وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان پێداگری دەكەن لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.

فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لەمیانی كردنەوەی كۆنفڕانسی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەگای سەرەكی رێكخراوەكە لە نیویۆرك رایگەیاند، یەكەم هەنگاو بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بریتییە لە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین و پێدانی مافەكان بەو گەلە.

هاوكات، ژان نوێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختیكردەوە، دەبێت كۆنفرانسەكە خاڵی وەرچەرخان بێت بۆ جێبەجێكردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی، وتیشی، ناكرێت منداڵان و ژنان لە كاتی وەرگرتنی هاوكارییەكاندا بكرێنە ئامانج.

جەختیشی لەوە كردەوە، دەبێت شەڕی غەززە بوەستێت و وردە وردەش تەواوی ململانێكان كۆتاییان پێبهێنرێن.