لەگەڵ بەردەوامی شەپۆلەکانی گەرما، پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەسەر گرنگی خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو دەکەن بۆ پاراستنی تەندروستی جەستە و خۆپاراستن لە وشکبوونەوە.
دەزگای خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا (NHS) هۆشداری دەدات لەبارەی کەمخواردنەوەی ئاو لە رۆژە گەرمەکاندا و رێنمایی بڵاوکردووەتەوە بۆ پاراستنی شێی جەستە.
رەنگی میز نیشانەیەکی گرنگە
بەپێی ڕێنماییەکانی (NHS)، رەنگی کاڵی میز نیشانەیەکی باشە بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە کە جەستەت بڕی پێویستی شلەمەنی وەرگرتووە. پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە لە رۆژانی گەرمدا، بەتایبەت لەکاتی وەرزشکردن یان ئارەقکردنەوەی زۆر، بڕی خواردنەوەی ئاو زیاد بکرێت.
دکتۆر سۆنالی رۆدەر، پزیشکی فریاکەوتنی بەریتانی دەڵێت: "لەم کاتانەی ساڵدا، بەتایبەت لەگەڵ تۆمارکردنی پلەی گەرمای پێوانەیی، زۆرێک لە حاڵەتەکانی نەخۆشی پەیوەندیدار بە گەرما دەبینم."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموومان دەزانین ئاو بۆ ژیان پێویستە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چەند ئاو بخۆینەوە؟ وەک یاسایەکی گشتی، پێویستە نیوەی کێشی لەشت بە یەکەی ئۆنس (ounce) ئاو بخۆیتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر کێشت 160 پاوەند بێت، دەبێت 80 ئۆنس ئاو بخۆیتەوە کە دەکاتە نزیکەی دوو لیتر."
هەروەها روونیکردەوە کە لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا وەک وەرزشکردن، دووگیانی و شیردان، جەستە زیاتر پێویستی بە ئاو دەبێت.
چۆن بیری خۆتی بخەیتەوە کە پێویستە ئاو بخۆیتەوە؟
دکتۆر ڕۆدەر پێشنیاری بەکارهێنانی بتڵی گەورەی ئاو دەکات کە بە درێژایی رۆژ فێنک بمێنێتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی ئاو بخۆیتەوە.
دیارترین نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە:
- هەستکردن بە تینوێتی زۆر
- میزی تۆخ و بۆن ناخۆش
- کەمتر میزکردن لە رێژەی ئاسایی
- گێژبوون و سەرئێشە
- هەستکردن بە ماندوێتی
- وشکبوونی دەم و زمان و لێوەکان
- چاوەکان کەمێک دەچن بەناودا
کێن ئەو کەسانەی زیاتر مەترسی وشکبوونەوەیان لەسەرە؟
- نەخۆشەکانی شەکرە
- ئەوانەی تووشی سکچوون یان ڕشانەوە بوون
- ئەوانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆردا دەمێننەوە
- ئەوانەی ماددە کحولییەکان زۆر دەخۆنەوە
- وەرزشوانان و ئەو کەسانەی ئارەقەیەکی زۆر دەکەنەوە
- ئەوانەی دەرمانی میزپێکەر بەکاردەهێنن
- ئەوانەی تووشی تا بوون
چارەسەر چییە ئەگەر هەست بە وشکبوونەوە بکەیت؟
لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی وشکبوونەوەدا، پێویستە دەستبەجێ شلەمەنی بخورێتەوە. ئەگەر هەست بە دڵتێکهەڵاتن یان ڕشانەوە دەکەیت، هەوڵبدە بە قومە ئاوی بچووک دەستپێبکەیت و وردە وردە بڕەکەی زیاد بکەیت.