لە شاری سیدنی ئوسترالیا خۆپیشاندانێكی گەورە ئەنجامدرا دژی شەڕی غەززە و خۆپیشاندەران داوای گەیاندنی هاوكارییان بۆ كەرتی غەززە دەكرد.
لە سەر پردی سەرەكی شاری سیدنی ئوستڕالیا چەند گروپێك خۆپیشاندانیان لە ژێر ناوی خراپترین باری برسێتی لە غەززە ئەنجامدا و دەیان هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد و چەند پەرلەمانتارێكیش چونە ناو خۆپیشاندەرانەوە.
خۆپیشاندەران داوای كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەیان دەكرد لەگەڵ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بە خەلكی غەززە.
پۆلیسی ئوستڕالیاش داوای لە خۆپیشاندەران كرد بە هێمنانە ناڕەزایەتیی دەرببڕن و ئەوانیش پارێزگارییان لێدەكەن.
ئەنجومەنی جولەكەی ئوستڕالیا رایگەیاند، پاڵپشتی خۆپیشاندانەكە دەكەن و ئەوانیش داوا دەكەن جینۆسایدی غەززە بوەستێنرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندانەكە كوردێك بە جل و جامانەی كوردییەوە وەستاوە و داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ و برسێتی دەكات .
بەریتانیا بەنیازە سەدان منداڵی نەخۆش و بەدخۆراك لە كەرتی غەززەوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەكردووە، حكومەتی بەریتانیا بە نیازە 300 منداڵی نەخۆش لە غەززە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی و لەلایەن دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە چارەسەریان بۆ بكرێت، ماوەی هەفتەیەكیش دانراوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە.
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی وڵاتەكەی كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە لەكاتی وەرگرتنی هاوكارییەكان، بە نا مرۆڤانە وەسف كرد و داوای كرد ئیسرائیل لێپرسینەوە لەو كەسانە بكات كە پەیوەندییان بەو كارە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەیەوێت بە زووترین كات سەردانی كەرتی غەززە بكات.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی وەفا، لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە، تا ئێستا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 209 هەزار كوژرا و و برینداری لێكەوتووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و زیاتر لە نۆ هەزار كەسیش بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی برسێتییەوە زیاتر لە 200 كەس گیانیانلەدەستداوە.
لە ژاپۆن بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و لە 127 ساڵی رابردوودا بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە.
کەشناسی نیشتمانی ژاپۆن رایگەیاند، پلەی گەرما لە وڵاتەکە گەیشتووەتە 41.2 پلەی سیلیزی، کە لەساڵی 1898ەوە نەگەیشتووەتە ئەو پلەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی باران بارین، هاوکات پێشبینیشی کردووە ئەم مانگەش شەپۆلی گەرما لەو وڵاتە بەردەوام بێت.
کەشناسی ژاپۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەمە سێهیەم ساڵە لەسەریەک دوورگەکانی وڵاتەکە بەرزترین تێکڕای پلەی گەرمی بۆ مانگی تەمموز تۆمار دەکات، ئاشکراشیکردووە، پلەکانی گەرما لە وڵاتەکەدا 2.89 پلەی سیلیزی لە سەرووی ئاساییەوە بووە، کە ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاندووە و لە مانگی تەمموزی 2024دا 2.16 پلەی سیلیزی بووە.
دوای شەڕە قسەی توندی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دیمیتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی پێشووی روسیا، ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند کە فەرمانی کردووە بە جوڵەپێکردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمی بۆ نزیک روسیا وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی مێدڤیدێڤ.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "فەرمانم کردووە بە جێگیرکردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە ناوچە گونجاوەکان، لەبەر ئەوەی ئەم لێدوانە گەمژانە و وروژێنەرانە تەنها قسە نەبن . ئەمەش بە هەنگاوێکی دەگمەنی هەڵکشانی ئەتۆمی دادەنرێت لە نێوان دوو زلهێزەکەدا.
شەڕە قسەکە دوای ئەوە هات کە مێدڤیدێڤ، کە زۆرجار لێدوانی توند لە بەرژەوەندیی کرملین دەدات، رۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکدا بە ترەمپی وتبوو، پێویستە سەیری زنجیرەی "The Walking Dead" بکات و ئاماژەی بە توانای ئەتۆمیی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کردبوو. ئەمەش نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.
پۆتین و ترەمپ
پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن پەیوەندییە "باشەکە"، وەک ئەوەی ترەمپ پێشتر وەسفی دەکرد، لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی روسیادا، لەپڕ تێکچوو؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مانگی رابردوو. دوای چەندین لێدوان کە تێیدا ترەمپ ستایشی پۆتین و زیرەکییەکەی دەکرد لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیا، ترەمپ رایگەیاند کە مۆڵەتی 50 رۆژ دەداتە روسیا بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتیی جددی لەگەڵ کیێڤ.
بەڵام وەڵامی روسیا لەو کاتەدا، توندکردنەوەی هێرشەکان بوو بۆ سەر خاکی ئۆکراین، بە کیێڤی پایتەختیشەوە. سەرەڕای لێدوانە ئەرێنییەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە ئامادەیی بۆ دانوستان، هێرشەکان بەردەوام بوون. ئەمەش وایکرد ترەمپ هەفتەی رابردوو مۆڵەتەکە بۆ 10 بۆ 12 رۆژ کەم بکاتەوە.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە بڕیاریداوە "سزای لاوەکی" بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە نەوتی روسیا دەکڕن، لەوانەش چین و هیندستان و تورکیا، کە هەموویان لە دانوستانی بازرگانیدان لەگەڵ ترەمپ.
شایەنی باسە، ترەمپ و پۆتین لەوەتەی ترەمپ دەسەڵاتی وەرگرتووە، چەندین جار بە تەلەفۆن یان ڤیدیۆ قسەیان کردووە، بەڵام یەکتریان نەبینیوە ترەمپ پێشتر جەختی لەوە دەکردەوە کە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا روسییەکەیدا "زۆر گرنگە" و ئاماژەی بەوە کردبوو کە "هیچ شتێک لەبارەی ئۆکراینیاوە چارەسەر نابێت تا ئەو کاتەی هەردووکیان دەگەنە رێککەوتن."
بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا، زمانی قسەکردنی ترەمپ توندتر بووە و لە هەڵوێستە پێشووەکانی پاشگەز بووەتەوە کە دژی سەپاندنی سزا بوون بەسەر مۆسکۆدا.
سوریا و تورکیا هێڵێکی نوێی غازی سروشتی ناوچەیییان کردەوە، وەزیری وزەی سوریا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە تا شەش ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ڕۆژێکدا دابین دەکات.
محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا بە دابینکردنی 3.4 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت.
لای خۆیەوە، ئاڵپارسلان بایراکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا وتی، ئەنقەرە لە ڕێگەی هەشت خاڵی جیاوازەوە کارەبا هەناردەی سوریا دەکات، ئاماژەی بە پلانەکانی زیادکردنی توانای هەناردەکردن بە ڕێژەی 25% کرد لە قۆناغی یەکەمدا، لەگەڵ ئەگەری دوو هێندەکردنی لە ئایندەدا.
بایراکتار ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە تورکیا توانای هەناردەکردنی تا دوو ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بۆ سوریا هەیە.
کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی ئینستاگرامە، هەنگاوێکی نوێی ناوە کە وا دەردەکەوێت شوێنپێی سیاسەتەکانی "تیک تۆک" هەڵبگرێت، ئەمەش لەرێگەی بێبەشکردنی هەژمارە تایبەتەکان (Private) و ئەو هەژمارانەی کە کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە لە تایبەتمەندی پەخشی راستەوخۆ (Live).
لەوەتەی لە ساڵی 2016 تایبەتمەندی پەخشی راستەوخۆ خرایە بەردەست، هەموو بەکارهێنەرانی ئینستاگرام، بە هەژمارە گەورە و بچووک و گشتی و تایبەتەوە، دەیانتوانی سوودی لێوەربگرن.
بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "9TO5Google"، ئەم هەفتەیە بەکارهێنەرانی هەژمارە تایبەتەکان و ئەوانەی کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە، لە کاتی هەوڵدان بۆ کردنەوەی پەخشی راستەوخۆ، ئاگادارکردنەوەیەکیان پێگەیشتووە کە تێیدا نووسراوە: "هەژمارەکەت چیتر مەرجەکانی بەکارهێنانی پەخشی راستەوخۆی تێدا نییە."
ئینستاگرام لە ئاگادارکردنەوەکەدا روونیشیکردووەتەوە: "مەرجەکانمان بۆ بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە گۆڕیوە. تەنها ئەو هەژمارە گشتییانەی کە هەزار فۆڵۆوەر یان زیاتریان هەیە، دەتوانن ڤیدیۆی پەخشی راستەوخۆ بکەنەوە."
کۆمپانیاکە پێشوەختە ئەم گۆڕانکارییەی رانەگەیاندبوو، ئەمەش وایکردووە کە دروستکەرانی ناوەڕۆک لە هەژمارە بچووکەکان و هەژمارە تایبەتەکان کاتی پێویستیان نەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم بڕیارە.
دواتر، کۆمپانیای مێتا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "تێک کرەنچ" (TechCrunch) ئەم رێسا نوێیەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی بۆ ئەم بڕیارە ئاشکرا نەکرد، تەنها ئاماژەی بەوەدا کە "ئەم هەنگاوە بە ئامانجی باشترکردنی ئەزموونی گشتیی بینەرانی پەخشی راستەوخۆیە."
بەڵام ماڵپەڕەکە پێی وایە کە بڕیارەکە پاڵنەری دارایی لە پشتەوەیە، چونکە پەخشی راستەوخۆ پێویستی بە ژێرخانێکی گەورە و تێچوویەکی زۆر هەیە. لەبەرئەوە، کۆمپانیاکە بڕیاریداوە چیتر پشتگیری ئەو پەخشانە نەکات کە تەنها ژمارەیەکی کەمی بینەریان هەیە.
هەرچەندە هیچ داتایەکی رەسمی لەبارەی ژمارەی ئەو هەژمارانەی ئینستاگرام کە زیاتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە بوونی نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان، تەنها %13 بۆ %26ی بەکارهێنەران ئەو مەرجەیان تێدایە. ئەمەش بە کرداری مانای ئەوەیە کە تایبەتمەندییەکە لە نزیکەی1.7 ملیار بەکارهێنەر لە کۆی 2 ملیار بەکارهێنەری پلاتفۆڕمەکە قەدەغە دەکرێت.
لە پێشینەیەکی سیاسیدا سەرۆکایەتی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ سنووردارکردنی چەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدا، ئەمەش بە مانای سنوردارکردنی چەکەکانی حزبوڵای لوبنان دێت لە دەرەوەی سوپا.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە باشووری لوبنان و دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەسی مەدەنی، مشتومڕ لەسەر چەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدا زیاتر دەبێت.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل دامەزراوەکانی حزبوڵای لوبنانیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی لوبنان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک.
ئەمەش لەکاتێکدایە، تا ئێستاش حزبوڵا پابەندبوونی خۆی بە چەکەکانییەوە راگەیاندووە و بە هۆکارێکی سەرەکی "گەرەنتی ئاسایشی لوبنان"ی دەزانێت.
لە ویلایەتی مۆنتانای ئەمریكا لە روداوێكی تەقەكردندا چوار كەس كوژران و سەربازێكیش تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لە ویلایەتی مۆنتانا كەسێك هەڵیكووتاوەتە سەر یانەیەك و چوار كەسی كوشتووە و دەزگا ئەمنییەكانیش دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەكە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، قەدەغەی هاتوچۆ بەسەر ئەو ناوچەیەدا سەپێنراوە بە ئامانجی لێكۆڵینەوە لەو بابەتە و سەربازێكی پێشووی سوپای ئەمریكاش تۆمەتباری سەرەكییە.
خاوەنی یانەكەش رایگەیاندووە، هەرچەند پشكنینی تەواو بۆ سەرجەم ئەوانە دەكرێت كە هاتوچۆی یانەكەیان دەكەن، بەڵام ئەو كەسە رێگەیەكی دۆزیوەتەوە بۆ چونەژورەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی بە زمانی فارسی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات، بە پێداچوونەوەی پلانەکانیان بۆ سەردانیکردنی ئێران.
لەپەیامەکەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کراوە، ئێران لە دوای شەڕەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، بە رەوشێکی پڕ لە ترسدا تێپەڕدەبێت و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان گۆشەگیر دەکات.
جەخت لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک بیر لە سەردانی ئێران دەکاتەوە، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکەی بکاتەوە، دەشڵێت هاووڵاتیانی ئەمریکی "نابێت گەشتی ئێران بکەن" لە هیچ رەوشێکدا.
ئەمریکا ئێران بە پلەی چوارەمی هۆشداری پۆلێن دەکات، کە بەرزترین ئاستی هۆشداری گەشتکردنە سەبارەت بەو وڵاتانەی کە بە مەترسیدار دادەندرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئامۆژگاری ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەی کردووە کە دەیانەوێت گەشت بکەن، پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەن، پێداچوونەوە بە ماڵپەڕی فەرمی ڕاوێژکاری ئەمنی بۆ زانینی نوێترین نوێکاری و زانیارییە ئەمنییەکان بکەن.
عەلی لاریجانی راوێژكاری رابەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆك ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.
میدیاكانی ئێران بڵااویانكردووەتەوە، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ئێران بۆ رێكخستنەوەی پەیكەری دەزگا ئەمنییەكان بڕیاردراوە عەلی لاریجانی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە و شوێنی عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان دەگرێتەوە.
دەشڵێت، ئەحمەدیان دەبێتە سەرۆكی دۆسیە تایبەت و هەستیارەكان لە دەوڵەتدا و ئەو پۆستەش پێویستی بە كەسێكە كە هەماهەنگی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی دەزگا و دامەزراوەكان هەبێت.
هەفتەی رابردووش لێپرسراوێكی ئێران رایگەیاندبوو، گۆڕانكاری بەرچاو لە دەزگا ئەمنییەكان دەكرێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رەوشی هەستیاری ئێستای ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە نزیک روسیا جێگیر بکرێت، هۆکارەکەی بۆ لێدوانەکانی توندەکانی مێدڤێدێڤ دەگەڕێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە پۆستێکدا رایگەیاند: فەرمانم کردووە دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە نزیک ناوچە گونجاوەکانی روسیا جێگیر بکرێن دەشڵێت، دەرکردنی ئەو فەرمانە وەک وەڵامێکە بۆ قسە و هەڕەشەکانی دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا.
وتیشی، قسە و لێدوانەکان زۆر گرنگن و هەندێک جار دەرئەنجامی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، بۆیە هیوادارم ئەمە یەکێک نەبێت لەو نمونانە.
ترەمپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا نوسیویەتی، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە!
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ کە چەند رۆژێکی بۆ راگرتنی جەنگ لە ئۆکراین دیاریکردووە و ئەوەشی خستبووەڕوو، سزای زیاتر بەسەر روسیا دەسەپەنێت ئەگەر جەنگ رانەگرن.
مێدڤێدێڤ لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دایەوە و رایگەیاندبوو: هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی نوێ هەڕەشەیە و هەنگاوێکە بەرەو شەڕ، نەک لە نێوان روسیا و ئۆکراین، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردبوو روسیا، ئیسرائیل و ئێران نییە، وەک چۆن لە مانگی ئازاری رابردوو جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا رویدا و لەو ماوەیەدا ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل کرد و هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.
ئەمریکا کار لەسەر پلانێک دەکات خۆراک بۆ خەڵکی غەززە دابین بکات، هەروەها حەماس تاوانبار دەکات بە دزینی هاوکارییەکان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، دەیانەوێت یارمەتی خەڵکی غەززە بدەن و خۆراکیان بۆ دابین بکەن، هەروەها ئەم کارە دەبوایە ماوەیەک لەمەوپێش ئەنجامبدرایە.
وتیشی، سەبارەت بە راپۆرتەکانی برسێتی لەغەززە نیگەرانین، بەڵام حەماس هاوکارییەکان دەدزێت و لەغەززە دەیفرۆشێتەوە.
ترەمپ باسی لە نێردەی خۆی ستیڤ ویتکۆف کرد و وتی "کارێکی گەورە دەکات".
هاوکات ئەمڕۆ، ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکانیان کرد لە کەرتی غەززە، کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززە بەڕێوەدەبرێن و رێکخراوێکی پاڵپشتی ئەمریکا و ئیسرائیلیە.
سەرۆکی روسیا دەڵێت: چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکراین بەشێوەی ئاشتی گفتوگۆی چڕی پێویستە.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، دەکرێت دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکراین بەشێوەیەکی گشتی ئەرێنی وەسف بکرێن، هیواشی خواست کە هەردوو وڵات بتوانن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆ دەستپێبکەن.
وتیشی، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناکۆکەکان لەگەڵ ئۆکراین بە شێوەیەکی ئاشتیانە گفتوگۆی چڕ و پڕی پێویستە، جەختیشی لەوەکردەوە، مەرجەکانی روسیا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ئۆکراین وەک خۆی ماوەتەوە.
پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ململانێکان لە ئۆکراین لە چوارچێوەی ئاسایشی هەمەلایەنەی ئەوروپا، هاوکات ستایشی کاردانەوەی سەرەتایی "ئەرێنی" ئۆکراینی کرد بەرانبەر پێکهێنانی گروپی کاری نێوان هەردوو وڵات.
لەماوەی مانگی رابردوودا روسیا نزیکەی چوار هەزار درۆن و زیاتر لە 250 موشەکی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراین بەکارهێناوە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەماوەی مانگی رابردوودا سوپای روسیا سێ هەزار و 800 درۆن و 260 موشەکی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراین بەکارهێناوە.
راشیگەیاند، تەنها بەهەماهەنگی لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەورپا دەتوانرێت هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین بوەستێنرێت .
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری روسیا ئاشکرایکرد، لەماوەی هەفتەیەکدا توانیویانە حەوت ناوچەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین کۆنترۆڵبکەن و ژمارەیەک لە ژێرخانی وزە و نۆ کۆگای چەک و تەقەمەنی بەئامانج بگرن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، تۆمەتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دژ بە ئێران بێ بنەما و گاڵتەجاڕانەیە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەمریكا و فەرەنسا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپاوە دژ بە ئێران بڵاودەكرێنەوە، هەوڵێكە بۆ لادانی سەرنجی رایگشتی لەسەر پرسی سەرەكی كە كێشەی فەلەستینە.
راشیگەیاند، ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە پێشێلكردنی بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیمانی نەتەوەیەكگرتووەكانە و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، لەبەرامبەر پشتیوانی لە ئیسرائیل، لەبەرئەوەی ئەوە پشتیوانی كردنە لە تیرۆر.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان دژ بە ئێران بڵاوكردەوە، دژایەتی هەوڵەكانی دەزگای هەواڵگری ئێرانی كرد.
ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی روسیا بۆ سەر كیێڤ بۆ 26 كەس بەرزبوویەوە، كە سییانیان منداڵن.
وەزارەتی ناوخۆی ئۆكراین، رایگەیاند، ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی رابردووی روسیا بۆ سەر كیێڤ گەیشتە 26 كەس كە سێ منداڵیان تیدایە، هەروەها و 156 كەسیش بریندارن.
لەدوای ئەو رووداوەش، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراین ئەو هێرشەی روسیای شەرمەزار كرد و داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە روسیا كرد.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، هێرشەكانی بە نامرۆڤانە وەسفكرد و نیازی خۆشی بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیادا پشتڕاستكردەوە.
هاوكات، واشنتۆن رایگەیاند، كە ترەمپ بە روونی بە روسیای راگەیاندوە دەبێت پێش 8ی ئاب كۆتایی بە شەڕی ئۆكراین بهێنرێت.
ماوەی نزیكەی سێ ساڵە شەڕ لە نێوان ئۆكراین و روسیا دەسیپێكردوە ئاسۆی كۆتاپێهێنانی رونیەوە، كە بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 13 هەزار ئۆكرانی كوژراون.