زانکۆی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە بۆ ئەمساڵیش پەیمانگای سیماگۆ SCImago بۆ ریزبەندی دامەزراوەکان، ریزبەندی بۆ باشترین زانکۆکان کردووەو لەسەر ئاستی ١٠ باشترین زانکۆکانی عێراق، زانکۆی سلێمانی لە پلەی دووەمدایە، بەراورد بە ساڵی رابردوو پلەیەک ھاتووەتە پێشەوە، کە ساڵی پار لە پلەی سێیەمی ریزبەندی زانکۆکانی عێراقدا بووە، ئەمەش بە تۆمارێکی نوێ دادەنرێت لە مێژووی زانکۆی دایک-دا.
راشیگەیاندووە، پەیمانگای SCImago بۆ ریزبەندی دامەزراوەکان کە بە (SIR) دەناسرێت، ساڵانە بە پیێ پێوەری زانستی ریزبەندی بۆ زانکۆکانی جیھان دەکات، بۆ ساڵی ٢٠٢٢یش، پێگەی زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بە شێوەیەک کە تەنھا چەند خاڵێک لە دوای یەکەمی ریزبەندییەکەوە دێت و بەپێی ریزبەندییەکە لەسەر ئاستی جیھان لە ریزبەندی ٦٨١ دایە کە ساڵ بەساڵ، لە بەرەو پێشچووندایە .
زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیمانگای SCImago بۆ ریزبەندی دامەزراوەکان لە پێنچ سێکتەری جیاوازدا ریزبەندی بۆ ئاستی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەکات ئەوانیش حکومی، تەندروستی، خوێندنی باڵا، تایبەت، پێوەر و ستانداردەکانی ھەڵسەنگاندنیش ھەگبەی توێژینەوەکان، ھەماھەنگی نێودەوڵەتی، ئاستی بڵاوکراوەکان لە خۆدەگرێت.
پەیمانگای SCImago بۆ ریزبەندی دامەزراوەکان، دامەزراوەیەکی زانستییە ھەڵسەنگاندن بۆ زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەکات کە بنکەی سەرەکی لە وڵاتی ئیسپانیایە و چەندین دامەزراوەی تر لە خۆدەگرێت.
بۆ بینی ریزبەندییەکە کلیک لێر بکە
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە دیدارێکی تایبەتی کوردسات نیوزدا، کە سبەی سێ شەممە سەعات ٧:٠٠ی شەو پەخشدەکرێت، دەڵێت، ھەرێمی کوردستان بە باشترین دۆست و دراوسێی خۆمانی دادەنێین و سنورێکی فراوانمان لەگەڵیدا ھەیە و ئەو سنوورەش شوێنی بازرگانی و ھاریکاری و ھاتووچۆی بەردەوام بووە و لە نێوانماندا، بەڵام سەبارەت بەھێرشە مووشەکییەکان راستیەک ھەیە دەبێت بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بیزانن و رەوشی ئەمنی و نیگەرانیەکانی کۆماری ئیسلانی ئێران بەھەند وەربگرن و نابێت ھەرێم ببێتە بنکەیەک بۆ نانەوەی ئاژاوەی و لەقکردنی ئاسایشی ناوخۆی ئێران.
رایگەیاند، پێویستە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانییە ئەمنیەکانی ئێران بە راستی وەربگرن، ئەگەر ئەو بابەتەیان بە جدی وەربگرتبایە و کۆتاییان بە نیگەرانیەکانمان بھێنایە و چارەسەریان بکردایە، ھیچ ھۆیەک نەدەما وا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات ھەڕەشەی سەربازی بکات، بەڵام ئەگەر ئەم بابەتە بەجدی وەرنەگیرێت و کۆتایی بەو نیگەرانییە ئەمنیانە نەھێنرێت بە دڵنیاییەوە ئێران وەڵامێکی توند و بەھێزی دەبێت.
باڵیۆزەکەی ئێران لە عێراق دەشڵیت، "ھەرگیز نامانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ھیچ کێشەیەک ببێتەوە و ئەو رووداوە کار لە پەیوەندییەکانی نێوانمان بکات و داواکارم لە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جیدی وەربگرن و چارەسەری بکەن، چونکە نامانەوێت ئەو ڕووداوی مووشەک ھاویشتنە و ئەو جۆرە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ببینینەوە".
لەبارەی ئەوەی ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ھەولێر پەیوەندی بە دۆسێی گازی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئیرەج مەسجدی راشیگەیاند، ئەو بابەتە ھەرگیز پەیوەندی بە دۆسێی گازەوە نییە و بابەتی نەوت و گاز و ووزە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و بەرپرسانی عێراق خۆیان بڕیاری لە بارەوە دەدەن، ھیچ پەیوەندیەک لە نێوان ئەو دوو بابەتەدا نیە.
لە دیدارێکدا دوایین پێشھات و ھەوڵە سیاسییەکان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراقی تێکەوتووە تاوتوێکران و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت کێشەکان بە زمانی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و پاراستنی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای ھاوبەشیی نیشتمانیی و بەشداریپێکردنی ھێز و لایەنەکان لە ناوەندەکانی بڕیاردا.
لە درێژەی دیدارەکەدا جەخت لە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرایەوە لەسەر بنەمای دەستوور و شەراکەتی راستەقینە بەشێوەیەک کە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات و ببێتە ھۆی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر لەوڵاتدا.
بەرێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستاند رایگەیاند، لە پارێزگای ھەولێر ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە ھەور و کەمێک تۆزوخۆڵ لە کەشدا دەبێت و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک.
لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ بەردەوام چالاک بوونی خێرایی با و بوونی تۆز و خۆڵ لە کەشدا و ئاسمان پەڵە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک لە ھەندێ ناوچە.
پارێزگای دھۆکیش ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک لە کەشدا و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک.
لە پارێزگای ھەڵەبجە ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک لە کەشدا و سبەی دوو شەممە ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک.
ھەروەھا لە پارێزگای کەرکوکیش ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با و بوونی تۆز و خۆڵێکی سووک و سبەیش ئاسمان پەڵە ھەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی سووک.
"بەھمەن قادر" وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق رۆژانە ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینی رەوانەی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەکرد بەنزینەکە بە ٦٩٠ دینار بەسەر شۆفێراندا دابەشدەکرا، بەڵام لە ٧ی ئەم مانگەوە رەوانەکردنی بەنزینەکە بۆ سلێمانی و دەوروبەری ڕاگیراوە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کاری چاککردنەوە لە پاڵاوگەکانی عێراق و کەمی بڕی پێویست بۆ ناوخۆی پارێزگاکانیان.
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی راشیگەیاند، بەمنزیکانە رەوانەکردنی بەنزینەکە دەستپێدەکاتەوە و ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خاوێن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەردەوامی پرۆژەکانی ئاو نۆژەن دەکاتەوە و پرۆژەی نوێش جێبەجێ دەکات، بەھۆیەوە سێکتەری ئاو خەرجییەکی زۆر لەسەر حکوومەت دەکەوێت، چونکە دابینکردنی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ستانداردی جیھانی تێپەڕاندووە و بۆ ھەر ھاووڵاتییەک بڕی ئاوی زیاتر دابین دەکرێت.
ئاشکراشیکرد، بەپێی ستانداردی جیھانی بۆ ھەر کەسێک نزیکەی ٢٥٠ لیتر ئاو پێویستە، کەچی لە ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو بڕە ئاوەی بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان دابین دەکرێت ھەر کەسێک ٣٠٠ تا ٣٥٠ لیتر ئاوی پێدەگات، ئەمەیش دەبێتە ھۆی خەرجییەکی زۆر لەسەر حکوومەت و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە ھاوڵاتیان دەکات لە بەکارھێنانی ئاودا زێدەڕۆیی نەکەن و بەپێی پێویستیی خۆیان بەکاری بھێنن، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کوردستان مەترسیی وشکەساڵی و کێشەی گرفتی ئاوی خواردنەوەی بۆ دروست نەبێت.
بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەماوە ١ی ئازاری ٢٠٢٢ تا ٣١ ئازاری ٢٠٢٢، ۲۲٫۲۰۳ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە و لەو ژمارەیە ۳٫۸۲٤ نەخۆشیان داخڵ کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
لەماوەی ئەومانگەدا لەنەخۆشخانەی شار۸۹۳ نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجام دراوە و ۷٤۰ نەخۆش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستکردیان کردووە و سێ نەخۆش نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە.
ھەر لەو ماوەیەدا لەنەخۆشخانەی شار ۱٫۲۱۰ نەخۆش لەبەشی فریاکەوتن داخڵ کراون و ۷۱٥کەس لەبەشی گورچیلەی دەستکرد و ۷۹۳ کەس لەبەشی نەشتەرگەری و۷٦ نەخۆش لەبەشی چاودێری وورد و ۱۱۷ کەس لەبەشی CCU و ٤۲٥ کەس لەبەشی ھەناوی و ۱۹۰ کەس لەبەشی ھەناوی مێشک و دەمار و ۷٦ کەس لەبەشی نەشتەرگەری مێشک و دەمار و ۸۹ کەس لەبەشی سنگ و دەمار و ۱۳۳ کەس لەبەشی شکاوی داخڵ کراون.
مانگی ڕابردوو لەنەخۆشخانەی شار ٥۷٫۰٥۰ شیکاری تاقیگەیی و ۲٫۷۲۷ ھێڵکاری دڵ و ۷٫۰٤۷ تیشک و ٤٫٤۳٤ سۆنەر و ۳۲۸ ئیکۆ و ۱٫۳۷۹ چارەسەری سروشتی کراوە و ۱۰۰ حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو نەخۆشخانەیە تۆمارکراوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بە نووسراوێک رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی گوژمەی ٢٩٩,٩٧٧,٥٠٠ بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی کاری نۆژەنکردنەوەی ھەندێ شوێنی تێکچوو لە شەقامە سەرەکی و لاوەکییەکانی ناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشکرووە، ئەو گوژمەیە کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی ئەو گەڕەکانەی ناو شاری سلێمانی دەبێت و ئاسانکاری ھاتوچۆش بۆ شۆفێران و ھاوڵاتییان دەکات.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار درا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی ٢٢,٧١٥,٠٠٠ دینار بۆ بەرێوەبەرایەتی ئاوی دەورەبەری سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕە پارەکە لەسەر پلانی ساڵی ٢٠٢٢ بە مەبەستی دابینکردنی ماتۆری غەتاس بۆ گەنجینەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی و باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی دابینکردنی ئاوی خاوێن لە شارەکەدا.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە سلێمانی ڕایگەیاند ڕووداوی تەقینەوەی مینەکە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ڕوویداوە و بەھۆیەوە کەسێک قاچێکی لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین دەڵێت " ھاوڵاتییەکە بەناوی جوتیار بەھادین خوامراد تەمەن ٣٦ ساڵە و دانیشتووی ناوشاخانی ناو قەزای پێنجوێنە و بەھۆیەوە قاچێکی لەدەستداوە ."
بەپێی نوێترین ئاماری کار و چالاکییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین، لە ساڵی ڕابردوودا ١٩ ھاوڵاتی بە مین گیانیان لە دەستداوە و ٢٣ی تریش برینداربوون، ھەروەھا زیاتر لە ٦٠١ ھەزار مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە و ٢ ھەزار مین لەناوبراون.
مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتی دەشڵێت، لایەنێک ھەوڵی دزینی مێژووی داستانی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات لە ڕێگەی میدیاکان و دەیەوێت ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێ چەواشە بکەن.
ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەی مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتیدا ھاتووە " ھەوای دەست بەسەرداگرتن و شێواندنی مێژووی شانازییەکانی کاروانی پڕ لە خەباتی ئەوکاتی نەبەردی و داستانەکانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ رێگا پێدراو و قبوڵکراو نییە ھیچ ھێزو لایەنێک بیدزێ و بیکاتە دەسکەوتی خۆی."
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
بەبۆنەی یادی ٣١ ساڵەی داستانی کۆڕێ
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
سی و یەک ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە رۆژی (١١ / ٤/ ١٩٩١) ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوییەکانی سوپای دڕندەی بەعسی رووخاو, لە بەرزاییەکانی دەربەندی کۆڕێ، بە داڕشتنی بەرنامەو پلانی سەربازی تۆکمەو سەرکەوتوو کە بە سەرکردایەتی ھەڤاڵ (کۆسرەت رسول علی ) و بە لێپرسراویەتی راستەوخۆی شەھیدی سەرکردە (حەسەن کوێستانی )و بە قارەمانییەتی و گیانفیدایی فەرماندەو پێشمەرگەکانی ئەوێ رۆژێی سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان،لە شەڕێکی دەستەو یەخەی بێ وێنەدا شکستیان بە سوپای دیکتاتۆری بەعس ھێناو داستانی گەورەی کۆڕێیان تۆمارکرد.
داستانی کۆڕێ یەکێکە لەو نەبەردی و داستانە گەورە و گرنگ و مێژووییانەی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە شێرە کوڕانی یەکێتیی نەخشەڕێی کاروانی خەباتی شاخیان کردە ھەوێنی بەدیھێنانی حکومەتی خۆماڵی، بە خوێن نەخشێنراو، کە بەرھەمی خۆبەختکردن و قوربانیدان و سەروەرییەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە،
لە سەنگەرەکانی پێشی پێشەوەی بەرگری ئەوێ رۆژێی داستانی کۆڕێ، ھێزی پێشمەرگە لە دوو ھێڵی جیادا روو بە رووی دوژمن بوونەوە، ھێڵی یەکەم لە رۆژھەڵاتی دەربەندی کۆڕێ و زنجیرە چیاکانی (شاخی سپی و شاخی زێوکە) بوون کە شەھید حەسەن کوێستانی راستەوخۆ لە ھێڵی روو بە رووبوونەوە سەرپەرشتی دەکرد، ھێڵی دووەمیش لە رۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ و چیای( کانی گردە چاڵ) بوو ، فەرماندەو پێشمەرگە ئازا و دلێر و بەورەکانی( ی.ن.ک ) لە ھەردوو قۆڵەکەدا چۆکیان بە دووژمن داداو ھێرشە ترسنۆکەکانی ھێزەکانی رژێمی رەفتار فاشستی بەعسی دکتاتۆریان، تێکشکاند.
داستانی گەورەی کۆڕێ وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەو نەوعیی بوو لە دیرۆکی خەبات و شۆڕشی گەلی کوردستان، کە ھێز و بازووی پۆڵایین و بیرو باوەڕی بەرزی نیشتمانپەروەری و ھەستی نەتەوەیی، پێشمەرگەکانی یەکێتیی ، بوون بە سمبولی خۆڕاگری و فریادرەسی خەڵک و خاکی کوردستان ، قوربانیدانی رۆڵەکانی یەکێتیی بووە ھەوێنی سەرکەوتن و بە دیھێنانی رزگاری و ئازادی خاک و ووڵات و میللەتەکەمان .
ئەو سەرکەوتنە گەورەو کەم وێنەیەش بە خوێنی گەش و ئاڵی (١١) پێشمەرگەی قارەمان و بریندار بوونی (٣٧)رۆڵەی گیانفیدای کوردستان تۆمار کرا،کە لە نێویاندا (٩) لەو شەھیدانە پێشمەرگەکانی یەکێتیی بوون، بەرگریی و خۆڕاگریی و قوربانیدانی ئەو رۆژە، ئومێدی بۆ خەڵکی ستەمدیدەی کوردپەروەری ئاوارەبووی رەوە ملیۆنییەکەی کوردستان گێڕایەوەو وەک ھەمیشە یەکێتیی بە ئیرادەو پشت ئەستوور بە جەماوەرو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، مەحاڵی کردۆتە واقیع و ئیرادەی گەلی سەرخستووە.
گەلی تێکۆشەری کوردستان
جوامێرە بەشداربووەکانی داستانی کۆڕێ
سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە نەبەزیوەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان
ئەوەی ئێستا بۆتە جێی تێڕامان و ھەڵوەستەی ئێمە و ئێوەی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری رێگای ئازادی و سەرفرازی کوردستان ، ھەوڵی دزینی مێژووی داستانی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە لێرەو لەوێ گوێ بیستی دەبین، بە تۆماری ساختەو بە ھونەری بەرزی میدیای پارەدارکراوی لایەنێک کە بە حوکمی تاکڕەوی و پاوانخوازی خۆی سەپاندوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەیانەوێت رای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێ چەواشە بکەن، بۆیە ھەوای دەست بەسەرداگرتن و شێواندنی مێژووی شانازییەکانی کاروانی پڕ لە خەباتی ئەوکاتی نەبەردی و داستانەکانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ رێگا پێدراو و قبوڵکراو نییە ھیچ ھێزو لایەنێک بیدزێ و بیکاتە دەسکەوتی خۆی ، زۆر روون و ئاشکرایە، ئەو پارتە لە راپەڕین و داستانی کۆڕێ شەھید و برینداری نەبوو، رۆڵ و کاریگەرییان لەو شەڕو داستانەدا نەبوو، بۆیە ناتوانن لە رێگای پارەی دزراوی (گەل) و میدیا و تەکنەلۆژیای چەواشەکاریی و بە بێ بوونی بەڵگە و دیکۆمێنتی راستەقینەی سەلمێنراو بە ھەواو ھەوەسی چەند کەسێکی دۆڕاو، مێژووی خاوەندارێتی داستان و نەبەردیی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی، بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن، گێڕانەوەی یاداشتی مێژوویی داستانەکەی کۆڕێ بە قەڵەمی شەھیدی سەرکردە (حەسەن کوێستانی) و شەھیدە بە ناحەق کوژراوەکانمان و بریندارەکانی یەکێتیی لە داستانی کۆڕێ، کە لە گۆڤاری سەرھەڵدانی ئەوێ رۆژێ و وتارو چاوپێکەوتنەکانیان بڵاوکراوەتەوە سەلمێنەری خاوەندارێتی بە خوێن نووسراوی نەبەردی و قوربانیدان و تۆماری مێژووە پڕ لە شانازی و سەربەرزەکەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لە یادو بیرەوەری (٣١) ساڵەی داستانی کۆڕێدا، ھەزاران سڵاو بۆ رۆح و گیانی پاکی شەھیدە سەربەرزەکانی گەل و نیشتمان دەنێرین…
سڵاو لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان و بەشداربووانی داستانی گەورەی کۆڕێ…
ھەر شەکاوەبێ ئاڵا سەوزە بە خوێن نەخشێنراوەکەی شەھیدان…
مـــەڵـبــەنـــــدی ٦ ســــۆران
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
١١/ ٤ / ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت تۆمەتبارەکان پێکھاتوون لە دوو پیاو و دوو ژن و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر چەندین پارچە کەلوپەلدا کە بۆ فاڵگرتنەوەو نوشتەکردن بەکاریان دەھێنا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا ھاتووە "لەدرێژەی ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کە فێڵ لە ھاوڵاتیان دەکەن لەرێی نوشتەو جادوو فاڵگرتنەوەوە، توانرا لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەراوە چوار تۆمەتباری تر دەستگیربکرێن."
ھەر بە وتەی پۆلیسی سلێمانی، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم جارە ژمارەیەک کەس لەسەر ھەمان کەیس دەستگیر دەکرێن، دەشڵێت تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە پۆلیسی سلێمانی ھەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کە فێڵ لە ھاوڵاتیان دەکەن لەرێی نوشتەو جادوو فاڵگرتنەوەوە
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "تائێستا و لەم ھەڵمەتە فراوانەی پۆلیسی سلێمانیدا کە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت ١٣ تۆمەتبار دەستگیرکراون ."