دادگای باڵای فەرەنسا فەرمانی دەستگیركردنی بەشار ئەسەد هەڵوەشاندەوە
یەحیا
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
دادگای باڵای فەرەنسا فەرمانی دەستگیركردنی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشوی سوریای هەڵوەشاندەوە.
دادگاكە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا رایگەیاند، ئەو بڕیارەی كە پێشتر بۆ دەستگیر كردنی ئەسەد دەرچووە لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە 2013دا، نادروستە.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023دا، دادگاكانی فەرەنسا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ بەشار ئەسەد دەركرد بە تۆمەتی هاوبەشی لە تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی خەڵكی بێتاوان كە بەهۆیەوە هەزار كەس گیانیانلەدەستدا.
دۆسیەی دادگا فەرەنسیەكە تایبەتە بە هێرشەكانی ڕۆژانی چوار و پێنجی ئابی 2013 و 21ی ئاب لە عەدرا و دوما لە نزیك دیمەشق و شارۆچكەی غوتەی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا كە تیایدا ئەسەد و سوپاكەی تۆمەتبار دەكات بە هاوبەشی لە تاوانەكانی جەنگ و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا لەوكاتەدا ڕەتیانكردەوە پەیوەندییان بە هێرشەكانەوە هەبێت و یاخیبووانیان بە تاوانبار زانی.