ئیرەج مەسجدی: دەبێت ھەرێمی کوردستان نیگەرانییەکانی ئێران بەھەند وەربگرێت
کوردسات نیوز
١١ی نیسانی ٢٠٢٢
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە دیدارێکی تایبەتی کوردسات نیوزدا، کە سبەی سێ شەممە سەعات ٧:٠٠ی شەو پەخشدەکرێت، دەڵێت، ھەرێمی کوردستان بە باشترین دۆست و دراوسێی خۆمانی دادەنێین و سنورێکی فراوانمان لەگەڵیدا ھەیە و ئەو سنوورەش شوێنی بازرگانی و ھاریکاری و ھاتووچۆی بەردەوام بووە و لە نێوانماندا، بەڵام سەبارەت بەھێرشە مووشەکییەکان راستیەک ھەیە دەبێت بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بیزانن و رەوشی ئەمنی و نیگەرانیەکانی کۆماری ئیسلانی ئێران بەھەند وەربگرن و نابێت ھەرێم ببێتە بنکەیەک بۆ نانەوەی ئاژاوەی و لەقکردنی ئاسایشی ناوخۆی ئێران.
رایگەیاند، پێویستە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانییە ئەمنیەکانی ئێران بە راستی وەربگرن، ئەگەر ئەو بابەتەیان بە جدی وەربگرتبایە و کۆتاییان بە نیگەرانیەکانمان بھێنایە و چارەسەریان بکردایە، ھیچ ھۆیەک نەدەما وا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات ھەڕەشەی سەربازی بکات، بەڵام ئەگەر ئەم بابەتە بەجدی وەرنەگیرێت و کۆتایی بەو نیگەرانییە ئەمنیانە نەھێنرێت بە دڵنیاییەوە ئێران وەڵامێکی توند و بەھێزی دەبێت.
باڵیۆزەکەی ئێران لە عێراق دەشڵیت، "ھەرگیز نامانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ھیچ کێشەیەک ببێتەوە و ئەو رووداوە کار لە پەیوەندییەکانی نێوانمان بکات و داواکارم لە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جیدی وەربگرن و چارەسەری بکەن، چونکە نامانەوێت ئەو ڕووداوی مووشەک ھاویشتنە و ئەو جۆرە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ببینینەوە".
لەبارەی ئەوەی ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ھەولێر پەیوەندی بە دۆسێی گازی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئیرەج مەسجدی راشیگەیاند، ئەو بابەتە ھەرگیز پەیوەندی بە دۆسێی گازەوە نییە و بابەتی نەوت و گاز و ووزە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و بەرپرسانی عێراق خۆیان بڕیاری لە بارەوە دەدەن، ھیچ پەیوەندیەک لە نێوان ئەو دوو بابەتەدا نیە.