دابینکردنی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ستانداردی جیھانی تێدەپەڕێنێت
کوردسات نیوز
١٠ی نیسانی ٢٠٢٢
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خاوێن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەردەوامی پرۆژەکانی ئاو نۆژەن دەکاتەوە و پرۆژەی نوێش جێبەجێ دەکات، بەھۆیەوە سێکتەری ئاو خەرجییەکی زۆر لەسەر حکوومەت دەکەوێت، چونکە دابینکردنی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ستانداردی جیھانی تێپەڕاندووە و بۆ ھەر ھاووڵاتییەک بڕی ئاوی زیاتر دابین دەکرێت.
ئاشکراشیکرد، بەپێی ستانداردی جیھانی بۆ ھەر کەسێک نزیکەی ٢٥٠ لیتر ئاو پێویستە، کەچی لە ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو بڕە ئاوەی بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان دابین دەکرێت ھەر کەسێک ٣٠٠ تا ٣٥٠ لیتر ئاوی پێدەگات، ئەمەیش دەبێتە ھۆی خەرجییەکی زۆر لەسەر حکوومەت و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە ھاوڵاتیان دەکات لە بەکارھێنانی ئاودا زێدەڕۆیی نەکەن و بەپێی پێویستیی خۆیان بەکاری بھێنن، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کوردستان مەترسیی وشکەساڵی و کێشەی گرفتی ئاوی خواردنەوەی بۆ دروست نەبێت.