مەڵبەندی (٦)ی یەکێتی لە سۆران: داستانی کۆڕێ بەرھەمی خۆبەختکردن و قوربانیدانی یەکێتیە
کوردسات نیوز
١٠ی نیسانی ٢٠٢٢
مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتی دەشڵێت، لایەنێک ھەوڵی دزینی مێژووی داستانی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات لە ڕێگەی میدیاکان و دەیەوێت ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێ چەواشە بکەن.
ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەی مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتیدا ھاتووە " ھەوای دەست بەسەرداگرتن و شێواندنی مێژووی شانازییەکانی کاروانی پڕ لە خەباتی ئەوکاتی نەبەردی و داستانەکانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ رێگا پێدراو و قبوڵکراو نییە ھیچ ھێزو لایەنێک بیدزێ و بیکاتە دەسکەوتی خۆی."
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
بەبۆنەی یادی ٣١ ساڵەی داستانی کۆڕێ
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
سی و یەک ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە رۆژی (١١ / ٤/ ١٩٩١) ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوییەکانی سوپای دڕندەی بەعسی رووخاو, لە بەرزاییەکانی دەربەندی کۆڕێ، بە داڕشتنی بەرنامەو پلانی سەربازی تۆکمەو سەرکەوتوو کە بە سەرکردایەتی ھەڤاڵ (کۆسرەت رسول علی ) و بە لێپرسراویەتی راستەوخۆی شەھیدی سەرکردە (حەسەن کوێستانی )و بە قارەمانییەتی و گیانفیدایی فەرماندەو پێشمەرگەکانی ئەوێ رۆژێی سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان،لە شەڕێکی دەستەو یەخەی بێ وێنەدا شکستیان بە سوپای دیکتاتۆری بەعس ھێناو داستانی گەورەی کۆڕێیان تۆمارکرد.
داستانی کۆڕێ یەکێکە لەو نەبەردی و داستانە گەورە و گرنگ و مێژووییانەی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە شێرە کوڕانی یەکێتیی نەخشەڕێی کاروانی خەباتی شاخیان کردە ھەوێنی بەدیھێنانی حکومەتی خۆماڵی، بە خوێن نەخشێنراو، کە بەرھەمی خۆبەختکردن و قوربانیدان و سەروەرییەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە،
لە سەنگەرەکانی پێشی پێشەوەی بەرگری ئەوێ رۆژێی داستانی کۆڕێ، ھێزی پێشمەرگە لە دوو ھێڵی جیادا روو بە رووی دوژمن بوونەوە، ھێڵی یەکەم لە رۆژھەڵاتی دەربەندی کۆڕێ و زنجیرە چیاکانی (شاخی سپی و شاخی زێوکە) بوون کە شەھید حەسەن کوێستانی راستەوخۆ لە ھێڵی روو بە رووبوونەوە سەرپەرشتی دەکرد، ھێڵی دووەمیش لە رۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ و چیای( کانی گردە چاڵ) بوو ، فەرماندەو پێشمەرگە ئازا و دلێر و بەورەکانی( ی.ن.ک ) لە ھەردوو قۆڵەکەدا چۆکیان بە دووژمن داداو ھێرشە ترسنۆکەکانی ھێزەکانی رژێمی رەفتار فاشستی بەعسی دکتاتۆریان، تێکشکاند.
داستانی گەورەی کۆڕێ وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەو نەوعیی بوو لە دیرۆکی خەبات و شۆڕشی گەلی کوردستان، کە ھێز و بازووی پۆڵایین و بیرو باوەڕی بەرزی نیشتمانپەروەری و ھەستی نەتەوەیی، پێشمەرگەکانی یەکێتیی ، بوون بە سمبولی خۆڕاگری و فریادرەسی خەڵک و خاکی کوردستان ، قوربانیدانی رۆڵەکانی یەکێتیی بووە ھەوێنی سەرکەوتن و بە دیھێنانی رزگاری و ئازادی خاک و ووڵات و میللەتەکەمان .
ئەو سەرکەوتنە گەورەو کەم وێنەیەش بە خوێنی گەش و ئاڵی (١١) پێشمەرگەی قارەمان و بریندار بوونی (٣٧)رۆڵەی گیانفیدای کوردستان تۆمار کرا،کە لە نێویاندا (٩) لەو شەھیدانە پێشمەرگەکانی یەکێتیی بوون، بەرگریی و خۆڕاگریی و قوربانیدانی ئەو رۆژە، ئومێدی بۆ خەڵکی ستەمدیدەی کوردپەروەری ئاوارەبووی رەوە ملیۆنییەکەی کوردستان گێڕایەوەو وەک ھەمیشە یەکێتیی بە ئیرادەو پشت ئەستوور بە جەماوەرو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، مەحاڵی کردۆتە واقیع و ئیرادەی گەلی سەرخستووە.
گەلی تێکۆشەری کوردستان
جوامێرە بەشداربووەکانی داستانی کۆڕێ
سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە نەبەزیوەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان
ئەوەی ئێستا بۆتە جێی تێڕامان و ھەڵوەستەی ئێمە و ئێوەی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری رێگای ئازادی و سەرفرازی کوردستان ، ھەوڵی دزینی مێژووی داستانی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە لێرەو لەوێ گوێ بیستی دەبین، بە تۆماری ساختەو بە ھونەری بەرزی میدیای پارەدارکراوی لایەنێک کە بە حوکمی تاکڕەوی و پاوانخوازی خۆی سەپاندوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەیانەوێت رای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێ چەواشە بکەن، بۆیە ھەوای دەست بەسەرداگرتن و شێواندنی مێژووی شانازییەکانی کاروانی پڕ لە خەباتی ئەوکاتی نەبەردی و داستانەکانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ رێگا پێدراو و قبوڵکراو نییە ھیچ ھێزو لایەنێک بیدزێ و بیکاتە دەسکەوتی خۆی ، زۆر روون و ئاشکرایە، ئەو پارتە لە راپەڕین و داستانی کۆڕێ شەھید و برینداری نەبوو، رۆڵ و کاریگەرییان لەو شەڕو داستانەدا نەبوو، بۆیە ناتوانن لە رێگای پارەی دزراوی (گەل) و میدیا و تەکنەلۆژیای چەواشەکاریی و بە بێ بوونی بەڵگە و دیکۆمێنتی راستەقینەی سەلمێنراو بە ھەواو ھەوەسی چەند کەسێکی دۆڕاو، مێژووی خاوەندارێتی داستان و نەبەردیی کۆڕێ و سەروەرییەکانی یەکێتیی، بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن، گێڕانەوەی یاداشتی مێژوویی داستانەکەی کۆڕێ بە قەڵەمی شەھیدی سەرکردە (حەسەن کوێستانی) و شەھیدە بە ناحەق کوژراوەکانمان و بریندارەکانی یەکێتیی لە داستانی کۆڕێ، کە لە گۆڤاری سەرھەڵدانی ئەوێ رۆژێ و وتارو چاوپێکەوتنەکانیان بڵاوکراوەتەوە سەلمێنەری خاوەندارێتی بە خوێن نووسراوی نەبەردی و قوربانیدان و تۆماری مێژووە پڕ لە شانازی و سەربەرزەکەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لە یادو بیرەوەری (٣١) ساڵەی داستانی کۆڕێدا، ھەزاران سڵاو بۆ رۆح و گیانی پاکی شەھیدە سەربەرزەکانی گەل و نیشتمان دەنێرین…
سڵاو لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان و بەشداربووانی داستانی گەورەی کۆڕێ…
ھەر شەکاوەبێ ئاڵا سەوزە بە خوێن نەخشێنراوەکەی شەھیدان…
مـــەڵـبــەنـــــدی ٦ ســــۆران
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
١١/ ٤ / ٢٠٢٢