دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر راپەڕینی ھەولێری پایتەختی کوردستان تێدەپەڕێت، لەو رۆژەدا ھەولێرییەکان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتییان بۆ کوردستان تۆمارکرد.

دەبێت لەم یادە شکۆدارەدا رۆڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ وەک سەرپەرشتیاری راپەڕینی ھەولێر لە یاد نەکەین و وەبیر خۆمانی بھێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو رۆڵەکانی خۆی کردە قوربانیی ئازادی ھەولێر و سەرفرازیی خەڵکەکەی. ئەمە مێژووی نزیکی گەلەکەمانە و ھەولێرییەکان ئەم راستییە لە یاد ناکەن.

 بەڵێن بە خەڵکی خۆشەویستی ئەو شارە دەدەین وەک چۆن یەکێتییەکەتان ئەندازیار و جێبەجێکاری بەرنامەی راپەڕین بوو، ئێستاش لە جاران زیاتر لەگەڵتان دەبێت و داکۆکی لە مافەکانتان دەکات. رووبەڕووی ھەر جیاکارییەکی سیاسی و رێکخراوەیی دەبینەوە کە ماف لە خەڵکی ھەولێر و ھەر شوێنێکی تری کوردستان زەوت بکات. ئەمە بەڵێنی ئێمەیە و خەباتی ئێوەیە لەپێناو ئەم حزبە تێکۆشەرە لە یاد ناکەین.

درود بۆ رۆحی شەھیدانی راپەڕین و سەرجەم شەھیدانی کوردستان
سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتی ھەولێر و ھەولێرییەکان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
١١ی ئاداری ٢٠٢٢