دەقی روونکردنەوەکە:

لە سایتی ئاوێنە بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبوان (مام جەلال و کاک نەوشیروان) کە گوایە دەستیان ھەبووە لە تیرۆر کردنی (شەھید قاسملو) و ھاوڕێکانی دا.

بەر لە ھەموو شت، پێم ناخۆشبوو لە سایتی ئاوێنە کە خاوەنی ڕێزو جێگەی متمانەی خەلکە، ئەو ھەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە. بابەتەکە سەرلەبەری ناڕاستە و بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم ڕونکردنەوەی لەسەر بدەم.

لە دڵمەوە خەفەتبارم کە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، ھەتا بەرگری لە خۆیان بکەن و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کە وەک شایەتحالێک و وەک ئەوەی ئاگاداری ڕوداوەکەم، لەڕێی ئەم ڕونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو ھەواڵە ناڕاست و ھەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو.

مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە ھاوڕێی زۆر نزیکی شەھید دکتۆر قاسملو بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بە توانا و زیرەکی و لێھاتوویی دکتۆر قاسملو کە دکتۆرای لە زانستی ئابوریدا ھەبوو، بەڵام شارەزایی لە زۆربەی بوارەکاندا ھەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و ھونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی ١٩٨٥ لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستملەکارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملوی ڕاسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دا، کە ھێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لە حزبی دیموکرات، مامۆستا عبداللەی حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی ئێران بوو ھات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و ھێزی لێکردین، خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبوینەوە. 

ڕاستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە ھێز کۆبکەینەوە و بەندە وەکو بەرپرسی ھێزەکانی یەکێتی چووم بۆ ھاوکاری حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بە ھێزێکی ٢ ھەزار کەسی بەشداری شەڕەکانمان کرد. ئەو بەڕێزانەی کە لە ناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە ژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو ڕوداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توند بوون، مام جەلال ھاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەھید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد.

سەبارەت بەشەھیدکردنی (دکتۆر قاسملۆ) لە ساڵی ١٩٨٩ دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە (کاک نەوشیروان) لە دەرەوەی وڵات بوو؛ ھیچ ئاگای لە گفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو. (کاک نەوشیروان) ئەو کات لە فەرەنسا بوو. (شەھید قاسملۆ) لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لە ڕێگەی (دکتۆر کەنداڵ)ەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دوربوو لە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.

 (بەرێز مام جەلال) لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حیزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لە ڤێنای پایتەختی نەمسا لە ماڵی (کاک خەبات کەریم مەعروف) دەستی پێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) ڕاسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بە دەمانچەوە بۆ پاراستنی (دکتۆر قاسملو). 

کاتێک (مام جالال) گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمە ڕەش بووین لەسەر سنوری عێراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێرایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن. 

دوای ئەوە، (مام جالال) لە رێگەی ئێرانەوە بە نیازی سەفەربوو بۆ دەرەوەی وڵات. (مام جەلال) پێش ڕۆشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ (د.قاسملو) نوسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوو، بۆی نوسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووھەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوە و نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لەکوێ دەست پێبکاتەوە. بۆ (دکتۆر قاسملۆ)ی نوسیبو، کات و شوێنی کۆبونەوەکە بە بروسکە بۆ (ملازم عومەر) دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێئاگاداردەکاتەوە.

نوسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیھازی ڕاکاڵی لێبو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، (مام جەلال) بروسکەی بۆ کردم، نوسیبووی کەوا ئێرانیەکان (بە تایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتویانە ھەرکات بە تەواوی گەیشتینە ڕێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەردا ئیتر اگلاعات و ھیچ لایەنێک ناتوانن لە د‌ژی بوەستنەوە.

پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلالیان وتبوو کە ھەندێک کادری یەکێتی لە شاری سەردەشت بڵاویان کردۆتەوە کە وا حیزبی دیموکراتی ئێران بە نێوەند گیری (ی.ن.ک) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕێک دەکەون؛ اگلاعات پێیان زانیوە و کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا ھیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دوھەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بە من گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملو بنوسە کە ئێرانیەکان بە ڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دوورخەنەوە. من ھەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بە نامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملو) نارد.

دوایی دەرکەوت ئێرانیەکان بە (د.قاسملو)یان ڕاگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بە یەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە ھەردوولامان ئێرانین و پێویستمان بە نێوەندگیری نەماوە. پێشبینیەکەی مام جەلال ڕاست دەرچوو کە وا ئێرانیەکان ویستویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دوورخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملو) جێبەجێبکەن.

دەرکەوت جەولەی دووھەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداری مام جەلال و یەکێتی، لە ماڵی (شەھید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملو، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتیشیان شەھید کردو و چونە ڕیزی شەھیدانی کورد و کوردستانەوە. بەداخەوە شەھیدبونی دکتۆر قاسملو گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتی دا لەو سەردەمەدا.

پاش شەھیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی ھەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسیەتی بۆ ئێمە کردوە کە ئەو پارانەی لە بانک ھەیەتی، ھی خۆی نیە، ھی حزبی دیموکراتە و دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزی دیموکرات کردبوو.

تێبینی: چەندین نامەی دەستخەتی سەردەمی پێشمەرگایەتیم لای خۆم پاراستووە. لێرەدا ھەندێکی کە پەیوەندیدارە بە پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و دیموکرات، بەتایبەتی ھاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دا بڵاودەکەمەوە.

نامەی ١ بۆ ٤ (دکتۆر قاسملو-سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران). 

نامەی ٥ بۆ ٨ (دکتۆر سادقی شەرەفکەندی جێگری دکتۆر قاسملو بوو، پاش شەھیدبوونی دکتۆر قاسملو، دکتۆر سادق بوو بە سکرتێر ھەتا ساڵی ١٩٩٢ کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا شەھید کرا. دکتۆر سادق ناوە حزبیەکەی سەعید بوو، دکتۆرای لە فەڕەنسا خوێندبوو لە کیمیادا، برای ھەژاری شاعیر بوو).

نامەی ٩ بۆ ١٤ (سەرکردەکانی تری حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران).

نامەی ١٥ بۆ ٢٦ (نامەکانی مام جەلال لە بارەی ھاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات).

درود بۆ گیانی پاکی شەھید قاسملو و شەرەفکەندی و سەرجەم شەھیدانی کوردستان

عومەر عبدللە محمد (ناسراو بە ملازم عومەر)