پۆلیسی سلێمانی: ٤ کەس بە تۆمەتی فاڵگرتنەوەو نوشتەو جادوو دەستگیر کران
کوردسات نیوز
١٠ی نیسانی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت تۆمەتبارەکان پێکھاتوون لە دوو پیاو و دوو ژن و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر چەندین پارچە کەلوپەلدا کە بۆ فاڵگرتنەوەو نوشتەکردن بەکاریان دەھێنا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا ھاتووە "لەدرێژەی ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کە فێڵ لە ھاوڵاتیان دەکەن لەرێی نوشتەو جادوو فاڵگرتنەوەوە، توانرا لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەراوە چوار تۆمەتباری تر دەستگیربکرێن."
ھەر بە وتەی پۆلیسی سلێمانی، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم جارە ژمارەیەک کەس لەسەر ھەمان کەیس دەستگیر دەکرێن، دەشڵێت تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە پۆلیسی سلێمانی ھەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کە فێڵ لە ھاوڵاتیان دەکەن لەرێی نوشتەو جادوو فاڵگرتنەوەوە
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "تائێستا و لەم ھەڵمەتە فراوانەی پۆلیسی سلێمانیدا کە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت ١٣ تۆمەتبار دەستگیرکراون ."