وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا روونکردنەوە لەبارەی وتەیەکی وەزیری رۆشنبیری دەدات
کوردسات نیوز
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٢
دەقی روونکردنەوەکە...
لە وتەیەکی بەڕێز وەزیری رۆشنبیری باس لە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە کە لە ساڵی ۲٠۱۷ سەبارەت بە ھەردو وانەی کوردی و عەرەبی بە سوکایەتی کردن بە زمانی کوردی ناوی بردوە .
ئەم وتەیە چەندین ھەڵەو نا تێگەیشتنی تێدایە لەکاتێکدا بڕیارێکی زانستی و ئەکادیمییە کە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەریکردوە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ھەموو لایەک بخەمەڕوو:
یەکەم/ لە کابینەی پێشوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەندین بڕیاری بۆ پێشخستن و زیاتر ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی داوە، لەوانە دانانی پرۆگرامی خوێندنی کوردی بۆ ئەو خوێندکارو قوتابیانەی کورد نین، بۆ ئەمەش لەڕێگەی پرۆگرامێکەوە ئاشنای زمان و ئەدەبی کوردی کراون لە زانکۆکانی کوردستان.
دووەم/ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی، پڕۆژەکە بریتی بوو لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی.
سێیەم/ بەمەبەستی پشتیگیریکردنی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و ئایندەی خوێندکارە کوردەکانی ئەو ناوچانە، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی خوێندنگە کوردییەکان لەو ناوچانە بەھەمان پێوەرو مەرجی خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراون.
چوارەم/ بەھیچ شێوەیەک زمانی کوردی لە بڕیارەکە لانەدراوە، بەڵکو دەرچوانی لقی زانستی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانی (کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست) ڕێگەیان پێدراوە کە بتوانن تەنھا نمرەی وانە پەیوەندیدارەکانی (فیزیا، کیمیا، بیرکاری، زیندەوەرزانی، زمانی ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان بە کوردی و عەرەبیەوە دەرچوبێت.
پێنجەم/ لە خوێندنگە ئەھلی و ناحکومییەکان و قوتابخانە ئینگلیزییەکان و ئەوانەی لە دەرەوە دێنەوە ھەرێمی کوردستان، دەیان ساڵە ئەم بڕیارە ھەیەو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تەنھا کە ئەم ئیمتیازە بۆ خوێندنگە حکومییەکان و خوێندکارە ھەژارەکان جێبەجێ کرا، کراوە بە کێشە !!؟؟
شەشەم/ وەک لە ڕاپرسییەکان دەرکەوت، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان پاڵپشتی بڕیارەکە بوونە، ھەروەک چۆن ئەم جۆرە خوێندنە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان بۆ خوێندنی زاستی باوە.
لە کۆتاییدا ھیوادارم بۆ گەشەپێدان و پێشوەچونی زمانی کوردی، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی جدی لە ئاستی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان و خوێندنگەو قوتابخانە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بدەنەوە، ھەروەھا ھەوڵی بەستانداردکردن و یەکخستنی ئەم زمانە بدرێت وەک بەھێزترین خەسڵەتی ناسامەی نەتەوەییمان.
د یوسف گۆران
وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی