكەتی نایاسایی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نایاساییەكانی و ئەو هەنگاوەی ئەمریكاش پێشێلكارییە بۆسەر یاسا و مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكان.
دەشڵێت، سزا نوێیەكانی ئەمریكا هەنگاوێكی پیسە و مەبەستی زیان گەیاندنە بە ئابوری ئێران و خۆشگوزەرانی گەلی ئێران.
شەوی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا زنجیرەیەك سزای بەسەر تۆڕێكی ئێرانی بە قاچاخبردنی نەوتدا سەپاند، كە زیاتر لە 50 ئەندام و دامەزراوەن و نەوتی ئێران و روسیایان بە وڵاتان فرۆشتووە، ئەوەش گەورەترین سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكایە بەسەر ئێراندا لە حەوت ساڵی رابردوودا.
لە شاری یارییەکی سعودیە بەهۆی شکانی یەکێک لە یارییەکانەوە 32 کەس بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
روداوەکە لە شاری یارییەکی سعودیە رویداوە و لەو ساتەی یارییەکە لە کاردا بووە و 32 کەسی لەسەر بووە، لەناکاو شکاوە و بەشێکی یارییەکە لە بەرزییەوە بەر بۆڕی راگرەکان دەکەوێت و دەکەێتە سەر زەوی.
لە روداوەکەدا سەرجەم 32 کەسەکە بریندار بوون، کە بەشێکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە و شکانی یارییەکە، چەند بەڕێوەبەر و کارمەندێکی شاری یارییەکەش بە مەبەستی لێپرسینەوە دەستگیر کراون.
ياساتر يارب انهم بخير وسلامة
— عبدالىىىلام الحارثي (@alharthi_26) July 31, 2025
هذي العاب في منتزه الجبل الاخضر في الطائف طاحت اليوم عليهم وفيها ناس يلعبون
شوفوا اللي طار يارب مافيه شيء وبخير وسليم 😨😨 pic.twitter.com/D8dN8WHgRO
دەزگای رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو بومەلەرزەیەی نیمچە دورگەی کامچاتکای لە رۆژهەڵاتی رووسیا هەژاند، بە گوڕی 8.8 پلە، وەک یەکێک لە 10 بەهێزترین بومەلەرزەکانی جیهان لە ساڵی 1900ەوە پۆلێنکراوە.
دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بومەلەرزەیە لە دوای بومەلەرزە 9 پلەییەکەی ساڵی2011ی ژاپۆنەوە بە بەهێزترین دادەنرێت. لقی کامچاتکای ئەکادیمیای زانستی رووسیاش پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە ناوچەکەی هەژاندبێت لە ساڵی 1952ەوە.
بومەلەرزە بەهێزەکە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی و هۆشداری لە چەندین ناوچەی زەریای هێمن بڵاوکرایەوە. هۆشدارییەکان ناوچەکانی دورگەکانی هاوای و بەشێک لە دورگەکانی ئەلوشیانی ویلایەتی ئەلاسکا، کەناراوەکانی رۆژئاوای کەنەدا و ئەمریکا تا سنووری مەکسیک، هەروەها فلیپین و ئیندۆنیسیای گرتەوە.
لە کامچاتکا ژووری فریاگوزاری خێرای هەرێمی پێکهێنرا و تیمە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنینی وردی دامەزراوە گرنگەکان کرد، بەتایبەتی قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هەر زیانێک.
ئەمریكا بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەك پاداشت دیاری دەكات بۆ دۆزینەوەی سەركردەیەكی قاعیدە لە یەمەن .
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر كەسێك زانیاریی لەسەر "سەعد بن عاتف عەولەقی" هەبێت و یارمەتیدەربێت بۆ دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەڵقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەب، لە لایەن وەزارەتەكەوە خەڵات دەكرێت و دەپارێزرێت.
راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا لە ساڵی 2022 بڕی شەش ملیۆن دۆلاری بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی سەعد عەولەقی دیاریی كردبو.
ئەمریكا رایگەیاندوە عەولەقی یەكێكە لە مەترسیدارترین سەركردەكانی داعش كە لە یەمەن نیشتەجێیە و بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت و ئاشكراشكراوە كە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە ، داوای كوشتنی سەرۆك و سەركردەكانی میسر و ئوردونی كردوە.
ئاسایشی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیركردنی نۆ تیرۆریستی لە رەققە راگەیاند و جەخت لە بەردەوامبونی هەڵمەتەكان دژی داعش دەكاتەوە.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاویكردەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی كانتۆنی رەققە نۆ تیرۆریستی داعش دەستگیركراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو تیرۆریستانەی داعش ئامادەكارییان كردوە بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێك دژی هێزەكانیان و ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی لەوەشكردوەتەوە كە ئۆپراسیۆنەكانیان بەردەوام دەبن لە دژی شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكەدا.
هەسەدە رایگەیاندوە لە ماوەی رابردودا جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە دێرەزۆر و رەققە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە بۆیە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەكانیان دژی رێكخستن و چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە.
بەهێزترین بومەلەرزەی مێژوو بە 8.8 پلە نیمچەدوورگەیەکی روسیای هەژاند و بووەتە هۆی دروستبوونی تسۆنامی، هەروەها لە هەریەک لە ئالاسکا و هاوای ئەمریکا و نیوزلەنداش هۆشداری دراوە و داوا کراوە هاووڵاتیان چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون چۆڵ بکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلە بە پێوەری رێختەر نیمچەدوورگەی کامچاتکای لە روسیا هەژاند، کە ئەوە بەهێزترین پلەی بومەلەرزەیە تاوەکو ئێستا لە جیهاندا تۆمار کرابێت.
بەهۆی بەهێزی بومەلەرزەکەوە تسۆنامی رویداوە و مەترسی زیاتر بوونی شەپۆلەکانی دەریا دەکرێت، کە تاوەکو ئێستا بەرزییەکەیان گەیشتووەتە چوار مەتر، هۆشداریش دراوەتە هەریەک لە ویلایەتەکانی ئالاسکا و هاوای لە ئەمریکا و نیوزلاندا لە ئەگەری گەیشتنی تسۆنامییەکان بەو وڵاتانە.
داواش کراوە، هاووڵاتیانی چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لەو دوو ویلایەتە و نیوزلاندا ماڵەکانیان جێبهێڵن و کەشتییەکانیش کەناراوەکان چۆڵ بکەن.
لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی روسیا باری لەناکاویان لە باکوری دوورگەی کوریل راگەیاندووە.
هێشتا هیچ ئامارێک لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە و جیهان چاوی لەسەر میدیاکانی روسیایە بۆ خستنە رووی زانیاری زیاتر.
کامچاتکا تاکە دوورگەی جیهانە کە دووەمجارە بەهێزترین بومەلەرزە تیایدا روودەدات، لە ساڵی 1952ش بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 8.7 پلە بە پێوەری رێختەر لە دوورگەکەی داوە.
بەریتانیا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت: ئەگەر ئیسرائیل تا مانگی ئەیلولی داهاتوو هەنگاو نەنێت بۆ ئاگربەست ئەو بڕیارە دەدەن.
كییەر ستامەر سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هەنگاونەنێت بەرەو ئاگربەست، ئەوا لە كۆبوونەوەی داهاتووی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ئەیلول، دان دەنێن بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتیشی، دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا لە ئێستادا باشترین كاتە و زۆرترین كاریگەری دەبێت، بەهیوای ئەوەی چارەسەری دوو-دەوڵەت ببێتە هۆی ئارامی و ئاشتییەكی ماوە درێژ لە ناوچەكەدا.
ئەم لێدوانەی ستارمەر لەكاتێكدایە، ئیمانیۆڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێشتر ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتەکەی داندەنێت بە دەوڵەتی فەلەستینیدا لە كۆبوونەوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا.
خوشکی سەرۆکی کۆریای باکور دەڵێت: پێویستە ترەمپ کۆریای باکور وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی قبوڵ بکات، هاوکات هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ رێگیرکردن لەوەی ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی رەتدەکاتەوە.
کیم یۆ جۆنگ خوشکی کیم جۆنگ ئون رایگەیاند، پەیوەندی نێوان براکەی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاساییە و خراپ نییە، بەڵام ئەگەر پەیوەندییە کەسییەکان بەو ئاڕاستەیە بڕوات کە ترەمپ بیەوێت رێگری بکات لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی لەرێگەی دیپلۆماسی، ئەوا وڵاتەکەی جگە لە لە گاڵتەجاری بەهیچ شێوەیەکی تر بیری لێناکەتەوە.
وتیشی، هەموو هەوڵێک بۆ رێگیرکردن لە کۆریای باکور وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی رەتدەکەیەنەوە و دژی دەوەستینەوە.
بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاند، لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی شەوی رابردووی روسیادا، بەلایەنی کەمەوە 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 40 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەندریە یەرماک، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک بۆردومانی سوپای روسیا بۆ سەر زیندانێک لە هەرێمی زاپۆریژیا، 16 کەس کوژراون و 35ی دیکەش برینداربوون. ناوبراو ئەم هێرشەی بە "تاوانێکی نوێی جەنگ لەلایەن روسەکانەوە" وەسف کرد.
هاوکات، سێرگی لیساک، سەرۆکی ئیدارەی ناوچەیی دنیپرۆپترۆڤسک لە پەیامێکدا لە تێلیگرام رایگەیاند، سێ هێرشی دیکە کراوەتە سەر ناوچەکەیان و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکەش برینداربوون. به وتەی ئەو، هێرشەکان به درۆنی تەقینەوه و بۆمبی
لەلایەکی دیکەوە و لە بەرامبەردا، ئۆکراینیاش هێرشی درۆنی کردە سەر خاکی روسیا. یوری سلیوسار، پارێزگاری ناوچەی رۆستۆڤ لە باشوری روسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی ئۆکراینەوە، هاووڵاتییەک لە شاری سالسک کوژراوە کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە.
هەروەها هێڵی ئاسنینی روسیا بڵاویکردەوە، پاشماوەی یەکێک لە درۆنەکان کەوتۆتە خوارەوە و زیانی بە شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر و شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.