راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی روونکردنەوەیەکی لە بارەی تەقینی ھێڵی دوی ئاوی دوکان-سلێمانی بڵاوکردەوەو رایگەیاندوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەروونکردنەوەیەکدا دەڵێت بەھۆی پچڕانی لەناکاوی کارەبا، ھێڵی دووی ئاوی دوکان-سلێمانی تەقیوە و چەند شوێنێکی سلێمانی و دەوروبەری بۆ ماوەی ٢٤ سەعات بێ ئاو دەبن.
راشیگەیاندوە، ھۆکاری تەقینی بۆرییەکە بەھۆی کوژاندنەوەی کارەباوە نەبووە، بەڵکو دوای تەقینی بۆرییەکە و دوای ٢٠ دەقە لەسەر داوای ئەندازیاری سەرپەرشتیاری وێستگەی ئاوی پیرقوربان کارەبا کوژێنراوەتەوە.
سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھاووڵاتیان دەتوانن بە زووترین کات سەردانیان بکەن بە مەبەستی کارکردن بۆ تۆمارکردنی خانووەکانیان.
تۆمارکردنی خانووی زیادەڕەوی لەبەر ڕۆشنایی خاڵی سێیەمی ماددەی دووەم لە یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠٢١ کە تایبەتە بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانییەکان زیادەڕەوییان لەسەرکراوە کە دەتوانن لە ڕێگەی قایمقامیەتی شارەکانیانەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ تۆمارکردنیان.
ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێریش لە ئێستادا لە حاڵەتی لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بکەری سەرەکی تاوانەکە دەستگیر بکرێت و بدرێتە دادگا.
وتیشی، بەردەوام دەبن و ڕێکارەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێموڵەت توندتر دەکەنەوە و لێپرسینەوە لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەن کە تاوان ئەنجام دەدەن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
بورھان سەعید سۆفی لێپرسراوی مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، یەکێتی لە مێژووی پڕ لە داھێنان و سەروەری خۆیدا، خاوەنی گەلێک شانازی و سەروەرییە، یەکێکیش لەو شانازییانە ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە، یەکێتی لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا ڕووبارێک خوێنی بەخشیووەتە ئازادی کوردستان و بە دەیان سەرکردە و بە ھەزاران فەرماندە و کادیر و پێشمەرگە و ڕێکخستنی کردووەتە قوربانی، بەو ھۆیەشەوە لە نێو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا بە حزبی شەھیدان ناسراوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە یادی ئەو ڕۆژە پڕ لە شکۆیە، زۆر گرنگە ئاوڕێکی جدی لە مێژوو و سەروەری و ئامانجە باڵاکانی یەکێتی و گەلەکەمان بدەینەوە و خۆمان بخەینە بەر بەرپرسیاریەتی مێژوویی، بەڵێن بە مام و ھەموو شەھیدەکان بدەین، درێژە پێدەری ڕێبازی شەھیدان بین، ھاوکات خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەرکی ھەرە گرنگ و لە پێشینەی یەکێتی بێت، ھەموو پێکەوە کار بۆ بەھێزکردنی یەکێتی بکەن و یەکێتی بکەنەوە بە یەکێتییەکەی مام و شەھیدە سەروەرەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئێستادا ھەرێم و عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی ھەستیار و ئاڵۆزدا گوزەر دەکات و پێویستە یەکێتی بۆ ھەموو ئەگەر و پێشھاتەکان خۆی ئامادە بکات و ھەموو ھەوڵ و ھەنگاو و بەرنامەکانی بە چەشنێک ڕێکبخاتەوە لە ئاستی قۆناغەکەدا بێت.
مەکتەبی سیاسی راگەیەنراوێکی بەبۆنەی رۆژی شەھیدی یەکێتی کە ٢١ی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێکە بڵاوکردەوەو رایگەیاند، رۆژی شەھیدی یەکێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری کەسوکاری شەھیدان، لەدایک و باوک، کچ و کوڕ، خوشک و برا و نەوەکانیان کە ئەرکی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمە وەک بەرھەمی خوێنی شەھیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بکات. ئەمرۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەکەسوکاری شەھیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەکانی حزب و حکومەتدا کاران و دەتوانن ھەم پەرژینی پاراستنی حزبی شەھیدان و بەرھەمی خەباتەکەیان بن و ھەمیش دەتوانن لۆبی پارێزگاری لە ماف و لە ناو و ناوبانگی مەعنەوی و ماددی شەھیدانی سەربەرز بن .
دەقی راگەیەندراوەکە...
پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەھیدی یەکێتییەوە
کاروانی دوورودرێژی خەباتی گەلەکەمان پڕە لە قوربانی و گیانفیدایی، لەناو ئەو کاروانە دوور و درێژەدا وێستگەی دەیان ساڵەی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت و لەنێو یەکێتیشدا شەھیدان دوندی قەندیلی خەبات و سەفینی لە بن نەھاتووی گیانبازی و قوربانیدانن، ٢١/١١ رۆژی شەھیدی یەکێتی و بۆنەی وەفاداری و بەرزراگرتنی یاد و یادەوەرییانە.
ئەمڕۆژە رۆژێکی رەمزی و ناونیشانی سەرمەشقی شەھادەتە کە رۆژی داستانی سێ کوچکەی (کەم بژی و کەڵ بژی)، رۆژی لە سێدارەدانی شەھیدان خاڵە شیھاب و ئەنوەر و جەعفەرە، رۆژێکی شایانە و رۆژ نییە لە تەقویمی رۆژەکانی کوردستاندا کە یەکێتی شەھیدی نەدابێ و بستێ زەوی نەماوە لەم نیشتمانە کە بە خوێنی ئاڵی شەھیدێکی یەکێتی ئاو نەدرابێ.
ھەموو رۆژێک و ھەموو شوێنێک رۆژ و شوێنی شەھادەتە بۆ حزبی شەھیدان.
تۆماری کاروانی چل و شەش ساڵەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تۆمارێکی گشتگیری کوردستانی ئەوتۆیە کە نەخشەی ھەموو نیشتمانی گرتۆتەوە، لەگەرمیان تا کوێستان، لە بادینان تا سۆران و بگرە کوردستانی سەرتاسەریش. شەھیدی یەکێتی لە ھەموو شوێنێکی وڵاتەکەمان یادگاری خوێن و خەبات و رەنجی بە خەسارنەچووی تێکۆشانی یەکێتییەکەمانە بۆ رزگاری و دیموکراسی و مافی چارەنووس.
ئەو قارەمانانە بە شەھیدی ناودار و گومناوەوە، بە شەھیدی مەزاری پڕشکۆ و شەھیدی گۆڕ غەریبەوە شایەتی تێکۆشانی ھەمەلایەنن لە ھەموو بۆنە و دەرفەتەکانی خەباتدا، لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی سەرەتای شۆڕشەوە بۆ دوا گیانبازی دژی تیرۆریستان لە عیراقی فیدراڵدا:
شەھیدی سەنگەری داکۆکی لە ئاواییە ئازادکراوەکانی شۆڕش، شەھیدی ھێرشی نەبەردی و داستانی پێشمەرگانە، شەھیدی مقاوەمەتی زیندان و بەر پەتی سێدارە، شەھیدی رێکخستنی نھێنی و چالاکی ناو شەقام و کۆڵانەکانی شارەکان. شەھیدی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و لاوان دژی سەرکوت و حوکمی فاشستەکان، شەھیدی راماڵینی سوپای بەعس لە راپەڕین و رزگاری یەکجاری کوردستان و عیراق لە پڕۆسەی ئازادی عیراقدا، شەھیدی دەستی تیرۆر و نەبەردییەکانی پاراستنی کوردستان و عیراق لە تیرۆری قاعیدە و داعش و مانەندەکانیان.
لەم دەفتەری شانازییەی کوردایەتییدا ھەموو چین و توێژەکانی کوردەواری پشکیان ھەبوو: شەھیدانی سەرکردە و فەرماندە، شەھیدانی ژنان و کچانی رێکخستن، خەباتی پیشەیی رەنجدەران و کرێکاران و خوێندکاران و لاوان، شەھیدانی بە کۆمەڵی قەسابخانەکانی بەعس لە موسڵ و کەرکوک و بەغدا، قوربانیان و شەھیدانی بێ تاوانی ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەسفیر چیرۆکێکی سەربەرزانەی موقاوەمەت و مانەوەی گەلەکەمان دەگێرنەوە.
رۆژی شەھیدی یەکێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری کەسوکاری شەھیدان، لەدایک و باوک، کچ و کوڕ، خوشک و برا و نەوەکانیان کە ئەرکی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمە وەک بەرھەمی خوێنی شەھیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بکات. ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەکەسوکاری شەھیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەکانی حزب و حکومەتدا کاران و دەتوانن ھەم پەرژینی پاراستنی حزبی شەھیدان و بەرھەمی خەباتەکەیان بن و ھەمیش دەتوانن لۆبی پارێزگاری لە ماف و لەناو و ناوبانگی مەعنەوی و ماددی شەھیدانی سەربەرز بن.
رۆژی شەھیدی یەکێتی دەرفەتێکی گەورەی جۆشدانەوەی خەباتی رەوای یەکێتی و گەلەکەمانە لەپێناوی مافەکانی، لەڕێی رزگاری و دادپەروەری و دیموکراسیدا. رۆژی مشتوماڵکردن و پوختکردنەوەی خەباتی یەکێتییانەیە بۆ ئەوەی باقی ئەو مافانە بەدیبھێنن کە شەھیدانمان خوێنیان لەپێناویا بەخشی و ژیانی خۆیانیان پێ ھەرزان بوو لە ئاستی ویستی گەورەی بەدەستھێنانیدا.
جێی خۆشێتی لەم رۆژەدا وێڕای دانەواندنی سەری رێز و نەوازش لە ئاستی مەزنایەتی شەھیدەکانی حزبی شەھیدان بە رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال، سەری یەکێتییەکەمان بە بەرزی و بڵندی ئەم مێژووە رابگرین و ئەرکەکانی سەرشانمان لە ئاشتی، ئازادی، دیموکراتی و مافی چارەنووس قۆناغبەندی بکەین و خۆمانی بۆ جۆشبدەینەوە.
نەمری بۆ شەھیدان لە رۆژی شەھیداندا
بەرز و بەڕێز بێت یاد و یادەوەرییان لە دڵ و دەروونی گەلەکەماندا
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی رۆشنبیری لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، ئاگادارکرانەوە کە کتێبێک لەپێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لەشاری سلێمانی نمایشکراوە بەناوی (سلطان هاشم، ذاكرة الحروب وٲسرارها) کە دیمانەیەکی درێژە لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، دیمانەکە لەزینداندا لەلایەن د. علی السعدی ئەنجامدراوە.
لەدیمانەکەدا ئەوەی کەسوکاری ئەنفالەکانی نیگەرانکردووە، نکۆڵی سوڵتان ھاشمە لەوەی ئەنفال لەدژی خەڵکی سیڤیلی کوردستان ئەنجامدرابێت بەڵکو لەدژی ھێزی پێشمەرگە بووە.
پاش ئاگادارکردنەوەی تیمی وەزارەتیان لەپێشانگاکە، ئەمڕۆ کتێبەکە لەناو وەشانخانەی (دار القناديل للنشر و التوزيع) کۆکرایەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری راشیگەیاندوە،وەک ئەرکی خۆمان بەرامبەر بە مێژوو و فەرھەنگی گەلەکەیان ڕێگەنادەن ھیچ شتێک، کە مێژووی گەلەکەمان بشێوێنێت بڵاو بکرێتەوە.
لەدیدارەکەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد گرنگی خزمەتکردنی لاوانی خستەڕوو وەک پێکھاتەیەکی گرنگی کۆمەڵ، پشتیوانی خۆشی دەربڕی بۆ ھەوڵەکانی پەرەپێدانی تواناکانی لاوان لەسەرجەم بوارەکاندا.
لای خۆیەوە، بەرێوەبەری لاوانی پارێزگای سلێمانی پوختەیەکی لەبارەی شێوازی بەڕێوەچونی کاروبارەکانیان و خزمەتکردن بە لاوان باسکرد.
ھەر لەو دیدارەدا نزار ژاژڵەیی وێنەیەکی مێژوویی سەردەمی خەباتی شاخی خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد-ی پێشکەشی خاتوو شاناز کرد وەک سوپاسگوزاری و رێزێک لەتەمەنی پڕ خەبات و ماندووبونی لەتۆمارکردنی داستان و نەبەردییەکانی پێشمەرگە و ئەرشیفکردنیدا، سەرباری خزمەتە بەرچاوەکانی لەبواری میدیاو پشتگیری و پشتیوانیکردنی رۆژنامەنوسان.
دەقی پەیامەکە...
رۆژی شەھیدی یەکێتی بۆ ئێمە رۆژی وەفا و پابەندبوونمانە بە رێبازی خوێنی شەھیدان و درێژەپێدان بەو خەباتەی لەبەردەم پەتی سێدارەدا دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) بەرزکردەوە.
لە بەرامبەر ئەم شکۆیەدا بەڕامانێکی قوڵەوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ھەنگاودەنێین و رەوتی رێکخستنەوەی ژیانی حزبایەتی پشتبەستوو بەم شکۆیە بەردەوامی پێدەدەین، یەکێتی یەکێتییەکەی مام دەبوژێنینەوە و لەبەرامبەر میللەت، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و تێکۆشەراندا بەڵێن دەدەینەوە وەفاداری ئەم بەرپرسیارێتییە بین و ئەم ئیرادەیە راوەستانی بۆ نییە.
بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی داھاتووش کە بەرھەمی خەباتی تێکۆشانی سەختی چەکداری، سیاسی و دبلۆماسییەکی سەرکەتوو بووە لە دروستکردنی کیانی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، کە پشکی شێری ئەو سەرکەوتنە بەر یەکێتی و تێکۆشەر و شەھیدەکانی دەکەوێت، بۆیە یەکێتی حزبی سەرکەوتنە.
ئەم حزبی سەرکەوتنەش کۆڵنادات لە خەباتی نوێی دیموکراسی، پەرلەمانیی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی ھەرێم و عێراقدا تا گەلەکەمان بە تەواوی مافەکانی دەگات و ژیانێکی خۆشگوزەران و شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵک مسۆگەردەکات، ئەم ئامانجەش بە پشتیوانی تاک بە تاکی گەلەکەمان بەدیدێت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھەمان دڵسۆزی و پەرۆشییەوە کە لەھەموو وێستگەکانی خەباتدا لە یەکێتییەکەیان کردووە.
سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدەکانمان دادەنەوێنین و لەبەردەم گڵکۆی بەرزیاندا بەڵێن دووپاتدەکەینەوە پارێزەری یەکێتی و یەکێتییەکان دەبین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک، ژن و مێردێک، لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران و ئۆتۆمبێل و سەرجەم کەلوپەلەکانیان دزرا، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوک ھەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکرد، بە پێی زانیارییەکان یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراوە کە بە ڕەگەز عەرەبە.
دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی توانای نوسەران و توێژەرانی بواری جینۆساید و ئەنفالە.
ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢١ لە شاری کەرکوک کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان سازکرا.
ئامانج لەم یەکێتیە برەودانە بە بواری نوسین و توێژینەوەی زانستی لە بواری دۆسیەکانی جینۆساید و پێشێلکاری مەترسیداری مافی مرۆڤە. تا پرسی جینۆسایدی کوردستان بکاتە پرسێکی جیھانی بە بەشداریکردن لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان و ناوەندە زانستی و ئەکادیمیەکان. ھەروەھا دروستکردنی پەیوەندیە لەگەڵ نوسەرانی جیھانی بواری جینۆساید و ناساندنی جینۆسایدی کوردستانە لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و ئەرشیفکردنیانە لە ڕێگەی یەکێتی نوسەرانەوە.
ھەروەھا یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ساڵانە کۆنفرانسی بەرفراوان ساز بدات بە بەشداری نوسەران و لێکۆڵەرانی بواری جینۆسایدی جیھانی. کۆنگرەکە بە دەنگدان دەستەی بەڕێوەبردن ھەڵبژارد و دەستەی بەڕێوەبردنیش سەرۆک و جێگر و سکرتێری ھەڵبژارد.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ھەینی شەڕ لە نێوان خاوەنی گەراجێک و کاسبکارێک لەسەر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل ڕوویداوە و بەھۆی تەقەکردنەوە دوو کەس برینداربوون، دوای ڕووداوەکەش پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆلینەوە دەستێپێکردووە.
شەوی ڕابردووش لە شەقامی (١٠٠ مەتری) نزیک فڕۆکەخانە، دوو کەس لەسەر پارککردنی ئۆتۆمبێل لە گەراجی چێشتخانەیەک بوو بە شەڕیان و دوای بریندارکردنی یەکتر بە سەختی، ھەردووکیان گیانیان لە دەستدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرمانی دەست بەکاربوونی بۆ رەوەند مەلا مەحمود وەک لێپسراوی مەڵبەندی دووی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سنورەکەی ناوەندی شاری کەرکوکە دەرکرد، ھەروەھا بەھەمان فەرمان ھیوا عەبدوڵا ئەحمەد کرا بە لێپرسراوی مەڵبەندی ۱۷ ی رۆژئاوای کەرکوک کە سنوری قەزای دووبس و ناحیەکانی سەرگەران و شوان و کۆمیتەی کانی دوومەڵان دەگرێتەوە، ئاڤێستا محەمەدیش وەک لێپرسراوی مەڵبەندی ۱۸ ی رۆژھەڵاتی کەرکوک دەست بەکار دەبێت کە سنوری قەزای داقوق و ناحیەی لەیلان و تۆپ زاوا و قەرەھەنجیر دەگرێتەوە .
ئاڤێستا محەمەد لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گۆڕانکارییەکان و زیادکردنی دوو مەڵبەندی تر بۆ کەرکوک دەریدەخات کەرکوک لە ئەولەویەتی سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە.
بە پێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان گفتوگۆ لەبارەی ھەڵوێستی لایەنەکان لەسەر کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم و رەشنوسی دەستوری ھەرێم و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەکەن، تێبینی و پێشنیارەکان سەبارەت بەو بابەتانە گەڵاڵە دەکەن و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن.
لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم ماوەی یاسای کۆتایی ھاتووە، پێویستە پەرلەمان بڕیار لەسەر چالاککردنەوەی ئەو کۆمیسیۆنە بدات و دەستەیەکی نوێ ھەڵبژێرێت.
سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنیش، دەبێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان، یاساکە ھەموار بکرێتەوە و بازنەکانی ھەڵبژاردن دیاریبکرێت، ھەروەھا کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر رەشنوسی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
بەپێی ھەوالێکی میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لوید ئوستن وەزیری بەرگری ئەمریکا سەردانی رۆژئاڤای کوردستان بکات بۆ بەسەرکردنەوەی ھێزەکانیان، لەوچوارچێوەیەشدا بڕیارە لە شاری حەسەکە لەگەڵ مەزڵوم کوبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کۆببێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ھەفتەی رابردووش جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە، سەردانی رۆژاڤایانکرد و لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆبوونەوە.
سەبارەت بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا و جێگرەوەی!
بڕیار بوو کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵا و ھەڤاڵ بافڵ و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی (١٧/١١/٢٠٢١) ئەنجام بدرێ. بە مەرام دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە گوایە، جێگری بەڕێز کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا، لەو کۆبونەوەیەدا دادەنرێ.
یەکەم: بەندە، ھەتا وەڵامی راپۆرتەکەم سەبارەت بە ژەھرخواردکردنم، بە دانانی لیژنەی لێکۆڵینەوە نەدرێتەوە، لە ھیچ کۆبونەوەیەک و داوەتێکی سیاسی ئامادە نابم.
دووەم: ھەتا ھەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ زیندوو بێ، کە ھیوای چاکبونەوەو تەمەن درێژی بۆ دەخوازم، لە مۆراڵی من دوورە بیریش لەوە بکەمەوە جێگەی بگرمەوە. بۆیە تکایە ھەر پروپاگەندەیەک لەم بارەوە کرابێ، بە مەرام باسکراوە.. بڕیاری لەم جۆرە لە بەرنامەی من و ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا نییە.
مەلا بەختیار