ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەریتانیا داوا لە حکومەتەکەیان دەکەن بە رەسمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت، ئەمەش فشارەکانی سەر کییەر ستارمەر زیاتر دەکات.

لە نامەیەکدا کە ئیمزای نوێنەرانی نۆ پارت و لایەنی سیاسی تێدایە و زیاتر 220 ئەندامن، کەمتر لە 24 کاتژمێر  دوای ئەوەی ماکرۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت، ئەو پەرلەمانتارانە داوا دەکەن بەریتانیاش بڕیاری هاوشێوەی فەرەنسا بدات.

راشیانگەیاندووە، ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە بەریتانیا توانای بەدەستهێنانی فەلەستینێکی ئازاد و سەربەخۆی نییە، بەڵام دانپێدانانی وڵاتەکەمان کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت.

فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵاتی گروپی حەوت و بەهێزترین وڵاتی ئەوروپییە ئەم هەنگاوە بنێت، کە ئیدانەکردنی ئیسرائیل و ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێناوە.

کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، لەکاتێکدا دژایەتی شەڕی بەردەوامی غەززە دەکات لە کاتێکدا ترسی برسێتی بەکۆمەڵ تەنگی بە خەڵکی غەززە هەڵچنیوە.