وەفدی یەكێتی و سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوڕابوون لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار
کوردسات نیوز
١٤ی ئازاری ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی
لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەریەکە لە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و چەند سەرکردەیەک لە ھاوپەیمانی فەتح بەشداربوون، گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا، ھەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان تاوتوێ کران و جەخت لە زمانی دیالۆگ و تێگەیشتنی ھاوبەش کرایەوە.
ھەروەھا پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق بدۆزرێتەوە.
ھەردوولاش ھاوڕابوون کە دەبێت حکومەتێکی بەھێز و خزمەتگوزار دروست بکرێت بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق بێت.